ژیریی دەستکرد لە ئاستێکی پێشکەوتوودایە، هەڵسوڕان لەگەڵیدا لە ڕێگەی داوای دستبەجێ و بریکارە ژیرەکانەوە هێندەی تر مرۆڤەکانی هانداوە بۆ فێربوونی وتووێژ لەگەڵی، چونکە ژ.د نەک تەنیا کارەکان بە خێرایی و بەوردی بەجێ دەهێنێت، بەڵکو لەسەر تاقیکارییەکانی خۆی پێشنیار و پوختەکاری تریش پێشکەش دەکات.
لەبەرئەوەیە کە تاکو (بریکار agent) تەواو بناسێنیت و ئەرکەکانی زۆرتر بۆ ڕوون بکەیتەوە، خێراتر و باشتر بە ئامانجی خۆت دەگەیت.
لەم نموونەیەی خوارەوەدا، داوایەکم نووسیوە بۆ دروستکردنی ماڵپەڕێک. بێگومان دەکرێت باشتر بکرێ، بەتایبەتی ئەگەر تۆ ویستت تاقی بکەیتەوە، ئەوا بەشەکانیش بە دەقی خۆی پڕ بکەوە، تاکوو ئەنجامێکی باشتر بەدەست بهێنیت.
وەکو پەرەپێدەرێکی پێشکەوتوو، وێب سایتێکم بۆ دروست بکە، بەشێوەیەکی جوان و ڕێکوپێک لەسەر کۆمپیوتەر و مۆبایل دەربکەوێت. پەڕەکانی بە دوو زمان بن، بە زمانی کوردی و زمانی ئینگلیزی. وێبسایتەکە بۆ (کۆمپانیای بەڕوو).
پێکهاتە: پەڕەی سەرەتا، دەربارە، پەیوەندی، خزمەتگوزارییەکان، کار.
پەڕەی سەرەتا: شێوازێکی سادەی هەبێت، بەشەکانی بەڕەنگی شینی کاڵ و پرتەقاڵی بڕازێنەوە. شوێنی لۆگۆش دابنێ و دوایی خۆم دەیگۆڕم.
دەربارە: کورتەیەک لەسەر کۆمپانیای بەڕوو، شوێن بۆ وێنەی دامەزرێنەر و دەستەی کارگێڕی دابنێ.
پەیوەندی: فۆڕمێکی پەیوەندی سادە، کە کڕیار و سەردانکەر بتوانن پەیوەندی بگرن. فۆڕمەکە بە ئیمەیڵ ڕەوانە دەبێت ([email protected])، لە پەڕەی کۆنفیگ ناو و پاسۆرد دادەنێم. کاپچات بیر نەچێت. ناونیشانی کۆمپانیا بنووسە، هەروەها لینکی گوگل ماپیش دابنێ. شوێن بۆ وێنەیەک دابنێ، کە وێنەی بینای کۆمپانیا دەبێت و دوایی خۆم دایدەنێم.
خزمەتگوزارییەکان: لە بواری تەکنۆلۆجیای زانیارین. کە بریتین لە
١. ڕاوێژکاریی بواری ژیریی دەستکرد
٢. دانانی نەخشەی کار بۆ هەموو جۆرە دامەزراوەیەک لە ڕەوتی دیجیتاڵکردن
٣. شیکردنەوەی داتا و چاککردنی ڕەوتی کارکردن و بەرهەمهێنان
خۆت دەق بهۆنەرەوە بۆ هەموو بەشەکان، بەشێوەیەکی زۆر شارەزا. دەقەکان لە پەڕە کوردییەکاندا با کوردییەکی سادە بن، هەموو کەس لێیان تێ بگات. بە هەمان شێوە بۆ لاپەڕە ئینگلیزییەکانیش. دەتوانیت وێنە دابنێیت بۆ هەر بەشێک، با ڕیتم و شێوەی وێنەکان لەیەکتر نزیک بن.
کار: لێرەدا هەلی کارکردن و شوێنە بەتاڵەکان دادەنرێن. هاوکات بەشێکی لاپەڕەکەش بە کورتی شی دەکاتەوە کە لای کۆمپانیای بەڕوو کارمەند چەند گرنگن و لێهاتووی کارمەند چۆن لە ئیشەکاندا ڕەنگ ئەداتەوە، هەروەها پشتیوانی کارمەندان بۆ بەدی هێنانی ڕەزامەندی تەواو لە جۆر و شێوازی کارەکانی کۆمپانیای بەڕوو.
ستایڵ: پەڕەکان بە سکریپتی خاوێن بنووسە، دەکرێت بە (javascript, php, html) بن. ناونیشان بە فۆنتێک و ناوەڕۆک بە فۆنتێکی تر. دەکرێت فۆنتەکانی (Noto Naskh Arabic, Noto Kufi Arabi) بەکار بچن.
لێرە ئەنجامەکەی ببینە: https://raje.org/website/

لێرەدا:
- کۆپایلت Copilot لەسەر (visual studio code) بەکار هاتووە.
- مۆدێلی بژاردە: (Claude Hiko 4.5) بیگومان دەکرێت هیتریش وەکو (claude sonnet 4.5) بەکار ببرێت.
تاکو ڕاستەوخۆ بتوانیت تاقی بکەیتەوە: داوابکە کە بە (javascript, html) ئەنجامی بدات.


