www.zkurd.org
ئه‌ندامه‌تی پرۆژه‌كان مه‌کۆ تاقیكاری IT فه‌رهه‌نگی ماڵه‌وه
  zanistperweran



پۆستی ئه‌له‌كترۆنی
(ته‌نها بۆ ئه‌ندامانه‌)
ناو
تێپه‌ڕه‌وشه‌
له‌ لایه‌ن Muhammad ه‌وه‌، ‌ ڕێكه‌وتی ٢٠١٣/١٢/١    
ناوەڕۆكی ئەم وتارە
zkurdپێشەکی
zkurdهەڵگری ئەرشیڤی بۆ ماوەی تا یەک میلیارد ساڵ
zkurdهەڵگرێکی بینایی زانیاری
zkurdتاقیکردنەوەی تەمەن لەژێر پلەی گەرمیی بەرزدا
zkurdسەرچاوە
zkurdفەرهەنگۆکی ئەم وەرگێڕانە

پێشەکی
هەزاران ساڵە مرۆڤایەتی زانیاریی هەڵگرتووە. لە هەڵکۆڵین لەسەر بەردی مەڕمەڕ تا زانیاریی هەڵگرتنی موگناتیسیی ئەم سەردەمە. هەرچەندە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ئەو توانایەی بۆ هەڵگرتنی زانیاری هەیە زۆر زیادی کردووە بەڵام هێشتا قورسە بۆ ماوەیەکی درێژ ئەم کارە ئەنجام بدرێت. کلیلی هەڵگرتنێکی سەرکەوتوانەی زانیاری بریتییە لە دەستەبەرکردنی وننەبوونی زانیارییەکان. ئەگەر بمانەوێت زانیاری بەشێوەیەک هەڵبگرین کە ماوەی مانەوەی لە مرۆڤایەتی خۆی درێژتر بێت ئەوا پێداویستییەکان جیاواز دەبن لەو هۆکارانەی بۆ هەڵگرتنی زانیاریی ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین. (جێرۆن دی ڤریس) کە لیکۆڵەرێکە لە زانکۆی (توێنتێ مێسا پلەس، دەزگای تەکنەلۆژیای نانۆ) ئەوە دەخاتە ڕوو کە دەکرێت زانیاری بۆ ماوەی ئێجگار زۆر درێژ هەڵبگیرێت. لە ڕێکەوتی ١٧ی تشرینی یەکەمدا پلەی دکتۆرای پێ بەخشرا.
بزوێنەرە خەپلە ڕەقەکانی ئەم سەردەمە توانای هەڵگرتنی بڕێکی فراوان زانیارییان هەیە بەڵام نزیکەی دە ساڵێک تەمەنیانە لە پلەی گەرمی ئاساییی ژووردا، چونکە بەرگرە وزە موگناتیسییەکەی نزمە، جا دوای ماوەیەک زانیارییەکان لەدەست دەچن. ماوەی ژیانی سیدی و دیڤیدی و کاغەز و شریت و قوڕ و تاتەی گڵین و بەرد سنووردارە. ئەگەر ویستی هەڵگرتنێکی درێژتری زانیاری هەبێت ئەوا پێویست بە گەڕان دەکات بەدوای جێگرەوەدا.

هەڵگری ئەرشیڤی بۆ ماوەی تا یەک میلیارد ساڵ
بەپێی وتەی دی ڤریسی لێکۆڵەر؛ دەتوانین چەند سیناریۆیەک بهێنینە بەرچاومان کە بۆچی دەخوازین زانیاری بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵبگرین. "یه‌کێک له‌ سیناریۆکان ئەوەیە کارەساتێک زەویی کاول کردووە و کۆمەڵگە دەبێت جیهان بونیاد بنێتەوە. دەکرێت سیناریۆیەکی دیکە ئەوە بێت ئێمە جۆرێک لە میرات بۆ ژیانی زیرەکی داهاتوو بەجێ بهێڵین کە لەدوای خۆمان لەسەر زەوی سەر هەڵبدات یان لە جیهانەکانی دیکەوە بێت. جا لەم حاڵەتەدا پێویستە بیر لە هەڵگرتنێکی ئەرشیڤی بکەیتەوە بۆ ماوەی لەنێوان میلیۆن تا میلیارد ساڵێک."

هەڵگرێکی بینایی زانیاری
(دی ڤریس) هەڵگرێکی بینایی زانیاریی دروست کردووە کە دەتوانێت بۆ کاتێکی ئێجگار درێژ زانیاری هەڵبگرێت. هەر تۆزقاڵێک زانیاری بە بەکارهێنانی تەکنیکی کڕاندن نووسراوەتەوە. ئه‌و هەڵگره‌ی هەڵبژێردراوه‌ بریتییە لە پلێتێک کە لە (تەنگەستن) پێک هاتووە و لە (نیتریدی سلیکۆن) هەڵکێشراوە. بۆیە (تەنگستن) هەڵبژێردراوە چونکە بەرگەی گەرمیی بەرز دەگرێت. کۆدێکی خێراخوێندنەوە لە (تەنگستن)ەکەدا هەڵکەندراوە (بروانە وێنەکە) و بە (نیترید)ەکە پارێزراوە. هەر (پیکسڵ)ێک لە کۆدی خ.خ دانەیەکی بچووکتر لە کۆدی خ.خ لەخۆ دەگرێت کە ئەویش زانیاریی جیاواز هەڵدەگرێت.
(دی ڤریس) دەڵێت: "واده‌رده‌که‌وێت دەتوانین هەر چی بە شایانی هەڵگرتنی بزانین لەسەر خەپلەکە بیپارێزین؛ بۆ نموونە، وێنەیەکی ژمارەییی (مۆنا لیزا). لە لێکۆڵینەوەکەدا وێنەیەکی ژمارەیی بەشێکی لێکۆڵینەوەکەمان وەکوو نموونە بەکار هێنا."




تاقیکردنەوەی تەمەن لەژێر پلەی گەرمیی بەرزدا
بۆ دەستەبەرکردنی جێگیرێتیی زانیاری، وزەدابڕ پێویستە بۆ جیاکردنەوەی زانیاری لە شتی نازانیاری. جا بۆ سەلماندنی ئەوەی زانیارییەکان لەپاش میلیۆنان ساڵ هێشتا بەکەڵک دێن ئەوا تاقیکردنەوەی تەمەن شتێکی پێویستە تا بزانرێت کە وزەدابڕەکە ڕێگە لە ونبوونی زانیاری دەگرێت. (دی ڤریس): "بەپێی ڕێبازەکاری (ئەرینیەس)* بێت دەبێت ناوەندەکە بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوی ١ میلیارد ساڵ کار بکات و بەکەڵک بێت، ئەمەش ئەگەر هەتا پلەی گەرمی ٢٠٠س گەرم بکرێت بۆ ماوەی یەک کاژمێر لە فڕندا." لەپاش تاقیکردنەوەکە هیچ خراپبوونێک لە (تەنگستن)ەکەدا نەبینراوە. لەکاتی پلەی گەرمیی بەرزدا شت ئاڵۆز دەبێت. کاتێک بۆ ٤٤٠س گەرم دەکرێت گۆڕینی کۆدەکانی (خ.خ) زۆر زیاتر قورس دەبێت تەنانەت ئەگەر (تەنگستن)ەکەش کارتێکراو نەبێت. (دی ڤریس) دەڵێت: "لێکۆڵینەوەی دوای ئەمە بۆ ئەوە دەبێت بزانین ئایا زانیاریهەڵگرەکەش دەتوانێت بەرگەی پلەی گەرمیی بەرز بگرێت، بۆ نموونە لە کاتی ماڵسووتاندا. بەڵام ئەگەر بتوانین شوێنێک بدۆزینەوە کە زۆر جێگیر بێت، وەکوو دامەزراوەی گه‌نجینه‌ی ناوەکی، ئەو کات خەپلەکە خۆی و زانیارییەکانی ناویشی دەتوانێت بەرگەی میلیۆنان ساڵ بگرێت."



www.zkurd.org



a) وێنەی وردی تیشکیی ئەلەکترۆنی نموونەی تاقیکردنەوە پێش هەڵکۆڵین.
b) وێنەی وردی تیشکیی ئەلەکترۆنی نموونەکە پاش هەڵکۆڵین و هەبوونی هێڵەکانی w
c) وێنەی وردی تیشکیی ئەلەکترۆنی بەشی هێڵی هەڵکێشراوی نموونەکە.
d) وێنەی وردی تیشکیی ئەلەکترۆنی نموونەکە پاش ١ کاژێر لەژێر نزیکەی ١٨٤ س.



www.zkurd.org


سەرچاوە
سەرچاوە: سای تێک دەیلی
دەتوانن لەم بەستەرەوە تەواوی لێکۆڵینەوەکە دابگرن.

*ئەرینیەس کیماگەر و فیزیازانێکی سویدییە. ١٨٥٩-١٩٢٧ (وەرگێڕ)

فەرهەنگۆکی ئەم وەرگێڕانە
(خەپلە disc): شتێکی بازنەییی تەخت و تا ڕادەیەکیش تەنک.
(بینایی optical): واته‌ به‌هۆی روناکییه‌وه‌.
بزوێنه‌ری خەپلەرەق: پارچه‌یه‌کی کۆمپیوته‌ره‌ که‌ خه‌پله‌یه‌کی موگناتیسی یاخود بینایی له‌خۆده‌گرێت و ده‌یسووڕێنێته‌وه‌ و زانیاریی له‌سه‌ر ده‌خوێنێته‌وه‌ یاخود تۆمارده‌کات. هەروەها (وەگەڕخەری دیسکی ڕەق Hard Disc Drive)یشی پێ دەڵێن.
وزه‌دابڕ: Energy Barrier
(رێبازه‌کار model): واته‌ شێواز و ڕێبازێک که‌ بۆ ئه‌نجامدانی کارێک دابنرێت. هەروەها (مودێل، نموونە)شی پێ دەوترێت.
ژماره‌یی Digital

وەرگێرانی: محمد فاتح غریب

chapi bike

پێداچوونه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی ڕێنووس، له‌سه‌ر بنه‌مای (ڕێنووسی یه‌كگرتووی زمانی كوردی): دیاكۆ.‌


مافی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ گرووپی زانستپه‌روه‌رانی كورد، بۆ زانیاریی زۆرتر تكایه‌ كرته‌ی ئێره‌ ‌بكه‌
©٢٠٠٣-٢٠١٠