www.zkurd.org
ئه‌ندامه‌تی پرۆژه‌كان مه‌کۆ تاقیكاری IT فه‌رهه‌نگی ماڵه‌وه
  zanistperweran



پۆستی ئه‌له‌كترۆنی
(ته‌نها بۆ ئه‌ندامانه‌)
ناو
تێپه‌ڕه‌وشه‌
له‌ لایه‌ن diyako ه‌وه‌، ‌ ڕێكه‌وتی ٢٠٠٣/٧/١٠    



گه‌ردوون

خۆر ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره و مه‌زنه. به‌ ده‌وری خۆر ٩ هه‌ساره (planet) ده‌سووڕێنه‌وه. به‌ ده‌ور هه‌ر كام له‌م هه‌سارانه یه‌ك یان چه‌ندین مانگ ده‌سووڕێنه‌وه‌.
ئه‌مانه سه‌رجه‌م پێیان ده‌وترێ "كۆمه‌ڵه‌ی خۆری" (Solar System).

(كۆمه‌ڵه‌ی خۆری)


"كۆمه‌ڵه‌ی خۆری" به‌شێكی زۆر زۆر زۆر بچووكه له كۆمه‌ڵێ ئه‌ستێره‌ی تر كه پێیان ده‌وترێ "كاكێشان" یان "گه‌له‌ستێره" (Galaxy).
له بۆشایی (space)دا "گه‌له‌ستێره" زۆر هه‌یه. وا ده‌خه‌مڵێنرێ كه پتر له ١٧٠ میلیارد "گه‌له‌ستێره" لە "بۆشاییی بینراو"دا هه‌بێ.
ئه‌و "گه‌له‌ستێره"یه‌ی كه "كۆمه‌ڵه‌ی خۆری"ی تێدایه ناوی "ڕێگای شیری"(Milky Way) یه.
واته "كۆمه‌ڵه‌ی خۆری" به‌شێك له گه‌له‌ستێره‌یه‌كه به ناوی "ڕێگای شیری".
زاراوه‌ی "ڕێگای شیری" له بنه‌ڕه‌تدا له یۆنانیی كۆن وه‌رگیراوه. یۆنانییه‌‌كانی سه‌رده‌می دێرین له شه‌ودا ترووسكه هێڵێكی شیریڕه‌نگیان له‌ باشووری ئاسماندا به‌دی كرد و پێیان وا بوو كه له لایه‌ن (هێرا) خواژنی یۆنانییه‌كان له‌وێ به‌دی هاتبوو. پێیان وا بوو كاتێ (‌هێرا) خه‌ریك بوو شیری به (هركوولHeracles ) ده‌دا تۆزێ شیری مه‌مكی ڕژابووه سه‌ر ئاسمان و ئه‌مه "ڕێگای شیری"ی به‌دی هێنابوو.
زۆر وڵات هه‌ر ئێستاكه‌ش ئه‌و زاراوه وه‌رده‌گێڕنه سه‌ر زمانه‌كه‌یان و به‌كاری ده‌به‌ن، به‌ڵام هه‌ندێ وڵاتیش زاراوه‌ی تایبه‌تمه‌ندی خۆیانیان بۆی هه‌یه، وه‌كوو وڵاتی سوید.

"ڕێگای شیری" پێك هاتووه له پتر له 100 میلیارد ئه‌ستێره و تا ڕاده‌یه‌ك شێوه‌كه‌ی وه‌ك بازنه‌یه‌كه كه تیره‌ (diameter)ه‌كه‌ی نزیكه‌ی 100.000 "ساڵی ڕووناكی"یه.
ڕووناكی له چركه‌یه‌كدا 300.000 كیلۆمیتر ڕێگا ده‌بڕێ. ئه‌و ڕێگایه‌ی له یه‌ك ساڵدا ده‌یبڕێ پێی ده‌وترێ "ساڵێكی ڕووناكی".
واته بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی له‌م په‌ڕی "ڕێگای شیری" بچیته ئه‌و په‌ڕی، ده‌بێ به خێراییی ڕووناكی100.000 ساڵ ڕێ ببڕی. (تۆ بڵێی خه‌یاڵیش بتوانێ ئه‌و ڕێگه‌یه ببڕێ؟).

(گه‌له‌ستێره‌یه‌ك)

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێمه خۆمان له ناو گه‌له‌ستێره‌ی "ڕێگای شیری"داین، ناكرێ له دووره‌وه وێنه‌یه‌كی ئه‌م "گه‌له‌ستێره‌"یه‌مان هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌و وێنه‌یه‌ كه له سه‌ره‌وه ده‌یبینن وێنه‌ی یه‌كێك له نزیكترین گه‌له‌ستێره‌كانی دراوسێمانه به ناوی (Andromeda) و زۆر شێوه‌كه‌ی له "ڕێگای شیری" ده‌چێ و ده‌كرێ له ڕووی ئه‌وه‌وه تا ڕاده‌یه‌ك دیاری بكرێ كه ئێمه له كوێی "ڕێگای شیری"داین.
ئه‌و گه‌له‌ستێره‌یه زۆر له ئێمه دوور نییه ته‌نها 2.3 میلیۆن "ساڵی ڕووناكی" له ئێمه‌وه دووره.

وه‌ك وتمان لەو بەشەی لە "بۆشایی"دا کە پێی دەوترێ "بۆشاییی بینراو" پتر له ١٧٠ میلیارد "گه‌له‌ستێره" (كاكێشان) هه‌یه، ئه‌مانه سه‌رجه‌م "گه‌ردوون" (Universe) پێك دەهێنن.

chapi bike


مافی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ گرووپی زانستپه‌روه‌رانی كورد، بۆ زانیاریی زۆرتر تكایه‌ كرته‌ی ئێره‌ ‌بكه‌
©٢٠٠٣-٢٠١٠