ناوەڕۆكی ئەم وتارە |
پێشەکی |
(ASP.Net) یا (PHP) چین؟ |
PHP |
ASP.Net |
سەرەنجام |
سەرچاوەکان |
کامیان دەست پێ بکەم؟
زۆر کات ئەم پرسیارەم بینیوە لە مەکۆکانی (چاوگ، وێبچن، کوردئایتی گرووپ) دا. بە پێی شارەزایی خۆم لەو ڕووەوە، لە خوارەوە وەڵامێکی کورتم نووسیوە. ئەگەرچی پێموایە کە ئاسانی و شارەزایی دوو کاران لە خودی فێرخوازەوە دێن و دوورن لە تواناکانی (ASP.Net) یا (PHP).
هەمیشە فێرخواز دەبێت ئامانجەکەی لە پێش چاوی بێت، هەیە دەڵێ فێربوونم بۆ نمرە و زانکۆیە و تەنها نمرەی دەرچوونم هەبێت تەواو، هەیە ئارەزووی لەسەرە و خواستێتی هونەر بنوێنێت، هیتریشمان هەن بۆ بازرگانییەتی و کامیان زوو هاتنە دەست و بازاڕی هەبوو ئەوە ئامانجە و بڕایەوە. لەبەرئەوە لە سەرەتاوە ئاراستەیەک هەڵبژێرە.
(ASP.Net) یا (PHP) هەردوکیان دوو زمانن بۆ هۆنینەوەی ماڵپەڕی بزۆک (dynamic). وەلێ هەریەکە و تایبەتمەندی جیای هەیە کە پێکانی خواستی بەکارهێنەران کۆدەکاتەوە. هەردووکیان پێوەرە بنچینەیی و پێوانەییەکانیان بەجێ هێناوە، وەکو پاراستن یان مامەڵە کردن لەگەڵ پرۆتۆکۆلەکانی ئینتەرنێتدا بە نموونە. بوونی فەلسەفەی جیا، سەکۆی کاری جیا، خاوەندارێتی و هەڵسوکەوتی پێکهێنەرەکانیان دەلاقەی جیاکردنەوەیان پێناس دەکات. لە بینایی منەوە هەبوونی کەرەسە و تێچوونی دابینکردنی سەرچاوەکانیان هاوشانی سانایی و فێربوون کارای گرنگن.
کارای خێرایی جێبەجێبوون، مامەڵەکردن لەگەڵ بنکەدراوە، مامەڵەکردن لەگەڵ بیرگە، …هتد بابەتی تەکنیکین کە لەوانەیە ڕێژەییانە تێڕوانینیان بۆ بکرێت و کەمتر پەیوەندی بە پرۆسەی فێربوونەکەوە هەبێ، بەس لێی جیا نابێتەوە.
PHP
PHP لە زمانی C و ڕێزمانەکەیەوە بناغەی گرتووە، ئەمڕۆکە برەوی تەکنیکی وێب وای کردوە کە باڵ بکێشێت بۆ هەموو ئاستەکان، نەک وەکو زمانێک بۆ داڕشتنی ماڵپەڕ و ئاخاوتن لەگەڵ ڕاژەکار بە تەنها.
بە وردی ئەمانە تەماشا بکە:
١. توانا و سیفاتەکانی PHP
http://php.net/manual/en/features.php
٢. ئەرێ PHP دەتوانێ چی بکات؟
http://www.php.net/manual/en/intro-whatcando.php
فێربوونی PHP بە ڕۆژ و دووان نابێت، ئەگەر تەنها ئارەزووتە لە گۆشەیەکەوە فێر بیت، ئەوا کتێب هەیە زمانەکەت فێر دەکات و هەندێک خاڵی گرنگ کە لە (بەستەر link)ی ژمارە ١ دا هاتوون، زانینی گرنگن. بەرنامەی وەکو DreamWeaver و Eclipse و هیتریش زۆرن کە کۆدەکان دەهۆننەوە و تۆش دەتوانیت لێوەیان فێربیت کە چۆن کارەکان دەکرێت.
باشی PHP بۆ فێرخواز لەوەدا دەبینم کە بۆ هەموو سەکۆ و سیستەمێکی کارپێکردن وەشانی هەیە و خۆڕاییە.
ASP.Net
ASP.Net لە (چێوەکاری framework) دۆت نێتدا مەڵاس دراوە، زمانی ئەمڕۆی دۆت نێت (#C و VB.Net) – ئەگەرچی تەکنیکی سەکۆی دۆت نێت وایە کە توانات ئەداتێ هەموو زمانەکانی ناو سەکۆکە بەکار بهێنرێت، واتە (C, C++, Fsharp و تەنانەت WPF و Jsharp یش)، ئەو زمانانەش گەر بتەوێت بۆ وێب کاریان پێ بکەیت هاوشێوەی (PHP) چەندین کتێبخانەی دەرەکی و تەکنیکیان هەیە، فێربوونی ئەم دوو زمانە ئاسانە ئەگەر پێشینەیەکت لە زمانی بەرنامەداڕشتندا هەبێ، بەتایبەتی ئەگەر بەکاربەریی MS VisualStudio بەکاربهێنیت، کە خۆی یارمەتیدەری لەگەڵدایە، بێ نووسینی کۆد و تەنها لە ڕێگەی کرتەی مشکۆکەوە پرۆژەیەکی وێب یا (بەکاربەرییەکت Application) بۆ دروست دەکات. سی شارپ پتر لە زمانی (جاڤاJava) دەچێ، ئەگەر جاڤا بزانیت ئەوا تەنها گونجاندنت دەوێ لە چێوەکاری دۆت نێتدا .Net Framework، خەڵکی ڤیژواڵ بەیسک.نێت بەئاسانتر دەزانن، بەڵام چونکە هەردووکیان لە یەک چێوەکاردا هەڵدەسووڕێن، و کتێبخانەکانیان چوونیەکە، بە ئاسانی لەمەوە باز ئەدەیت بۆ ئەویتر. مایکرۆسۆفت دۆت نێتی زۆر فراوان کردوە، هەموو گۆشەیەکی وێب بەنموونە بە مۆدێلێک داناوە، بەکوردی و بەکورتی ئەگەر بتەوێت وێبسازی بکەیت بە (ASP.Net) ئەوا دەبێت تێگەیشتنت بە تواناکانی .Net یەکەم هەنگاو بێت.
١. ئەم دۆت نێتە چییە dotNet Framework؟
http://msdn.microsoft.com/library/zw4w595w.aspx
وەشانی ٤ چی تیایە؟
http://msdn.microsoft.com/en-us/library/w0x726c2.aspx
٢. لە MSDN فێری سی شارپ ببە:
http://msdn.microsoft.com/en-us/library/a72418yk.aspx
گرفتی ASP.Net ئەوەیە کە لەسەر هەموو وەشانێکی ویندۆز (جۆری home بۆ نموونە) کار ناکات. چونکە ڕاژەکارەکەی (IIS) دانامەزرێت. جگە لەوەی پۆڕتاڵی بۆ سەر سیستەمەکانی تریش نییە ئەگەر هەشبێ خۆڕایی نییە، تەماشای پرۆژەی (مۆنۆ Mono) بکە (دۆت نێت بۆ لینوکس).
بۆ من ئارەزوو لە هەموو شتێک گرنگترە، پاشان بۆ پارە پەیداکردن و بازرگانی دەبێت لە چواردەورت بڕوانیت. بۆ کەسێک لە مشک گرتنەوە دەستی بە مایکرۆسۆفت و ویندۆز ڕاهاتبێت، دەوروبەری هەموو داوای ویندۆزی بکەن و بازاڕی بازرگانی ئەویش گەرم بێت، ئەوا (ASP.NET) هەڵبژێرە. (PHP) سەرچاوەی فێربوونی زۆرترە، و زووش دەخزێیتە بواری کۆدنووسین. لە هەموو بارێکیشدا ئاسانی و شارەزایی دەکەوێتە سەر سەلیقەی خۆت و چۆنێتی فێربوون.
ئەم بابەتە قسە زۆر هەڵدەگرێت، لێرەدا بەخێرایی لێدوانم بۆ کرد، تاقیکردنەکانی خۆت بە پێی کات دەریدەخات کە کامیان بۆ کار و ئارەزووەکانی تۆ شیاوترن.
بەشێوەیەکی گشتی لەسەر (ASP) کۆمەڵێک بابەت نووسراون لە ماڵپەڕی زانستپەروەرانی کورد دا، کە بناغەیەکی باشن بۆ (ASP.Net)یش، تەماشای بابەتەکانی بەڕێز (کاک دڵشاد) بکە.
بۆ (PHP) لە ماڵپەڕی زانستپەروەرانی کورد پرۆژەیەکی تەواو تەرخان کرابوو و ئیستا وەستاوە، دیارە ئیستا هاوڕێیانمان لە چاووگ
لەم ڕووەوە هەنگاوی باشیان ناوە.
١. چاوگ – (http://chawg.org/wiki/PHP)
٢. فێرگەی پهپ لە زکورد (http://zkurd.org/diyako/php)
پێداچوونهوه و ڕاستكردنهوهی ڕێنووس، لهسهر بنهمای (ڕێنووسی یهكگرتووی زمانی كوردی): دیاكۆ.