پێدان و وەرگرتنی یەک نووسە لە زمانی C ـدا

له‌ زمانی C ـدا تاكو بتوانین ته‌نها یه‌ك نووسه بخوێنینه‌وه‌ یان پیشان بده‌ین، نه‌خشه‌ و پۆله‌كرداری تایبه‌ت به‌كارده‌به‌ین كه،‌ كارئاسانی ته‌واومان بۆ ده‌كه‌ن.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی یه‌ك نووسه getchar و بۆ پیشاندانیش putchar به‌كارده‌برێن، ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو نه‌خشه‌یه‌ له‌ په‌ڕگه‌ی stdio.h وه‌ك پۆله‌كردار پێناسكراون :

#define getchar() getc(stdin)
#define putchar(c) putc((c),stdout)

واته ئێمه له ڕاستیدا دوو نه‌خشه‌ی getc و putc بانگ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره كه، نووسه‌یه‌ك ده‌خوێنێته‌وه له یه‌كه‌ی پێدانی ستاندارد stdin یان نووسه‌یه‌ك نیشان ده‌دات له‌ یه‌كه‌ی نیشاندانی ستاندارد stdout .
وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌‌كانیان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت ؛


int getchar(void);
int putchar(int);

ده‌رده‌كه‌وێت كه نه‌خشه‌ی getchar هیچ وه‌رگیراوێك وه‌رناگرێت، ئاكامی نه‌خشه‌كه‌ی به‌شێوه‌ی ژماره‌ی ته‌واو integer ده‌داته‌وه، ئه‌م ژماره‌یه‌ش به‌شێوه‌ی كۆدی ئاسكی ASCII-code ده‌بێت. گه‌ر نه‌خشه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ی، ئه‌وا نرخی EOF وه‌ك ئاكامی كاره‌كه‌ ده‌داته‌وه، واته‌ end of file به‌و واتایه‌ی گه‌یشته‌ كۆتایی و هیچ نرخێكی خوێندراوه نییه.
نه‌خشه‌ی putchar یه‌ك وه‌رگیراوی له جۆری ژماره‌ی ته‌واو integer وه‌رده‌گرێت، ئاكامی نه‌خشه‌كه‌‌ش ژماره‌یه‌كی ته‌واوه، كه‌ ده‌ریده‌خات نه‌خشه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه یان نا، گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بێت ژماره‌ وه‌رگیراوه‌كه‌ ده‌دات، گه‌رنا ئه‌وا نرخی EOF وه‌ك ئاكامی كاره‌ سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌ی ده‌بێت.

نمونه :

له‌م به‌رنامه‌ كورته‌دا ده‌بینین كه گۆڕدراوێك له جۆری ژماره‌ی ته‌واو پێناس كراوه


int nuse;

پاشان، نه‌خشه‌ی getchar به‌كارهێنراوه تاكو نرخێك له ته‌خته‌كلیله‌وه بخوێنرێته‌وه و له‌ گۆڕدراوه‌كه‌دا هه‌ڵبگیرێت.

nuse = getchar();

هه‌نگاوی دوای ئه‌و، نیشاندانی نووسه خوێندراوه‌كه‌یه، به‌ هۆی نه‌خشه‌ی putchar ه‌وه.

putchar(nuse);

گه‌ر وای دانبێین، له‌كاتی جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌كه، له‌ ته‌خته‌كلیله‌وه ژماره 2 خوێندرایه‌وه به‌هۆی كاری getchar‌، ئه‌و ده‌بێت‌ putchar هه‌مان ژماره‌ نیشان بدات. تاكو دیده‌نی ئاكامی نه‌خشه‌ی putchar یش بین ئه‌توانین گۆڕدراوێك پێناس بكه‌ین و ئاكامی كاره‌كه‌ی تیا هه‌ڵبگرین، به‌م شێوه‌یه‌ :

int encam = putchar(nuse);
printf(“encami putchar= %d “,encam);

به‌ به‌كاربردنی نه‌خشه‌ی printf نرخه‌كه‌ش نیشان ده‌ده‌ین.
ده‌كرێت ئه‌م دوو نه‌خشه‌یه‌ له‌ ناو سوڕێكدا به‌كار ببرێن و، به‌ هۆیانه‌وه زنجیره نووسه‌یه‌ك بخوێنرێته‌وه یان نیشان بدرێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *