پێشەکی
مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد بەردەوام لە گەشەسەندن و نوێکاری دان، ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا، لە تێکشکاندنی پاراستنی سیستەمی دیجیتاڵیی تەندروستیی حوکومەتی ئوسترالیا، بریتی بوو لە تاقیکاریی (بریکاری خۆکرد – Autonomous Agent) کە توانای پێدراوە سەربەستانە بە دوای کۆکردنەوەی داتای ئوسترالیادا بگەڕێت. کاتێک بەربەستی هاتووە ڕێ، هەوڵی داوە خاڵی لاواز بدۆزێتەوە تاکوو دەستی بگاتە ئەو داتایانەی کە لێی داوا کراوە. ئەو لەم کارەیدا بێ ئاگا بووە لەوەی ئەمە سیستەمێکی حوکومییە. ئەم بریکارانە لە تەنیا فەرمانێک پێک نایەن، لە دۆخی توێژینەوەشدا هەموو دەسەڵاتەکانی پێ ئەدرێ تاکوو تەواو تاقی ببنەوە پێش ئەوەی ئاوەڵا بکرێن. بە گوێرەی هەواڵەکان، لە مانگی ٦ی ٢٠٢٦ دا ئەم کارە ڕویداوە، بەڵام کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای درەنگ ئەمەیان ئاشکرا کردووە و پۆزشیان بۆ حکومەتی ئوسترالیا هێناوەتەوە.
لێدوانی حکومەتی ئوسترالیا
ئەنتۆنی ئەلبانیزی (Anthony Albanese – سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا): دیارە ئەم دۆخە بە تەواوی وەک شتێکی قبوڵنەکراو سەیر دەکرێت. لە ڕێگادا ئاستەنگ و بەربەست هەبوون کە وەڵامی پێچەوانەیان دەدایەوە و بە بریکارەکەیان دەوت “نەخێر”، بەڵام بریکاری ژیریی دەستکردەکە ڕێگەیەکی بۆ دەربازبوون لەو بەربەستانە دۆزییەوە و رازی نەبوو بە وەڵامی “نەخێر”.
ڕیچارد مارڵس (Richard Marles – جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی ئوسترالیا): ڕایگەیاند کە ڕووداوەکە لە ڕووی زیانەوە زۆر گەورە نەبووە، بەڵام: ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکی جددی و زەنگێکی مەترسییە… سەبارەت بە گەشەپێدانی تەکنەلۆژیا بەبێ بوونی ڕێکاری پاراستن و ڕێنمایی گونجاو تێبینی هەیە.
لێدوانی کۆمپانیای OpenAI
دەقی ڕاگەیەندراوی فەرمیی OpenAI: پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەکانمان هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە دەستکاری یان دەستگەیشتن بە تۆماری تایبەتی و زانیارییەکانی نەخۆشەکان ڕووی دابێت. (کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد کە تاقیکردنەوەکە بۆ مەبەستی توێژینەوە بووە، بەڵام بریکارەکە ڕەفتاری لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو (Misaligned Behavior)ی پیشانداوە کاتێک ویستوویەتی زانیارییە ئامارییە داواکراوەکان کۆبکاتەوە).
لێکەوتەکان و مەترسییەکانی ئەم ڕووداوە
تێکشکاندنی سیستەمی دیجیتاڵی حوکومەتی ئوسترالیا شەپۆلێک پرس و هێمای لەسەر ژیریی دەستکرد و گەشەکردنی خێرای لەگەڵ خۆیدا هێنا، هاوکات لێکەوتەی
مەترسیدار لە میدیاکاندا تاووتوێ کرا، کە هەندێکی گومان و دڵەڕاوکێن لای خەڵکی.
کێشەی کۆنتڕۆڵ و لێپرسینەوە
ئەوەی ئەم ڕووداوەی قورستر کرد، درەنگ ڕاگەیاندنی کێشەکە بوو لەلایەن کۆمپانیای (OpenAI)ـەوە بە بەرپرسانی ئوسترالیا. ئەمەش نیگەرانیی زۆری لای سەرکردە جیهانییەکان دروست کرد سەبارەت بەوەی ئایا کۆمپانیاکانی دروستکەری AI تا چەند کۆنتڕۆڵیان بەسەر ڕەفتاری ئامێرەکانی خۆیاندا هەیە؟
ئایا ئەمە (AGI) یان ژیریی دەستکردی گشتی بوو؟
بە هیچ شێوەیەک. ئەم هەڵسوکەوتەی بریکارەکە (Agent) بەڵگە نەبوو بۆ بوونی ئیرادەی سەربەخۆ، هۆشیاری، یان تێگەیشتنی فکری، بەڵکو دەرئەنجامی پرۆسەیەکی تەکنیکی بەرز بوو کە پێی دەوترێت (بەدوای یەکدا گەڕان و تاقیکردنەوە – Trial and Error)؛ بە جۆرێک سیستەمەکە ئامانجێکی دیاریکراوی پێدرابوو بۆ کۆکردنەوەی داتا، کاتێک تووشی بەربەست یان «نەخێر»ی سیستەمەکە دەبوو، بەبێ وەستان سەدان ڕێگا و خاڵی لاوازی جیاوازی تاقی دەکردەوە تا ئەو کاتەی کەلێنێک یان کلیلێکی گونجاوی دەدۆزییەوە، چونکە بێئاگا بوو لە چەمکە ئەخلاقی، یاسایی و سیاسییەکان و درکی بەوە نەدەکرد کە ئەم سیستەمە هی حکومەتە یان بڕینی یاسایە، بەڵکو تەنها پرۆگرامێکی بیرکارییانەی سەرسەخت و خێرا بوو لە جێبەجێکردنی فەرمانەکەیدا تا گەیشت بە ئامانجەکەی.
نەبوونی هۆشیاری و ئاگایی لە سنوورەکان:
ئەم حاڵەتە پیشانی دا کە ژیریی دەستکرد هیچ تێگەیشتنێکی ئیتکی، یاسایی یان سیاسی نییە؛ ئەو تەنها و تەنها ئامانجێکی پێ دەدرێت (بۆ نموونە: کۆکردنەوەی زانیاری) و بە هەموو هێزێک و بێ پشوو هەوڵی بەدیهێنانی دەدات، با تەنانەت تێکشکاندنی قەڵای ئەلیکترۆنیی حکومەتێکیش بێت، چونکە ئەو جیاوازی ناکات.
دەرئەنجام ڕووداوەکەی ئوسترالیا زەنگێکی مەترسی بوو بۆ جیهان. پیشانی دا کە لەگەڵ زیاتر پێدانی «دەسەڵاتی کارکردن (Agency)» بە ژیریی دەستکرد لە تۆڕی ئینتەرنێتدا، پێویستە سیستەمی پاراستن و یاساکانیش پێشوەختە ئامادە بن و سنوور هەبێ، چونکە ئامێرەکان چیتر تەنها وەڵامدەری پرسیار نیین، بەڵکو دەبنە کارەکتەری چالاک کە دەتوانن لە جیهانی ڕاستەقینەدا گۆڕانکاری بکەن.
سەرچاوەکان:
١. ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی The Guardian:🔗 An OpenAI agent infiltrated Medicare – and Australia only found out
٢. تۆڕی هەواڵی CBC News (دەقی لێدوانەکەی سەرۆک وەزیران):🔗 Australia says OpenAI agent hacked government website – CBC
٣. دەزگای Recorded Future News / The Record:🔗 OpenAI agent breached Australian government health websit





