بزرۆكه‌ (i)

هه‌ندێ وشه‌ی كوردی هه‌ن كه‌ له‌ ڕواڵه‌تدا بزوێنیان تێدا نابینرێ وه‌كوو: (بردن، من، ژن، چل، مردن، بزن، خستن)، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ده‌نگی بزوێنیان تێدایه‌. ئه‌و بزوێنه‌ له‌ ئه‌لفبێی كوردیی لاتینیدا به‌ پیتی (i) دیاری كراوه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌لفبێی عه‌ره‌بیدا هیچ پیتێكی بۆ دانه‌نراوه‌، دیار نییه‌ و بزر بووه‌، بۆیه‌ ناوی نراوه‌: (بزرۆكه‌). نموونه‌:

(بردن birdin)، (من min)، (ژن jin)، (چل çil)، (مردن mirdin)، (بزن bizin) و (خستن xistin).

وشه‌ی "مشك" له‌ ناوچه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی كوردستاندا به‌ دوو شێوازی (mişk) و (mişik) بێژه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ ئه‌لفبێی عه‌ره‌بیدا هه‌ر به‌ یه‌ك شێواز ده‌نووسرێت: "مشك".

كه‌وا بێت (٨)ه‌مین ده‌نگی بزوێنی كوردی به‌ ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی نانووسرێت و، "بزرۆكه‌"یه‌. (i).