(ڕیز Array) له (ASP)دا

پێشه‌كی:
وتاری ئه‌م جاره‌مان ده‌رباره‌ی (ڕیز Array) ده‌بێ له ته‌كنیكی (ASP)دا. كاتی خۆی وتارێك ده‌رباره‌ی (گۆڕاو Variable) له‌ ئه‌ی ئێس پی نووسرا. له‌ وتاره‌كه‌دا باسی گۆڕاو كرا، زانیمان گۆراو چییه‌ و چۆن كار ده‌كا و بۆچی باشه‌. من پێشنیار ده‌كه‌م كه‌ ئه‌و وتاره‌ بخوێندرێته‌وه،‌ پێش ئه‌و وتاره‌ی ئێستا كه‌ ده‌رباره‌ی (ڕیز Array)، له‌ ته‌كنیكی (ASP)ده‌نووسرێ‌.

ئێستاش كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ باسی (ڕیز Array) بكه‌ین، له‌ خواره‌وه‌ كۆمه‌ڵێ نموونه‌ش ده‌نووسین و باسی نموونه‌كانیش ده‌كه‌ین.

(ڕیز Array) چییه‌؟
(ڕیز Array) یه‌ك (گۆڕاو Variable)، كه‌ كۆمه‌ڵێ گۆڕاوی تر له‌ خۆی ده‌گرێ له‌ ژێر یه‌ك ناودا. كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین (ڕیز Array) هه‌مان (ئه‌رك Function)ی هه‌یه‌ كه‌ (گۆڕاو Variable) هه‌یه‌تی‌. لێره‌دا لامان ڕوونه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هات و كۆمه‌ڵێ (گۆڕاو Variable)مان هه‌بوو ئه‌وه‌ ده‌توانین له‌ژێر یه‌ك ناودا كۆیان بكه‌ینه‌وه‌ له‌ یه‌ك (ڕیز Array)دا. بیرمان نه‌چێ ده‌كرێ كۆمه‌ڵه‌ نرخێكی زۆر، له‌ یه‌ك (ڕیز Array)دا دابنرێن.

بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانهه‌وێ زیاتر مێشكی خۆیان به (ڕیز Array)‌ه‌وه‌‌ خه‌ریك بكه‌ن، ئه‌وه‌ ده‌ڵێین (ڕیز Array)ی ، یه‌ك لا، دوو لا، سێ لا… هتد هه‌یه‌ (لا Dimension). به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نها باسی (ڕیز Array)ی یه‌ك (لا Dimension) ده‌كه‌ین.

بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بچینه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌ سه‌ره‌تا پێش هه‌موو شتێ چه‌ند (گۆڕاو Variable) دروست ده‌كه‌ین و پاشان له‌ یه‌ك (ڕیز Array)دا كۆیان ده‌كه‌ینه‌وه.
نموونه‌ی (١):

Dim X,Y,C
X = "Kurdistan"
Y = "Iran"
C = "Isreal"

Response.write("
" & X)
Response.write("
" & Y)
Response.write("
" & C)

نموونه‌ی (١)، نموونه‌یه‌كی ئاسایــیی (گۆڕاو Variable)ه. نموونه‌كه‌ له‌ (٣) گۆڕاوی (X,Y,C) پێك هاتووه‌. ئێستا ئه‌گه‌ر بێت و گۆڕاوه‌كانی نموونه‌ی (١)، كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ نووسیمان، له‌ یه‌ك (ڕیز Array)دا كۆیان بكه‌ینه‌وه‌، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئێمه‌ له‌ جیاتیی ئه‌وه‌ی (٣) گۆڕاو دروست بكه‌ین، ده‌توانین یه‌ك ناو بۆ هه‌موو گۆڕاوه‌كان بنووسین. ئه‌وه‌ك له‌ نموونه‌ی (٢)دا بۆمان ڕوون كراوه‌ته‌وه‌.

نموونه‌ی (٢):

Dim Riz
Riz = Array ("Kurdistan", "Iran", "Isreal")
Response.write Riz (0) & ("

Response.write Riz (1) & ("

Response.write Riz (2) & ("

له‌ نموونه‌ی (٢)دا هه‌ر به‌شه‌ له‌ ڕیزه‌كه، كه (element)یشی پێ ده‌وترێ، (كوردستان، ئێران، ئیسراییل) ژماره‌یه‌كی بۆ دیاری ده‌كرێ، واته‌ ژماره‌ بۆ نرخه‌كان داده‌نرێ. ژماره‌ی (0) بۆ كوردستان، پاشان ژماره‌ی (1) بۆ ئێران و ژماره‌ی (2) بۆ ئیسراییل. ژماره‌كانیش له‌ كاتی نووسینی نرخه‌كاندا به‌كار دێنین.
ئه‌وه‌ڵ نرخ كه‌ ده‌نووسرێ ئه‌وه‌ ژماره‌ی (0)ی بۆ داده‌نرێ و دووه‌م نرخ كه‌ ده‌نووسرێ ژماره‌ی (1)ی بۆ داده‌نرێ و سێیه‌م نرخ كه‌ ده‌نووسرێ ژماره‌ی (2)ی بۆ داده‌نرێ، هتد.
له‌ نێوان نرخه‌كان بیرمان نه‌چێ نیشانه‌ی (,) بۆر (فاریزه)‌ ده‌بێ بنووسرێ.
نموونه‌ی یه‌ك و دوو له‌سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ تاقی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بینین ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر هه‌مان شته‌. واته‌ ئه‌نجامی نموونه‌ی (١) و نموونه‌ی (٢) به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێ، ده‌نووسرێ، كوردستان، ئێران، ئیسراییل.

Kurdistan
Iran
Isreal

كه‌واته‌ ئێستا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی (ڕیز Array) كاراسانی بۆخۆمان ده‌كه‌ین، هاوكات ده‌توانین كۆمه‌ڵێ گۆڕاو له‌ یه‌ك (ڕیز Array)دا بنووسین. ڕاسته‌ ئێمه‌ ده‌توانین كۆمه‌ڵێكی زۆر (گۆڕاو Variable) بنووسین، ئه‌وه‌ی ده‌مانهه‌وێ به‌ هۆی به‌كارهێنانی (گۆڕاو Variable)یش بیكه‌ین، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه،‌ وه‌ك له‌ نموونه‌ی دوودا كه‌ هه‌موو نرخه‌كان له‌ یه‌ك (گۆڕاو Variable)دا كۆ كراونه‌ته‌وه‌ له‌یه‌ك (ڕیز Array)دا، زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ گۆڕاو بنووسین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆر (ئه‌رك Function)ی تایبه‌ت هه‌یه‌ په‌یوه‌ندیدار به (ڕیز Array)، كه‌ له‌ خواره‌وه‌ باسی هه‌ندێ له‌و ئه‌ركانه‌ ده‌كه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ وتاره‌كه‌ بگه‌ین با نموونه‌یه‌كی تریش بنووسین.

نموونه‌ی (٣):

Dim Ziman
Ziman = Array ("Kurdi", "Inglizi")
Response.Write Ziman(0) & ("
") & Ziman(1)

له‌ نموونه‌ی (٣)دا له‌ دێڕی دووه‌م، پێش هه‌موو شتێ، (Dim Ziman) نووسراوه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ گۆڕاو به‌كار دێنین. پاشان له‌ دێڕی داهاتوودا، گۆڕاوی (Ziman)مان دروست كردووه‌، دامان ناوه‌ كه‌ یه‌كسانه‌ به ((كورد، ئینگلیزی)Array)، چه‌ند نرخێك له‌ یه‌ك ڕیزدا نووسراون، واته‌ نرخ بۆ گۆڕاوه‌كه‌ دانراوه,‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له (كوردی، ئینگلیزی). هه‌مان نموونه‌ی (٣) ده‌كرێ به‌و جۆره‌ی خواره‌وه‌ش بنووسرێ:

Dim Ziman(1)
Ziman(0) = "Kurdi"
Ziman(1) = "Inglizi"
Response.Write(Ziman(0)& ("
") & Ziman(1))

ئه‌و كۆده‌ی سه‌ره‌وه‌ش هه‌مان نموونه‌ی ژماره‌ (٣)یه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی تر نووسراوه. ( (1)Ziman)، ئه‌وه‌ش واته‌ ئێمه‌ دوو نرخمان هه‌یه‌، وه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ش دیاره‌ كه‌ ژماره‌ی (0) وه‌ك ژماره‌ی ئه‌وه‌ڵ دیاری كراوه‌. ‌ژماره‌ی (0) بۆ نرخی ئه‌وه‌ڵ و ژماره‌ی (1) بۆ نرخی دووه‌م.

هه‌ندێ [ ئه‌رك Function]ی باش له‌ كاتی كاركردنی به‌ (ڕیز Array).
له‌ خواره‌وه‌ هه‌ندێ (ئه‌رك Function) ده‌نووسین، بۆ هه‌ریه‌كه‌شیان نموونه‌یه‌ك دێنینه‌وه‌:

١- (ئه‌رك Function)ی (Split)، بۆ ئه‌وه‌ی نرخێك به‌سه‌ر چه‌ند (ڕیز Array)دا به‌ش بكرێ. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ باسه‌كه‌ تێ بگه‌ین، ته‌ماشای ئه‌و نموونه‌یه‌ ده‌كه‌ین:

Dim Ziman
Ziman = Split("Zimani Kurdî be pitî aramî û latînîsh denûsrê")
Response.Write(Ziman(4))

ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌و نموونه‌یه له‌ سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ی خۆمان تاقی بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه له‌‌ ئه‌نجامدا وشه‌ی (aramî) ده‌نووسرێ، وه‌ك ده‌بینین وشه‌ی (aramî)، پێنجه‌مین وشه‌ی ڕسته‌كه‌یه‌.

٢- (ئه‌رك Function)ی (Join)، بۆ هه‌ڵبژاردنی نرخ له (ڕیز Array)دا. هه‌مان نموونه‌ی سه‌ره‌ به‌كار دێنینه‌وه‌، هه‌ندێ گۆڕانكاریی تێدا ده‌كه‌ین و له‌ جیاتیی (Split) ئه‌وه (Join) به‌كار دێنین.

Dim Ziman(7)

Ziman(0) = "Zimanî"
Ziman(1) = "kurdî"
Ziman(2) = "be"
Ziman(3) = "pîtî"
Ziman(4) = "latînî"
Ziman(5) = "û"
Ziman(6) = "aramish"
Ziman(7) = "denûsirê"

Response.Write(Join(Ziman))

ئێستا له‌ دوای تاقیكردنه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه هه‌موو نرخه‌كان هه‌ڵده‌بژێردرێن و ده‌نووسرێن، (Zimani Kurdî be pîtî aramî û latînîsh denûsrê)، كه‌ بریتییه‌ له‌و نرخانه‌ی بۆ گۆڕاوه‌كه‌ دانراون له‌ ڕیزه‌كه‌دا.

پوخته‌ی ئه‌م وتاره‌‌:
له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌‌ كورتی باسی (ڕیز Array) كرا و زانیمان چییه‌ و بۆ چی به‌كار ده‌هێنرێ. ئێمه‌ باسمان كرد كه (ڕیز Array) وه‌ك گۆڕاو ده‌توانرێ كۆمه‌ڵه‌ نرخێكی زۆری بۆ دابنرێ، ته‌وزیم (ضروری) نییه‌ بۆ هه‌ر نرخێك یه‌ك گۆڕاوی سه‌ربه‌خۆ دروست بكرێ. له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد، كه ڕیز كاراسانیمان بۆ ده‌كات له‌ كاتی نووسینی كۆددا نه‌ك ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نرخی گۆڕاوه‌كان ڕیز ده‌بن و كۆده‌كه‌ جوانتر و ڕێكوپێكتر ده‌بێ، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵێ (ئه‌رك Function)ی (ڕیز Array) هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باشتر و به‌ ئاسانترین شێوه‌ بتوانین به‌ ته‌كنیكی ئه‌ی ئێس پی ئامانجه‌كانی خۆمان بپێكین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *