به‌کار هێنانی (If ،Then ،Else) له‌ (ASP)دا

پێشەکی
له‌م به‌شه‌دا باسی به‌کارهێنانی (If ،Then ،Else) ده‌كه‌ین له‌ (ئه‌ی ئێس پی ASP). ئه‌م جاره‌شیان وه‌ك جاره‌كانی پێشتر نموونه‌گه‌لێك ده‌نووسین و پاشان كۆده‌كان ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه‌. له‌ كۆتاییی بابه‌ته‌كه‌دا كورته‌یه‌كیش ده‌رباره‌ی واتای هه‌ندێ هێما ده‌نووسین. چونكه‌ زانینی مانای هه‌ندێ هێما‌ كاریگه‌ریی زۆری ده‌بێ له‌ سه‌ر تێگه‌یشتنی چۆنێتیی كاركردن به‌ (If ،Then ،Else).

به‌کارهێنانی (If ،Then ،Else) له (ASP)دا‌ 
به‌کارهێانیان له‌ (ASP) زۆر گرنگه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌وانه‌یه‌ که‌ تۆ به‌ ڕاژه‌كاره‌كه‌‌ ئه‌ڵێی چی بکات‌، چ فرمانێ ئه‌نجام بدرێ‌. زانینیان زۆر گرنگه‌، فێربوونیشیان زۆر ئاسانه. به‌ڵام پێش هه‌موو شتێک ئه‌و سێ وشه‌یه‌ له‌ زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ وه‌رده‌گێڕین‌ بۆ زمانی کوردی.
(ئه‌گه‌ر If) وه‌ (ئه‌گه‌رنا Else) وه‌ (ئه‌وجار Then).
١- وشه‌ی (If) واته‌ ئه‌گه‌ر.
٢- وشه‌ی (Then) واته‌ ئه‌وجار، به‌و حاڵه، دوایی‌.
٣- وشه‌ی (Else) واته‌ ئه‌گه‌رنا، یان. 

بۆ نیشاندانی چۆنێتیی به‌كارهێنانیان له‌ كاتی كاركردن به‌ ته‌كنۆلۆژیای (ASP) نموونه‌یه‌ك ده‌نووسین. له‌ نموونه‌ی‌ یه‌كه‌مدا هه‌‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ئاسان و ساده‌ به‌كاریان بێنین و ڕوونیان بكه‌ینه‌وه‌.

نموونه‌ی ١


<% If X = 12 Then
فرمانی یه‌كه‌م ئه‌نجام بدرێ!
Else
فرمانی دووه‌م ئه‌نجام بدرێ!
End If %>

له‌ نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌‌دا وا هاتووه:. ئه‌گه‌ر (X) یه‌کسان بوو به‌ ژماره‌ی (12) ئه‌وجار فرمانێ ئه‌نجام بدرێ. وه‌ ئه‌گه‌رنا فرمانێ تر ئه‌نجام بدرێ. لێره‌دا (X) گۆڕاوه‌یه‌ که‌ له‌ به‌شه‌كانی پێشتردا باسمان كرد. له‌ نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هاتووه‌ كه‌ دوو فرمان ئه‌نجام ده‌درێن، فرمانی یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی که (X) یه‌کسان بوو به ‌(12) ئه‌وا فرمانێ‌ ئه‌نجام بدرێ، ئه‌گه‌رنا، واته‌ ئه‌گه‌ر (X) یه‌کسان نه‌بوو به (12)‌ ئه‌و‌ا فرمانێ تر ئه‌نجام بدرێ. لێره‌دا، له‌ نموونه‌ی یه‌كه‌مدا بێگومان فرمانی دووه‌م ئه‌نجام ده‌درێ، چونكه‌ ئێمه‌ نرخی (X)مان نییه‌ كه‌ یه‌كسان بێ به‌ (12).
به‌ڵام بۆ زیاتر تێگه‌یشتنمان با سه‌یری نموونه‌كانی تر بكه‌ین:

نموونه‌ی ٢


<% If X = 12 Then %>
X = 12
<%Else%>
X yeksan nye be 12
<%End If %>

له‌ نموونه‌ی (٢) هاتووه، ئه‌گه‌ر (X) یه‌کسان بوو به (12)‌ ئه‌وه‌ بنووسرێ (X = 12) ئه‌گه‌رنا بنووسرێ (X) یه‌کسان نییه‌ به (12)‌ . لێره‌دا بێگومان ده‌نووسرێ (X) یه‌کسان نییه‌ به (12)‌، چونکه‌ی ئێمه‌ نرخێکمان بۆ (X) دانه‌ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی (X) یه‌کسان بێ به (12)، كه‌ واته‌ له‌ نموونه‌ی دووه‌مدا وه‌ك نموونه‌ی یه‌كه‌م فرمانی دووه‌م ئه‌نجام ده‌درێ. 

به‌ نموونه‌ی سێ درێژه‌ به‌و بابه‌ته‌ ده‌ده‌ین. ئه‌م جاره‌یان پێش ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌كه‌ بنووسین نرخێ بۆ (X) داده‌نێین. بزانین کام فرمان ئه‌نجام ده‌درێ؟ ‌ 

نموونه‌ی ٣


<% X = 12
If X = 12 Then %>
X = 12
<%Else%>
X yeksan nye be 12
<%End If %>

ئه‌م جاره‌یان پێش ئه‌وه‌ی (If) بنووسین، پێش ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌كه‌ بنووسین هه‌ندێ کۆدی دیكه‌مان نووسیوه‌. نرخێکمان بۆ گۆڕاوه‌ی (X) نووسیوه‌، نرخی (X) نووسراوه‌ یه‌کسانه‌ به ژماره‌ (12)‌ . له‌سه‌ر ‌ هه‌مان ده‌ستووری پێشوو کۆده‌که‌مان نووسیوه‌ته‌وه‌. له‌ نموونه‌ی سێدا ئێستا فرمانێ جێبه‌جێ ده‌کرێ، ده‌نووسرێ (X = 12)، كه‌واته‌ فرمانی یه‌كه‌م ئه‌نجام ئه‌درێ. چونکه‌ نرخی (X) یه‌کسان به (12). بێگومان ئه‌م جاره‌یان ئه‌گه‌ر نموونه‌ی (٣) تاقی بکه‌ینه‌وه‌‌ له‌سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ی خۆمان‌ ئه‌وه‌ بۆمان ده‌نووسرێ (X) یه‌کسانه‌ به ‌(12).

هێما (Operators) له ئه‌ی ئێس پی
ئه‌و هێمایانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ ئه‌ی ئێس پی زۆر به‌كار ده‌برێن. هه‌ڵبه‌ت زانینی مانای ئه‌و هێمایانه‌ زۆر سه‌خت نییه‌. له‌وانه‌یه‌ تۆ بێ ئه‌وه‌ی لێره‌ش بیخوێنیته‌وه واتای‌ هه‌موویان بزانی. به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌ هه‌ر ده‌یاننووسین چوونكه‌ گرنگیی خۆیان هه‌یه‌.
١- هێمای (=) واته‌ یه‌کسان.
٢- هێمای(+) واته‌ کۆ.
٣- هێمای (-) لێده‌ركردن.
٤- هێمای (/ ) دابه‌شکردن.
٥- هێمای (*) زه‌ڕب كردن، لێكدان.
٦- هێمای (>) بچووکتره‌ له‌.
٧- هێمای (<) گه‌وره‌تره‌ له‌.
٨- هێمای (=>) بچووکتر یان یه‌ کسانه‌ به‌.
٩- هێمای (< =) گه‌وره‌تره‌ یان یه‌کسانه‌ به‌.
١٠- هێمای (<> ) گه‌وره‌تره‌ یان بچووكتر.
١١- هێمای (&) واته‌ (و and).
١٢- هێمای (or) واته‌ یان.
١٣- هێمای ( ‘ ) بۆ (ڕوونكردنه‌وه‌ comment) به‌كار دێ.

ئه‌وانه‌‌ به‌شێكی زۆرن له‌و هێمایانه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ كاتی كاردن به‌ زانستی ئه‌ی ئێس پی به‌كاریان دێنین.

پوخته‌ی ئه‌م بابه‌ته‌:
به‌هۆی به‌کارهێنانی ( If ،Then ،Else) ده‌توانین به‌ ڕاژه‌كاره‌كه‌ بڵێین چۆن و چی جۆره‌ فرمانێ ئه‌نجام بدرێ‌. له‌ سه‌ره‌تا ئێمه‌ هه‌ر سێ وشه‌كانمان وه‌رگێڕاونه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.
(ئه‌گه‌ر If) وه‌ (ئه‌گه‌رنا Else) وه‌ (ئه‌وجار Then). وه‌ به‌كارهێنانیشیان به‌و جۆره‌ ده‌بێ. ئه‌وه‌ڵجار مه‌رجێ ده‌نووسین پاشان ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كه‌ هاته‌ دی ئه‌وه‌ فرمانی یه‌كه‌م ئه‌نجام بدرێ، ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كه‌ نه‌هاته‌دی ئه‌وه‌ فرمانی دووه‌م ئه‌نجام بدرێ.
زانینی واته‌ی ئه‌و هێمایانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش‌ زۆر باشه‌ له‌ كاتی نووسینی كۆد. ئێمه‌ له‌ نموونه‌كانی سه‌ره‌وه‌دا هه‌ر هێمای (=)مان نووسیوه‌. به‌ڵام تۆ ده‌توانی هێماكانی تر تاقی بكه‌یته‌وه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *