چاره‌سه‌ر بۆ چاوی ماندوو له كۆمپیوته‌ر

ئه‌گه‌ر له‌و كه‌سانه‌یت كه ڕۆژانه كاتێكی زۆر له‌گه‌ڵ كۆمپیوته‌ر به‌سه‌ر ده‌به‌ن، بێگومان سكاڵای ماندوو بوونی چاوت ده‌كه‌یت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هه‌ست به‌م نیشانانه بكه‌یت:

• ماندووبوون و ئێشانی چاو، له‌گه‌ڵ خوران و وشك بوونی.
• به لێڵی بینین.
• لاوازی بینین بۆ شته دووره‌كان، دوای ڕوانینی زۆری شاشه‌ی كۆمپیوته‌ر.
• سه‌رئێشه‌ و ئازاری ماسولكه‌كانی مل.
• قورسی توانای دیقه‌تدان كاتی گۆڕینی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێكی ناو كۆمپیوته‌ر و ده‌قی سه‌ر كاغه‌زێك.
• زیادبوونی هه‌ستكردن به ڕووناكی.

بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌یت:

١. كاتێك بده به چاوت بۆ حه‌وانه‌وه‌ی، دوور له شاشه‌كه بڕوانه بۆ ماوه‌ی ده چركه له هه‌ر ده خوله‌كێكدا.

٢. چاو له ئه‌نجامی وردبوونه‌وه‌ی زۆر و دیقه‌تدان به‌‌بێ تروكاندن تووشی وشكی دێت، هه‌ندێ كه‌س چاویان زۆر كه‌م ده‌تروكێنن، له‌وانه‌یه له خوله‌كێكدا یه‌‌‌ك جار. له كاتێكدا تروكاندنی چاو له هه‌ر پێنج چركه‌یه‌كدا جارێك، سروشتی و پێویسته، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تروكاندن چاو ته‌ڕ ده‌كات و ڕێ له وشك بوونه‌وه ده‌گرێت.

٣. دانانی شاشه‌ی كۆمپیوته‌ر به شێوه‌یه‌كی گونجاو، گرنگه بۆ ڕێگرتن له ماندوو ‌بوونی چاو، به جۆرێك ده‌بێت دووری شاشه‌كه له چاوته‌وه (٦٠-٨٠) سم، ببێت و، به‌رزی و نزمییه‌كه‌ی له ئاستی سه‌رت بێت. به‌رز دانانی ماسوولكه‌ی مل هیلاك ده‌كات و نزم بوونیشی بۆ چاو به هه‌مان شێوه.

٤. شاشه‌ی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت به خاوێنی ڕابگره، خۆڵ و تۆزی سه‌ر شاشه‌ ڕوونی بینین كه‌م ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش چاو ماندوو ده‌كات.

٥. ئه‌گه‌ر ماندووبوونی چاوت زۆری خایاند و سكاڵات زیاد بوو، یان هه‌ستت به لاوازی و تێكه‌ڵ بینین كرد، سه‌ردانی پزیشك بكه.

سه‌رچاوه‌: http://www.medmatar.net