ئه‌لبێرت ئاینشتاین بناسە

ئه‌لبێرت ئاینشتاین

 

ناوه‌ڕۆكی ئه‌م وتاره‌
پێشه‌کی
له‌ قوتابخانه
ئاینشتاین و مۆسیقا
بۆمبی ئه‌تۆمی
سه‌رچاوه‌کان:

 

www.zkurd.org

پێشه‌کی
فیزیك یان فیزیا (physics) یه‌كێکه‌ له‌و زانستانه‌ی که‌ کۆمه‌ڵێ زانای گه‌وره‌ و به‌ناوبانگی تیادا هه‌ڵکه‌وتووه‌ و ده‌ستی باڵایان له‌م زانسته‌دا هه‌بووه‌. یه‌کێک له‌و زانایانه‌ی ڕۆڵێکی زۆر به‌رچاوی هه‌بوو له‌ زانستی ناوبراودا (ئاینشتاین) بوو. جگه‌ له‌ زانستی ناوبراودا، له ‌زۆر بواره‌کانی تری زانستدا ده‌ستی باڵای هه‌بوو. گرینگترین بیردۆزه‌کانی زانستی فیزیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ئاینشتاین و ئاینشتاین خۆی. وه‌ک بیردۆزی به‌شی (یاسای یه‌کسانیی وزه‌ و بارستایی) و هتد.

بچووکترین شت که‌ ئاینشتاین وه‌‌ بیری بێته‌وه، ئه‌وه‌ بوو كه‌‌ باوک و باپیرانی له‌ شاره‌ بچووکه‌کانی ئه‌ڵمانیا ده‌ژیان.
هه‌موویان له‌ ئاستێکی مامناوه‌ندیدا بوون، هیچ کامێکیان وا به‌هره‌دار نه‌بوون و بیریان به‌م شێوه‌یه‌ی ئه‌لبێرت تیژ نه‌بوو که‌ خه‌ڵک هه‌ستیان پێ بکات.
ئاینشتاین له‌م باره‌یه‌وه‌ خۆی ده‌ڵێت (ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ ئه‌وان تیای ده‌ژیان زۆر ناخۆش و قورس بووه‌‌ و هیچ ده‌رگایه‌کیان بۆ نه‌کراوه‌ته‌وه‌ بۆ دیاربوون و ده‌رچوون) ئه‌مه‌ش بارودۆخی هه‌موو جووله‌که‌یه‌ک بوو له‌و کاته‌دا.

ئه‌لبێرت له‌ (١٤)ی مارسی ساڵی (١٨٧٩)ی زایینی له‌ شاری (ئۆڵم) که‌ شارێکی بچووکی ئه‌ڵمانیایه‌ له‌دایک بووه‌. واش ڕێک که‌وتووه‌ که‌ دایک و باوکی جووله‌که‌ بن.

www.zkurd.org

دوای له‌دایکبوونی، به‌ ساڵێک بنه‌ماڵه‌که‌یان گواسترایه‌وه‌ بۆ شاری (میونیخ). دوای ساڵێکی تر خوشکێکی بوو به‌ ناوی (فکانا).
هارمان ئاینشتاین (باوکی ئه‌لبێرت ئاینشتاین)، خاوه‌نی كارگه‌یه‌كی کاره‌بایی بوو. هه‌روه‌ها خۆی و براکه‌ی که‌ له‌گه‌ڵی ده‌ژیا، پێکه‌وه‌ چاودێریان له‌ كارگه‌كه‌ ده‌کرد.
دایکی ئه‌لبێرت (پولین کوخ) یه‌کێک بوو له‌ ئه‌ویندارانی مۆسیقا.

له‌ قوتابخانه
له‌ قوتابخانه،‌ ئه‌لبێرت، ته‌نها قوتابییه‌ک بوو که‌ جووله‌که‌ بێت، له‌ نێوان هه‌موو قوتابیه‌کانی تر که‌ کاتۆلیک بوون.
ئه‌لبێرت زیاتر حه‌زی له‌ زانسته‌ سروشتییه‌کان بوو، دوای ته‌واوکردنی خوێندنی، مامۆستا بوو له‌ زانکۆیه‌کی ئه‌ڵمانیا، پێش ئه‌وه‌ی کۆچ بکات بۆ ئه‌مریکا و له‌ ده‌ست نازییه‌کان ڕزگاری بێت، له‌ ساڵی (١٩٣٣)ی زایینی.

ئاینشتاین و مۆسیقا
ئیسرائیلییه‌کان داوایان لێی کرد ببێته‌ یه‌که‌م سه‌رۆکی ئیسرائیل به‌ڵام به‌ “نا” وه‌ڵامی دانه‌وه‌.
ئاینشتاین به‌ جۆرێکی وا مۆسیقای خۆش ده‌ویست کاتێک مه‌سه‌له‌یه‌کی قورسی هاتبا پێشێ مۆسیقای ده‌ژه‌نی و گوێی لێ ده‌گرت.
هه‌رده‌م ده‌یوت: “مۆسیقا بیرکارییه‌ بۆ مێشک.”

بۆمبی ئه‌تۆمی
له‌ ساڵی (١٩٠٧)ی زایینی (یاسای یه‌کسانیی وزه ‌و بارستاییی – قانون معادلة الطاقة و الکتلة)ی دۆزییه‌وه‌. یاساکه‌ ده‌ڵێت: (وزه‌ = بارستایی * دووجای خێراییی ڕووناکی).
به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ ده‌توانرێت چه‌ندیه‌تیی وزه‌ی جیاکراوی ناو گه‌ردیله‌ی یۆرانیۆم بدۆزرێته‌وه‌ به‌ زانینی بارستاییه‌که‌ی.
وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه‌ش بۆمبی گه‌ردیله‌یی و هه‌روه‌ها بۆمبی ئه‌تۆمی دروست کران.
ئه‌لبێرت خاوه‌نی هه‌ردوو (بیردۆزی به‌شی تایبه‌تی – النظریة النسبیة الخاصة) که‌ بڵاو کرایه‌وه‌ له‌ ساڵی (١٩٠٥)، هه‌روه‌ها (بیردۆزی به‌شی گشتی – النظریة النسبیة العامة)، ئه‌میشیان له ساڵی (١٩١٥)دا بڵاو کرایه‌وه‌، که‌ هه‌ردووکیان له‌ به‌رزترین ئاستی ئاڵۆزیدان.

ئاینشتاین بیردۆزی له‌ زۆر بواره‌کانی بیرکاری و فیزیک و فه‌له‌ک و هه‌روه‌ها زۆر بیروبۆچوونی کۆ کردۆته‌وه‌ له‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ کات و شوێن و ڕووناکی و هێزی کێشکردن.
یه‌کێک له‌ دۆزه‌ره‌وه‌کانی دیارده‌ی کاره‌بایی، ئه‌ویش دیارده‌ی (چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی یان ده‌رپه‌ڕینی ئه‌لیکترۆنه‌کان له‌سه‌ر ڕووی کانزا‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی به‌رکه‌وتنی تیشکێک که‌ له‌ره‌یه‌کی گونجاوی هه‌بێت له‌گه‌ڵی). وه‌ سه‌لماندی که‌ تیشک له‌و کاته‌دا وه‌ک (ته‌ن – جسیمات -Particle) هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات.

ئاینشتاین لێکۆلینه‌وه‌ی زۆری هه‌یه‌، گرینگترینیان (مانای ڕێژه‌یی)یه‌‌ بڵاوکراوه‌ی ساڵی (١٩٢٣)یه‌، وه‌ په‌رتووکی (نباة الکون) ئه‌میشیان هی ساڵی (١٩٣٢)ه‌.

ئه‌م که‌ڵه‌پیاوه‌ له‌ ساڵی (١٩٥٥)، له‌ شاری برینکون، له‌ ولایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکادا كۆچی دواییی كرد و به‌و كۆچه‌ش، چرایه‌کی تر و ئه‌ستێره‌یه‌کی تر له‌ ئاسمانی تاریک و شه‌وه‌زه‌نگ کوژایه‌وه ‌و تا دنیاش مابێ جێگاکه‌ی خاڵی ده‌مێنێته‌وه‌.

www.zkurd.org

 

دواترین وێنه‌ی ئاینشتاین (١٩٥٤)

سه‌رچاوه‌کان:
١. انیشتین و النظریة النسبیة. الدکتور محمد عبدالرحمن مرحبا
٢. http://www.th.physik.uni-frankfurt.de
٣. http://www-groups.dcs.st-and.ac.uk

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *