به‌شی 1: پێشه‌کی: تا ئێسته سایتێک به زمانی کوردی له‌سه‌ر (PHP) نه‌نووسراوه و خوێنه‌ری کورد له‌و بواره بێبه‌شه. "زانستپه‌روه‌رانی کورد" بڕیاری دا به دانانی فێرگه‌یه‌کی کوردی، پڕۆژه‌یه‌کی تر پێشکه‌ش به خوێنده‌وارانی کورد بکات. کێ ده‌توانێ فێری بێت؟ ئه‌م فێرگه‌یه ڕوو ده‌کاته ئه‌وانه‌ی که به کۆده‌کانی (HTML) شاره‌زای "چێ‌کردنی ماڵپه‌ڕ"ن. ئه‌وانه‌ی كه داواكارییان له ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان زیاتره و ده‌یانه‌وێ ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان زیاتر به‌جووڵه و زیندوو بێت. ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێ هه‌نگاوی نوێتر هه‌ڵنێن بۆ ئاستێكی سه‌رووتر له كۆده‌كانی (HTML). هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی که شاره‌زایییان له خێزانی C وه‌کوو (C) و (++C) و (#C) و (perl) و (Java) و هتد هه‌یه، به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌وانه بزانی. ته‌نیا مه‌رجی سه‌ره‌کی زانینی (HTML)ه. (PHP) چی ده‌کات؟ به به‌کارهێنانی (PHP) ده‌توانی ماڵپه‌ڕه‌که‌ت (بزۆز dynamic) بکه‌یت، واته کاتێ به‌کارهێنه‌ری جۆربه‌جۆر له کاتی جۆربه‌جۆردا ماڵپه‌ڕه‌که‌ت داده‌گرن (چاو لێ ده‌که‌ن) ده‌ره‌نجامی جۆربه‌جۆر ده‌ر ده‌که‌وێ. ساکارترین نموونه‌ی ماڵپه‌ڕی (بزۆز dynamic)، ماڵپه‌ڕێکه به کاتژمێرێکه‌وه که کاتی ئه‌و ساته پیشان ده‌دات که سه‌یری ده‌که‌ی. وه‌ها ماڵپه‌ڕێک ته‌نیا به کۆدی (HTML) دروست نابێ. ئه‌گه‌ر به کۆدی (HTML) بنووسی کاتژمێر (13.48)ه، ئه‌وه ته‌نها یه‌ک جار له شه‌ووڕۆژێکدا ڕاسته و له کاته‌کانی تردا ڕاست ده‌رناچێ، به‌ڵام له (PHP)دا هه‌موو ده‌م ڕاست ده‌ر ده‌چێ. یان ماڵپه‌ڕێ که سه‌کۆیه‌کی پرسیار و وه‌ڵامی له‌سه‌ره و، میوان ده‌توانێ ڕاسته‌وخۆ پرسیاره‌کانی بنووسێ و له چاوترووکانێکدا نووسینه‌کانی خۆی له‌سه‌ر په‌ڕه‌که ببینێ. (PHP) زمانێکی سکریپته که به یارمه‌تیی ده‌توانی به‌سانایی، (وێبپه‌ڕ webpage)ه ئاستبه‌رزه (بزۆز dynamic)ه‌کانت لێک بئاڵێنی و (به‌رنامه aplication)ه‌کانت به (بنکه‌ی دراوه database)ه‌کانت که بۆ وێنه له‌نێو (Microsoft Access)دا نووسیوته ته‌واوتر بکه‌ی. بۆ ئافراندنی ئه‌و چه‌شنه (وێبگه website) پێشکه‌وتووانه، جاران پێویست بوو زانیاریت له (CGI) و زمانی پرۆگرامکردنی وه‌ک (perl) و (++C)دا هه‌بێ و دیاره ئه‌وه‌ش کاری پسپۆڕان بوو. (PHP) ڕێگه‌یه‌کی پڕههورازی بۆ تازه‌کاران ته‌خت و هامار کردووه و هه‌ر نوێکارێ که ته‌نیا شاره‌زای کۆده‌کانی (HTML) بێت ده‌توانێ فێری (PHP) ببێت. ده‌بێ جارێكی تر دووپاتی که‌ینه‌وه و بڵێین ئه‌گه‌ر زانیاریت له‌سه‌ر کۆده‌کانی (HTML) نییه واز له‌م فێرگه‌یه بێنه و بچۆ له پێشدا فێری (HTML) ببه و پاشان بگه‌ڕێره‌وه بۆ ئه‌م فێرگه‌یه. بۆ فێربوونی (PHP) چی پێویسته؟ جگه له زانیاری له‌سه‌ر کۆده‌کانی (HTML) و توانای به‌کارهێنانی کۆمپیۆته‌ر ئه‌مانه‌ی خواره‌وه پێوێستن:
خه‌متان نه‌بێ له وانه‌کانی داهاتوودا هه‌مووی ئه‌وانه شی ده‌که‌ینه‌وه. (PHP) له کوێوه هاتووه؟ له ساڵی 1994دا کابرایه‌ک به ناوی (Rasmus Lerdorf) ده‌یویست هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه جۆربه‌جۆرانه‌ی که له وێبپهڕێکدا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، بکات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته کۆمه‌ڵێ سکریپتی کۆ کرده‌وه و ناوی نا (Personl Home Page tools). له‌ڕاستیدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌کاری هێنا تا ژماره‌ی سه‌ردانکه‌رانی وێبگه‌که‌ی بزانێت. دوایی له ساڵی 1997دا وه‌شانی 2ی (PHP) بڵاو کرایه‌وه، به‌ڵام دواتر له ساڵی 1998دا وه‌شانی 3شی بڵاو کرایه‌وه که له‌وێدا گۆڕانکاریی باش کرابوو. له‌م وه‌شانه‌دا دوو که‌سی تر به ناوه‌کانی (Zeev Suraski) و (Andi Gutmans) شوێنده‌ستیان دیار بوو و وه‌رگێڕ (parser)ێکی نوێیان بۆ ئه‌و وه‌شانه نووسی. هه‌ر ئه‌وانیش بوون که تێ گه‌یشتن (PHP) پێویست ده‌کات سه‌ر له نوێ ڕۆ بنرێته‌وه و بووه هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی وه‌شانی 4. دواتر وه‌شانی دواتریش بڵاو بووه‌وه. وه‌ک وتمان (PHP) له بنه‌ڕه‌تدا کورته‌ی (Personl Home Page tools) بووه به‌ڵام ئه‌وڕۆکه له بری (PHP Hypertext Preprocessor) ده‌ناسرێ و داهێنه‌ره‌که‌شی ناوی (Rasmus Lerdorf) بوو. بێگومان ئه‌و کاته که ئه‌و (PHP)ی دا نا قه‌ت بیری نه‌ده‌کرده‌وه که ڕۆژێ له ڕۆژان (PHP) هێنده به‌ناوبانگ و گشتگیر ده‌بێت. هۆی ئه‌م به‌ناوبانگی و گشتگیرییهش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه که خێرایه، نه‌گۆڕه و هه‌روه‌ها فێربوونیشی ئاسانه. بێگومان نابێ له‌بیرمان بچێ که پێویستیی هه‌بوونی ماڵپه‌ڕی بزۆز ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر ده‌بێت. (PHP) چۆن کار ده‌کات؟ هه‌ر ماڵپه‌ڕێ که تۆ سه‌ردانی ده‌که‌ی بۆ خۆی له‌سه‌ر (ڕاژه‌کار server)ێک دانراوه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ماڵپه‌ڕه ببینی له پێشدا (وێبگه‌ڕ web browser)ه‌که‌ت ده‌که‌یته‌وه و ناونیشانی ماڵپه‌ڕه‌که ده‌نووسی، یان ڕه‌نگه به‌سته‌ره‌که‌ت هه‌بێ و ته‌نیا کرته‌یه‌ک ده‌که‌یته سه‌ری، ئه‌و په‌یامه ده‌چێ بۆ (ڕاژه‌کار server)ه‌که و پێێ ده‌وترێ ئه‌و په‌ڕه‌یه‌مان پیشان بده. ئه‌ویش خێرا له ناو (په‌ڕگه file)کانی سیسته‌مه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێ و په‌ڕه‌که‌ت بۆ ده‌دۆزێته‌وه و وه‌ڵامه‌که ده‌داته‌وه به (وێبگه‌ڕ web browser)ه‌که‌ت. تۆش خێرا په‌ڕه‌که‌ت بۆ ده‌بینرێ. ئه‌گه‌ر سه‌یری کۆدی په‌ڕه‌که‌ش بکه‌ی بێگومان کۆده‌که‌ی به شێوه‌ی کۆدی (HTML) ده‌بینی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ردانی په‌ڕه‌یه‌ک بکه‌ی که به کۆدی (PHP) نووسراوه، (ڕاژه‌کار server)ه‌که هه‌ر ئه‌و کاره‌ی پێشووت بۆ ده‌کات، به‌ڵام کۆدی (PHP)ه‌که‌ت بۆ نانێرێ، به‌ڵکوو لای خۆی ده‌یگۆڕێته سه‌ر کۆدی (HTML) و ته‌نیا به شێوه‌ی کۆده‌کانی (HTML) ده‌یبینی. واته هیچ کاتێ ناتوانی کۆده‌کانی (PHP)ی په‌ڕه‌یه‌ک ببینی، به‌ڵکوو به شێوه‌ی کۆدی (HTML) ده‌یبینی.
|