چۆنێتیی دروستكردنی (Session) به‌ ته‌كنیكی (ASP)

پێشه‌كی:
دروستكردنی (Session) و به‌كارهێنانی له‌ ته‌كنیكی (ASP)دا گرنگه‌. هه‌ر بۆیه‌ش لێره‌دا كورته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی چۆنێتیی دروستكردنی (Session) ده‌نووسین. له‌ وتاری داهاتوودا‌ به‌رنامه‌یه‌كی ئاسانیش دروست ده‌كه‌ین به‌ ته‌كنیكی (ASP)، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بۆمان ڕوون بێته‌وه‌ كه (Session) چۆن به‌كار ده‌هێنرێ و چۆن دروست ده‌كرێ. به‌ڵام پێش هه‌موو شتێ كورته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی (Session) ده‌نووسین. هه‌روه‌ها‌ له‌ كاتی باسكردنی (Object) به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له (ASP)دا دووباره‌ باسی (Session) ده‌كه‌ینه‌وه‌.

مه‌به‌ستمان له (Session) چییه‌؟
بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی پڕمانا، وه‌ك خۆی بۆ (Session) به‌ زمانی كوردی له‌ فه‌رهه‌نگی زانستپه‌روه‌راندا بنووسین زۆر جاران باسی (Session)مان كردووه‌، هه‌تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ بگه‌ینه‌ وشه‌یه‌كی وا كه‌ به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌و مانایه‌ بگونجێ كه‌ خۆمان مه‌به‌ستمانه و هه‌موومان له‌سه‌ری كۆك بین‌. به‌ڵام ده‌توانین بڵێین، (Session) یه‌كێكه‌ له (ته‌ن Object)ه‌كانی (ASP). دیالۆگی نێوان (ڕاژه‌خواز Client) و ڕاژه‌كاری وێبه‌. (شه‌كرۆكه‌یه‌كی بێوێنه‌Unique Cookie) بۆ ئه‌وه‌ی ڕاژه‌كاری وێب بزانێ تۆ كێیی، كه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ و كه‌ی دایده‌خه‌یت و هتد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌وه (Object)ی (Session) به‌كار ده‌برێ. هه‌ر جارێ به‌كارهێنه‌رێك ماڵپه‌ڕێك ده‌كاته‌وه یه‌ك (شه‌كرۆكه‌ی بێوێنه‌ Unique Cookie) دروست ده‌بێ، دیالۆگ له‌ نێوان ڕاژه‌كاری وێب و (ڕاژه‌خواز Client) دروست ده‌بێ كه‌ ئاگاداری كاری ڕاژه‌خواز ده‌بێ. هه‌روه‌ها هه‌ر كاتێ كه‌سه‌كه‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی داخست (Session) كۆتاییی دێت. كه‌واته‌ ده‌توانین بڵیین كه (Object)ی (Session)، دروست كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری بهێلێته‌وه‌ بۆ هه‌ر به‌كارهێنه‌رێك، له‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌و به‌كارهێنه‌ره‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ڕاژه‌كاری وێبدا هه‌یه‌. كاتێك دیالۆگی نێوان ڕاژه‌خواز و ڕاژه‌كاری وێب دروست ده‌بێت، خۆكار (ئۆتۆماتیك) یه‌ك (SessionID)، ژماره‌یه‌كی جیاواز بۆ هه‌ر به‌كارهێنه‌رێ دروست ده‌بێ كه‌ سه‌ردانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌كات.

به‌كارهێنانی (Session) بۆ چی باشه‌؟
ئێستا كه‌ كورته‌یه‌كمان ده‌رباره‌ی (Session) خوێنده‌وه‌، بزانین به‌كارهێنانیشی بۆ چی باشه‌؟
به‌كارهێنانی (Session) بۆ زۆر شت باشه‌، جگه‌ له‌م شتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ باس كران، ده‌كرێ (Session) به‌كار بهێنرێت بۆ پاراستن، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ماڵپه‌ڕێكمان هه‌بێ، بمانه‌وێ به (وشه‌ی تێپه‌ڕبوون Password) بیپارێزین، ئه‌وه‌ ده‌كرێ (Session) دروست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌و كه‌سه‌ بتوانێ دیالۆگ له‌گه‌ڵ ڕاژه‌كاری وێب بكات كه (وشه‌ی تێپه‌ڕبوون Password)ه‌كه‌ی لا هه‌یه‌.ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ گۆڕاوێك دروست بكه‌ین كه‌ نرخه‌كه‌ی بۆ‌ هه‌موو په‌ڕه‌كانی سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ به‌كار بێنین ئه‌وه‌ لێره‌دا به‌كارهێنانی (Session) ئه‌و كاره‌مان بۆ ئاسان ده‌كات.
ده‌كرێ (Session) بۆ ناردنی زانیاری له‌ نێوان په‌ڕه‌كانی سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ به‌كار بێنین. كاتێك وه‌ك گۆڕاو نرخێكی بۆ داده‌نێین، ئه‌وه‌ ده‌توانین له‌ هه‌ر په‌ڕه‌یه‌ك له‌ په‌ڕه‌كانی سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ ئه‌و نرخه‌ به‌كار بێنین كه‌ بۆ (Session) داده‌نرێ.

 دروستكردنی (Session):
كاتێك بمانه‌وێ (Session) دروست بكه‌ین، ئه‌وه‌ڵجار (Session) ده‌نووسین، پاشان جووته‌ده‌قهێما به‌و شێوه‌یه‌ (” “)‌ ده‌نووسین. دواتر ناوێك بۆ (Session)‌ ده‌نووسین. ناوه‌كه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ له‌ ناو كه‌وانه‌كه‌دا ده‌نووسین. (“Naw”)‌. له‌ دوای نووسینی ناوه‌كه‌ی نیشانه‌ی یه‌كسان (=) ده‌نووسین و پاشان نرخه‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ ده‌نووسین: (“Nirxî_Session”). به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌، وه‌ك له‌ نموونه‌ی یه‌كدا:نموونه‌ی (١):
<% Session(“Naw”) = “Nirxî Session” %>

شێواز و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی (Object)ی (Session):
وه‌ك گوتمان (Session) یه‌كێكه‌ له‌ (٧) (ته‌ن Object)ه‌كانی (ASP). كه‌واته‌ بێگومان (Session) وه‌ك هه‌موو (ته‌ن Object)ه‌كانی دی تایبه‌تمه‌ندی و شێوازی خۆی هه‌یه‌. 
زۆر شێواز و تایبه‌تمه‌ندی هه‌ن بۆ (Object)ی (Session)، ئێمه‌ لێره‌دا باسی هه‌ندێكیان ده‌كه‌ین:شێوازی (Abandon) به‌كار ده‌هێنرێ بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به (Session) بهێنرێ. به‌و شێوه‌یه‌ ده‌نووسرێ: (Session.Abandon)، واته‌ هه‌ر كاتێ بمانه‌وێ ده‌توانین زۆر خێرا كۆتایی به (Session) بهێنین.تایبه‌تمه‌ندیی (TimeOut) بۆ ئه‌وه‌ی خۆكار كۆتایی به (Session) بهێنرێت، ئه‌و كات ده‌كرێ خۆمان كاتێك دیاری بكه‌ین، دوای چه‌ند خوله‌ك (ده‌قه‌) ده‌مانه‌وێ (Session) كۆتایی پێ بێ. به‌و شێوه‌یه‌ ده‌نووسرێ: (Session.Timeout = 24). لێره‌دا وه‌ك دیاره (٢٤) نووسراوه‌، ئه‌وه‌ش واتا دوای (٢٤) خوله‌ك‌ كۆتاییی پێ دێ.

پوخته‌ی وتاره‌كه‌:
وتاری ئه‌م جاره‌مان باسی یه‌کێک له (ته‌ن Object)ه‌كانی ته‌کنیکی (ASP) بوو. وه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ڕاژه‌كاری وێب بزانێ به‌كارهێنه‌ره‌كان كێن و چی ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ بۆ هه‌ر به‌كارهێنه‌رێك، بۆ نموونه‌ كه‌ سه‌ردانی ماڵپه‌ڕێك ده‌كه‌ین (Session) ده‌ست پێ ده‌كات، (شه‌كرۆكه‌ی بێوێنه‌ Unique Cookie) دروست ده‌بێ. هه‌ركاتێك ماڵپه‌ڕه‌كه‌ دابخه‌ین ئه‌وه (Session) كۆتاییی پێ دێ. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *