چین Layer چییه‌؟

هه‌ر به‌شێک یان هه‌ر گۆشه‌یه‌ک له‌ گۆشه‌كانی فۆتۆشۆپ پێویستی به‌ شیكردنه‌وه‌ وانه‌ نووسین له‌سه‌ری هه‌یه‌، تا بۆم بكرێت و كات ڕێگه‌م بدات هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌و به‌شانه‌ گه‌ر به‌ خێراییش بێت شیبكه‌مه‌وه‌.
ئه‌م وانه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چینه‌كان Layers له‌ فۆتۆشۆپ دا.
چین Layer چییه‌؟ بۆ باشرت ڕوونكردنه‌وه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌م دروستكردووه‌ وه‌ک نموونه‌یه‌ک.

وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ دوو چین پێكهاتووه‌، چینی یه‌كه‌م پاشبنه‌ماكه‌یه‌ ( وێنه‌ی گوڵه‌ زه‌رده‌كان )، چینی دووه‌میش نووسینه‌كه‌یه‌ كه‌ نووسراوه‌ ZKURD.ORG.
شیكردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌، ئه‌گه‌ر چاوێک بكه‌ین له‌ وێنه‌ی خواره‌وه‌ زۆرتر بۆمان ڕوونده‌بێته‌وه‌.

وه‌ک له‌وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌دا دیاریم كردووه‌ كه‌ ZKURD.ORG ـه‌كه‌ له‌ نێو چینێكی جیا له‌وه‌ی وێنه‌كه‌ نووسراوه‌.
ئایا چۆن بتوانم چینێکی ویستراو ده‌ستكاری بكه‌م؟ 
كرته‌‌یه‌ک بكه‌ سه‌ر ئه‌و چینه‌ی كه‌ ده‌ته‌وێت ده‌ستكاری بكه‌یت، ئه‌و چینانه‌ هه‌موویان له‌ تابڵۆی چینه‌كاندا كۆده‌بنه‌وه‌و ده‌رده‌كه‌ون، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ دڵنیا بیت چینی ویستراوت هه‌ڵبژاردوه‌ بۆ ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ردا هێنان ده‌توانی سه‌یری وێنه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌یت.

ئه‌گه‌ر تابڵۆی چینه‌كان نابینیت له‌ نێو فۆتۆشۆپه‌كه‌تدا، د‌توانی به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌ریبخه‌یت، له‌ لیسته‌ی Window دا Layers چالاک بكه‌ ( هێمای ڕاست له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ دابنێ ).

چۆن بتوانم چینێكی نوێ دروست بكه‌م؟
لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ چینێكی نوێی خاڵییه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌توانی له‌ هه‌مان تابڵۆی چینه‌كاندا كرته‌یه‌ک بكه‌یته‌ سه‌ر ئیكۆنی چینی نوێ دروستكردن.

یان ده‌توانی له‌ لیسته‌ی Layer دا New ده‌ستنیشان بكه‌یت و پاشان Layer كرته‌ بكه‌یت، كورتكراوه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌ش Shift+Ctrl+N ـه‌.
چۆن ناوی چینێک بگۆڕم؟
ئاسانترین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دووجار كرته‌ بكه‌یته‌ سه‌ر ناوی چینه‌كه‌ له‌ نێو تابڵۆی چینه‌كانداو پاشان ناوێكی دیكه‌ی بۆ بنووسیت.
یان ده‌توانی به‌ ده‌ستی ڕاستی مشكی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت كرته‌یه‌ک بكه‌یته‌ سه‌ر ئه‌و چینه‌ی كه‌ ده‌ته‌وێ ناوه‌كه‌ی بگۆڕێت و پاشان Layer Properties كرته‌ بكه‌یت و له‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی كه‌ ده‌كرێته‌وه‌ له‌ نێو خانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ Name ناوێكی نوێی بۆ بنووسه‌.

ئه‌و چینه‌ی كه‌ بۆ یه‌كه‌ی جار وه‌ک یه‌كه‌م چین له‌ فۆتۆشۆپدا ده‌یكه‌یته‌وه‌ ناوه‌كه‌ی هه‌مووكات Background ـه‌، ده‌توانی وه‌ک دواترین هه‌نگاوی ناوبراوی سه‌ره‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌یت و ناوه‌كه‌ی بگۆڕیت.

چۆن بتوانم چینێک بسڕمه‌وه‌‌؟
ده‌توانی ئه‌و چینه‌ی كه‌ ده‌ته‌وێ بیسڕیته‌وه‌ بكێشیت بۆ سه‌ر ئیكۆنی ( ته‌نه‌كه‌ی زبڵ) ـه‌كه‌ كه‌ له‌ خواره‌وه‌ی تابڵۆی چینه‌كاندایه‌.

یان ده‌توانی چینه‌كه‌ شین بكه‌یت و پاشان له‌ لیسته‌ی Layer دا كرته‌ بكه‌یته‌ سه‌ر Delete و ئه‌و كات Layer كرته‌ بكه‌ چونكه‌ تۆ ده‌ته‌وێت چین بسڕیته‌وه‌، پاشان ده‌بێ داوات لێده‌كات كه‌ ده‌ته‌وێت بیسڕیته‌وه‌ یان نه‌، تۆش ده‌بێ خۆت ئه‌وه‌یان بزانیت 🙂
چۆن شوێنی چینه‌كان بگۆڕم؟
هه‌ندێک جار پێویستمان به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ چینێک له‌ له‌ چینه‌كانمان بگوازینه‌وه‌ بۆ شوێكی دیكه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ی كه‌ ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین‌، مه‌به‌ستم پاش و پێش خستنی چینه‌كانه‌، ده‌توانی به‌ ئیشاره‌كه‌ری مشكی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت چینه‌كه‌ بگریت و پاشان بۆ سه‌ره‌وه‌ یان خواره‌وه‌ بیبه‌یت.

زۆر كه‌سێک هه‌یه‌ كه‌ پرسیار ده‌كه‌ن ئایا ئه‌و نرخانه‌ بۆچی چاكن، كه‌ له‌ تابڵۆی چینه‌‌كاندا هه‌ن !

ئه‌و نرخه‌ نرخی چۆنیه‌تی بینینی چینی دیاریكراوه‌ ( شینكراو )، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر چاوێک بكه‌ین له‌ وێنه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بینین كه‌ نووسینێكی تێدایه‌ نووسراوه‌ ZKURD.ORG به‌ڕه‌نگی سوور، به‌ڵام به‌ باشی نابینرێت یان تۆخ نییه‌ وه‌ک ئه‌و به‌شه‌كانی دیكه‌ی وێنه‌كه‌، لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و نرخه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌رچی ئه‌و نرخه‌ خۆر بێت وێنه‌كه‌ تۆختر ده‌بینرێت و هه‌رچی كه‌متر بێت كاڵتر ده‌بینرێت.

زۆر جارێک هه‌یه‌ كه‌ نووسینێک ده‌نووسین پاش نووسینه‌كه‌ ده‌مانه‌وێ وێنه‌كه‌مان ڕه‌نگ بكه‌ین یان ئاڵۆگۆڕی به‌سه‌ردا بێنین، به‌ڵام له‌وكاته‌دا ناتوانین و هێمایه‌كی وه‌ک ڕێگه‌پێنه‌دراو دێته‌سه‌ر وێنه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌وه‌ ڕزگارت بێت ده‌بێت چینی نووسینه‌كه‌ بگۆڕی بۆ چینیێكی ئاسایی و من ئه‌وه‌ به‌ چاک نازانم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ته‌وێت ده‌توانی به‌ده‌ستی ڕاستی مشكی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت كرته‌یه‌ک بكه‌یته‌ سه‌ر چینی نووسینه‌كه‌و پاشان Rasterize Layer كرته‌ بكه‌یت. ئه‌گه‌ریش تۆ وه‌ک منت پێ باشه‌، من به‌چاكتری ده‌زانم كه‌ چینێكی نوێ بكه‌ینه‌وه‌ چینی نووسینه‌كه‌ وه‌ک خۆی بمێنێت.
كاتێک كه‌ سه‌رقاڵی دروستكردنی وێنه‌یه‌كین ده‌بینین كه‌ هێمای چاوێک له‌ ته‌نیشت هه‌ر چینێكه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌و هێمایه‌ له‌ته‌نیشت چینه‌كه‌وه‌ هه‌بێت واده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و چینه‌ ئاشكرایه‌ بۆ بینین و ئه‌گه‌ر هێمای چاو‌ه‌كه‌ی له‌ته‌نیشت لابه‌ری ئه‌وا ئه‌و چینه‌ش له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ت نامێنێت، ئه‌و تایبه‌تمه‌نیه‌ بۆ كاتێک چاكه‌ كه‌ چینێكت هه‌بێت و نه‌ته‌وێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ستكاری بكه‌یت، ئه‌و كات ده‌توانی به‌ته‌واوی بیشاریته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ چاوه‌كه‌ لابه‌ریت ده‌توانی كرته‌یه‌كی بكه‌یته‌ سه‌ر و نامێنێت.
چۆن بتوانم دوو چین بكه‌م به‌ یه‌كێک؟

وه‌ک له‌وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌ ڕوونه‌ ده‌بێت پێش هه‌موو شتێک یه‌كێک له‌ چینه‌كانمان چالاک بێت و هێمای فرچه‌كه‌ی له‌ ته‌نیشته‌وه‌ بێت، پاشان ده‌ڕۆین بۆ ته‌نیشت ئه‌و چینه‌ی كه‌ ده‌مانه‌وێ له‌ گه‌ڵ چینی چالاکدا بیانكه‌ین به‌ یه‌كێک، كرته‌یه‌ک ده‌كه‌ینه‌ یه‌كه‌مین چوارخانه‌ی لكاو و نزیک له‌ چینه‌كه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و كات هێمایه‌كی گرێدان ده‌ركه‌وێت، وه‌ک له‌وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌ ڕوونكراوه‌ته‌وه‌. پاشان ده‌توانی ده‌ستبنێی به‌سه‌ر هه‌ردوو دووگمه‌ی Ctrl+E یان له‌ لیسته‌ی Layer دا Merge Linked كرته‌ بكه‌یت.
چۆنیه‌تی له‌ڕونووسینه‌وه‌ی چین:
بۆ ئه‌وه‌ی له‌چینێک ڕونووس بكه‌یت ده‌توانی كرته‌یه‌ک به‌ده‌ستی ڕاستی مشكی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت بكه‌یته‌ سه‌ری و پاشان Duplicate Layer كرته‌ بكه‌یت، یان ده‌توانی چینه‌كه‌ بكێشیت بۆ سه‌ر ئیكۆنی چینی نوێ له‌ نێو تابڵۆی چینه‌كاندا.
كۆتایی.
ئاسۆ نادری.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *