(ی)ی پێوه‌ندی (ی)ی پێوه‌ندی ئه‌و ده‌نگی (ی)یه‌یه كه ده‌كه‌وێته نێوان دوو ناو، یان ناوێك و ئاوه‌ڵناوێكه‌وه: مامۆستای قوتابخانه. كچی شۆخ. كێشه‌كه له‌وه‌دایه كاتێ وشه‌یه‌ك خۆی به (ی) كۆتاییی بێت، وه‌كوو: (كوردی، ئیسلامی، كرماشانی، سنه‌یی، كۆیه‌یی)، هه‌ندێ كه‌س ئیتر (ی)ی پێوه‌ندییه‌كه‌یان له‌بیر ده‌چێ بینووسن، كه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. بۆ نموونه له‌باتیی "یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان" ده‌بێ بنووسرێت: "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان". ده‌بێ وردبین بین و نه‌هێڵین (ی)ی پێوه‌ندی بقرتێنرێت، له‌م نموونانه‌ی خواره‌وه‌دا (ی)ی پێوه‌ندی ڕه‌چاو كراون: داری سه‌وز، قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییی كچان، كۆماری ئیسلامیی ئێران، كرماشانیی دڵسۆز، په‌پووله‌ی خۆشه‌ویستیی من، كۆیه‌ییی هونه‌رمه‌ند، كاكه‌ییی كوردپه‌روه‌ر، زاراوه‌ی هه‌ورامیی كۆن. |