تەکنۆلۆژیای زانیاری لەپێناو پاراستنی ژینگەدا

ناوەڕۆکی ئەم وتارە
پێناسە
پێشەکی
پێویسیتیی هاوکاریکردنی بواری تەکنۆلۆژیای زانیاری
بئینەرجی ستار Energy Star
بەکارهێنان
پوختە و سەرەنجام
پەراوێزەکان
کورتکراوەکان
سەرچاوەکان

پێناسە
زاراوەی تەکنۆلۆژیای زانیاری سەوز Green-IT (یاخود Green ICT, Green computing) بەو مانایە دێت کە سەرچاوە و پێکهێنەرەکانی تەکنۆلۆژیای زانیاری و گەیاندن ڕاژەیەک بن بۆ پاراستنی ژینگە.

www.zkurd.org

پێشەکی
ئەمڕۆکە پاراستنی ژینگە بۆتە هەنگاوێکی گرنگ و داوایەکی نێودەوڵەتی و زۆر لە وڵاتە پیشەسازییەکانی خستۆتە ژێر هاوکێشەیەکی نوێوە کە لە دابینکردنی هەموو کەرەستەیەکی خاو بۆ بەرهەمەکانیان پەی بۆ پشکنینی بەرن لە کاریگەریی کاڵاکان لەسەر ژینگە و پاراستنی. تەکنۆلۆژیای زانیاریش بوارێکی گرنگی ئەم سەردەمەیە کە پاراستنی ژینگە پێیگەیشتووە. لەم بابەتەدا تیشک دەخەمە سەر بواری هەڵسوڕانی تەکنۆلۆژیای زانیاری لە ئاست پاراستنی ژینگەدا.

پێویسیتیی هاوکاریکردنی بواری تەکنۆلۆژیای زانیاری تێچوون، ژینگەپارێزی و ڕێسا نوێیە نێودەوڵەتییەکان هۆکارن بۆ بوون بە پێویستی سەرهەڵدانی تەکنۆلۆژیای زانیاری سەوز.

١. تێچوون:
بەپێی توێژینەوەیەکی پەیمانگای Borderstep دەرکەوتووە کە بە تەنیا لە ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٠٨دا، کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلۆژیای زانیاری پێویستیان بە ٣،٦ تێرا وات لە کاتژمێرێکدا بووە بۆ بە گەڕخستنی ڕاژەکارەکان  و فێنککردنەوە و بەردەوامیی نەبڕانی تەزووی کارەبا لێیان. بە نزیکەیی کرێی تێچوونی ئەمەش ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆ بووە [١]. گومانی تیا نییە ڕۆژانە بەهۆی زیادبوونی داخوازی لەسەر شوێنی پاشەکەوتکردن و ڕاژەکاری نوێ، ئەم تێچوونانەش لە بەرزبوونەوەدان. بە تەنیا لە ئەڵمانیاد پتر ٢،٢ ملیۆن ڕاژەکاری دامەزراو هەیە لە کۆمپانیا و دامەزراوە جیاجیاکاندا و ڕوو لە زۆربوون.

کەواتە بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانیشدایە کە ئامێرێک دروستبکرێت وزەی کەمتری بوێت، هاوکات کەرەستەکانی بۆ فڕێدان و سووتاندن زیانیان نەبێت. گرفتی تێچوون و خەرجی وزە لە ئامێرەکاندا، گەورەترین هۆکارە بۆ کۆچکردن بەرەو تەکنۆلۆژیای سەوز.

لە وڵاتە پیشەسازییەکاندا حکومەتەکان بڕیاری پێدانی قەرز و ئاسانکاری تریان داوە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی گەشە بە تەکنۆلۆژیاکەیان ئەدەن لەپێناو پاراستنی ژینگەدا. ئەم کارە تەنانەت بەربەرەکانی دروستکردووە لەنێوان کۆمپانیاکاندا، کە خێراکەن لەو پارەی هاوکارییە بێبەش نەبن، لەلایەکی تریشەوە حکومەت گرفتی پەیداکردنی وزەی کەم دەبێتەوە و چوونی بۆ ناو لیستی وڵاتانی ژینگەپارێزیش دەستکەوتێکی تری دەبێت.

٢. ژینگەپارێزی:
بەپێی توێژینەوەکەی سەرەوە، ساڵانە کاریگەریی ئای تی لە ئەڵمانیا هێندەی ٤ کارگەی گەورەی سووتاندنی خەڵووزە.
دروستبوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن CO2 لە فڕۆکەکان لە هەموو جیهاندا هەر هێندەی ئەو بڕە دەبێت کە تەکنۆلۆژیای زانیاری هۆکاری دروستبوونی دەبێت.
کەواتە گەر بمانەوێت ژینگە بەپاکی بهێڵینەوە دەبێت شێوازی نوێ و داهێنانی زیاتر لەم ڕووەوە بکرێت.
بۆ نموونە لە هۆڵەندا سێ کەس هەستان بە دروستکردنی بنەیەک بۆ ئامێری iPad لە تەختە، لە بری ئەوەی بە پلاستیک یان ماددەی تر دروستبکرێت. تەختە هەم هەرزانە و هەم ژینگەپارێزیشە. کۆمپانیای ئەپڵ Apple کە داهێنەریiPad ە، لە ڕووی ژینگەپارێزییەوە بۆ ئەم بەرهەمە نوێیەی هەنگاوی باشی ناوە، بۆ وێنە پەردەکەی تەکنۆلۆژیای LED-Backlight بەکاربردووە کە وزەی کەمتر پێویستە لەبری بەکارهێنانی جۆری (LCD)، پاتری جۆری (Lithium-Polymer) کە تا بەرزترین ئاستی توانای بەکاردەهێنرێتەوە، شووشەی ڕووکارەکەی بەدەر لە ماددەی (زەرنیخ) دروستکراوە، چوارچێوەکەی لە ماددەی بەکارهاتوو بەرهەمهێناوە.

www.zkurd.org

کۆمپانیا گەورەکانی وەک (IBM) و (HP) لە پێشڕەوەکانی ئەم بوارەن کە زۆر زوو بەشی توێژینەوەی تایبەتییان پێکهێنا بۆ ئەو مەبەستە.

٣. ڕێسا نێودەوڵەتییەکان
بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ژینگە بەهۆی ئامێرە تەکنۆلۆژییەکانەوە، کۆمەڵێک ڕێسای نێودەوڵەتی دەرکراون، ئەم ڕێسایانە ڕێگەچارە دەخەنە بەردەم کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان هانابەرن بۆ تەکنیکێک کە پاراستنی ژینە ڕەچاو بکات، بەپێچەوانەوە ئەگەری قەدەغەکردنی بەرهەمەکانیان، یاخود زیادکردنی باج لەسەریان بە زیان دەکەوێتەوە.

بۆ نموونە کۆمیسیۆنی وڵاتانی ئەوروپای یەکگرتوو بڕیاری داوە کە بەکارهێنانی تەزووی کارەبا لە ئامێرەکاندا تا ئەو ڕادەیەی کە دەتوانرێت کەمبکرێتەوە. بەهۆی ئەم فشارەوە زۆرکات لە ڕیکلامی جۆری نوێی تەلەفیزیۆن، یا کۆمپیوتەری کەسی دەبینین، دەبێژن کە پارەش پاشەکەوت دەکەیت بە کڕینی ئامێرەکەیان، چونکە کارەبای کەمتر دەوێت.

ئینەرجی ستار Energy Star
زۆر لە وڵاتان پەیڕەوی ڕێنماییەکانی (Energy Star) دەکەن کە لە ساڵی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦دا پاڵاوتەی ڕێساکان و داخوازینامەی چووست بەکارهێنانی وزەی شیکردەوە لە جیهانی کۆمپیوتەردا.
ئینەرجی ستار هێمایەکی تایبەتە بەو بەرهەمانەی وزەی کارەبا پاشەکەوت دەکەن، ئەم هێمایە یەکەمجار لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکارهات. لەسەر هەموو کاڵایەک بۆ دروستکردنی‌ ئامێری ئەلیکترۆنی چەسپ دەکرێ(www.energystar.gov).

www.zkurd.org

ئینەرجی ستار کۆمەڵێک ڕێنوێنی و پێوانەیی داناوە بۆ ئەو کاڵایانەی کە هاوبەشن لە پاشەکەوتکردنی وزەدا، تیایاندا دەستنیشانی سیستمێکی ژینگەپارێز و پێداویستییەکانی کراوە.
ساڵی ١٩٩٢ دەزگای ئاژانسی ژینگەپارێزی EPA ئەمریکا ئەم هێمایەی دروستکرد و ساڵی ٢٠٠٣ یەکێتی ئەوروپا بە بڕیارێک هێنایانە لیستی خۆیانەوە، تاکوو لە چاودێریکردن و پێناسەدانان بۆ پێوانەیی لە بواری بەکارهێنانی وزەدا سوودی لێوەربگرن.
لە ئەڵمانیا بەشێوەیەکی بەرچاو، لە دوای کۆنگرەی سێی “لوتکەی ئایتی” لە دارمشتاد ساڵی ٢٠٠٨ زۆربەی کۆمپانیاکان ڕێبەری فرمان و ڕێساکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکەن[٢]، خۆشبەختانە هەردوو بواری ئابووری و ڕامیاری کۆکن لەسەر پیادەکردنی تەکنۆلۆژیای زانیاری سەوز کە ئەمەش تاوێکی تری داوە بە هەنگاونانی کۆمپانیاکان لەم ڕووەوە.

ئەگەرچی هەنگاونان بۆ سازدانی ئای تی لەپێناو ژینگەپارێزییدا نوێ نییە، کەچی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی OECD، کە توێژینەوەیان لەسەر ٩٠ وڵات و ڕێکخراوی جیاجیای ئای تی سەوزکردووە، هاتووە؛ زۆربەی هەوڵەکان لەسەر خۆئامادەکردنی تەکنۆلۆژیایە، وەک لەوەی هەوڵی جێبەجێکردنەکەی بدرێت، بگرە ٢٠% ئەو هەوڵانە پێوانە دەکرێن و بەهەند دەگیرێن[٣].
بەدواداچوونەکانی پڕۆژەی smart2020 دەریانخستووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ئامێری گەڕۆک (مۆبایل و هاوچەشنەکانی)، پێدەچێت بە گەیشتنمان بە ساڵی ٢٠٢٠ ڕادەی پێویستیی بە وزە لە بوارەکانی تەکنۆلۆژیا و گەیاندن سێ هێندەی ئیستا بێت، ئامارەکانیان وا نیشان ئەدەن کە ساڵی ٢٠٠٧ نزیکەی ٦٢٣ ملیار کیلۆوات/کاژێربووە و ساڵی ٢٠٢٠ دەگاتە ١٩٠٠ ملیار کیلۆوات/کاژێر[٤].

کەواتە تەکنۆلۆژیای زانیارییەکان دەتوانێت کاریگەری خۆی بە تەواویی لەم ڕووەوە نیشان بدات.

بەکارهێنان
بەشی وزەی کارەبا، پەپکەی ڕەق بۆ پاشەکەوتکردن و پەردە (شاشە)، بەشە سەرەکییەکانە کە وزە خەرج دەکەن لە کۆمپیوتەردا. تەکنۆلۆژیای نوێ هەنگاوەکانی بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی بەکارچوونی وزە هەنگاودەنێت.
بۆیە بەرهەمە نوێیەکانی ئەو کاڵایانە بە بانگهێشتی پاراستنی ژینگەوە دەخرێنە بازاڕەوە. بەکارهێنانیشیان لە کۆمپیوتەری کەسی و ڕاژەکارەکانەوە دەرکەوتووە.
١. کۆمپیوتەری کەسی: نەک تەنها لە ڕەقەکاڵاندا، بەڵکو لە سیستمی کارپێکردنەکانیشدا هەڵبژاردن هەیە بۆ پاشەکەوتکردنی وزە، بۆ نموونە لە سیستمەکانی مایکرۆسۆفت ویندۆزدا دەتوانیت شێوازی کاردانەوەی سیستمەکەت دەستنیشان بکەیت کاتێک کە ماوەیەکی درێژ دوور دەبیت لە بەکارهێنانی.
لەڕێگەی (Start – Settings – Control Panel – Power Options) دەتوانیت هەڵبژاردنەکانی سیستمەکەت ڕێک بخەیت، وەک لە خوارەوە دەردەکەوێت.

www.zkurd.org

لێرەوە کاڵاڕەقەکانی کە لەسەرەوە ناوبران، بەم شێوە کاریگەرن لە خەرجی وزەدا:
 شاشە کۆنەکانی کە بە تیشکی کاسۆد ڕووناکیان ئەدا، بەشێوەیەکی گشتی کارەبا زیاتر کار دەکەن، باشتر وایە جۆرە نوێیەکانی ڕووتەخت flat بەکارببەین لە جۆری LCD, LED کە ژینگەپارێزن.

 یەکەی ناوەندی چارەسەر بەشێکی کۆمپیوتەرەکەمانە کە وزەیەکی زۆر خەرجدەکات، لە بەراوردێکی هەفتەنامەی کۆمپیوتەردا، مۆدێلی Intels Dual-Core-CPU Atom 330 لە زۆربەی جۆرەکانی تر باشتربووە لەڕووی کەمی پێویستی بە وزە. بەربەرەکانی کۆمپانیاکانیش لەم ڕووە بەردەوامە، بەشێوەیەک کە هەیانە تەنها ٣٦ واتی دەوێت (وەک Intel Core 2 Duo E4500) و هەشیانە ١٠٣.(وەکو Intel Core 2 Extreme QX6850) گومانی تیا نییە نرخیش ڕۆڵی خۆی دەبینێت لەم ڕووەوە.

پەپکەی ڕەق Hard disk لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ واتدا وزەی پێویستە، لێخوڕەکانی تری وەک CD بە نموونە ١٨ واتی دەوێت لەکاتی خوێندنەوە و نووسیندا، لەکاتی بێکاریشدا ٥ وات. بیرگە RAM تەنها ٢ واتی دەوێت، بێ گوێدانە قەبارەکەی.

پێوانەکراوە کە کۆمپیوتەرێک یەکەی چارەسەرەکی لە جۆری Intel Core 2 Duo بە بوونی هەموو بەشەکانەوە جگە لە مۆنیتۆر لەسەری، لە کاتی وەگەڕخستنی بەرنامەکاندا ١٤٨ واتی پێویست بووە، لەکاتی سوڕی بەتاڵدا idle تەنها ٩٩ واتی ویستووە. مۆنیتۆر بە تەنها ٤٠ وات بەرەو ژووری دەوێت، جۆری Dell Ultrasharp 24″ Flat بۆ نموونە ٤٣ واتی دەوێت. جۆرە کۆنەکان پتر لە ١٤٠ وات کار دەکەن[٥].

گەر بتەوێت بزانیت خەرجی کۆمپیوتەرەکەت چەندە، تەماشای نرخی کیلۆوات بکە لە پسووڵەی کارەباکەتدا و لێکدانی بکە بە کاتی بەکارهێنراو بە خولەک. چاودێرانی ئەم بوارە دەڵێن ساڵانە بۆی هەیە کە زۆرتر لە ١٠٠ دۆلار لە خەرجی پاشەکەوت بکرێت لە کۆمپیوتەری کەسیدا لە ماڵەوە. لە بیرمان نەچێت پاشەکەوتکردن لە خەرجیدا لێرەدا لەڕووی بەکارچوونی ئەو ڕەقەکاڵایانەوەیە کە ژینگەپارێزی تیا ڕەچاوکراوە.

٢. سەنتەری کۆمپیوتەر Data center
گرفتی گەورەی سەنتەرەکانی کۆمپیوتەر کە بە سەدان و هەزاران ڕاژەکار Server لە خۆیان دەگرن، فێنک ڕاگرتنیانە، جگەلەوەی کە بەردەوام تەزووی کارەبایان دەوێت، ئەم دووانە زۆرتر لە ٤٠% خەرجی سەنتەرەکەیە.
پێوانەکان دەریانخستووە کە ڕاژەکار ٤٠٠ واتی دەوێت، پێداویستیی و داهێنانە نوێیەکانیش وایانکردووە کە ژمارەی ئەم سەنتەرانە ڕۆژانە لە زیادبووندابێت، بەراوردێکی لێکۆڵینەوەی جۆناسان کوومەی Jonathan Koomey Study دەریدەخات کە ئەمڕۆکە دوو هێندەی پێش ٥ ساڵ لەمەوبەر سەنتەرمان هەیە[٦].

بوونی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و زیاتر لە نیوملیار بەشداربوو ئەم لێکۆڵینەوەیە ئاسان دەسەلمێنن.

ڕێکخراوی ئاشتی سەوز Green peace لەسەر زاری قسەکەری بنکەیان لە نەمسا، خاتوو کلاودیا سپرینز Claudia Sprinz، ڕەخنەی توندی گرت لە فەیسبووک Facebook کە سەنتەری کۆمپیوتەری خۆیان لە دوو ناوچەی Prinville و Oregon دانا، چونکە لەوێ پشتدەبەستن بە کۆمپانیای PacificCorp بۆ دابینکردنی وزە، ئەوانیش ویستگەی کارەبای خەڵووزییەکان بەکاردەهێنن. ئەگەرچی فەیسبووک لە ڕاگەیاندنێکیاندا بۆ ئاژانسی (بی بی سی)، دڵنیایان کردەوە کە ڕاژەکارەکان لەو جۆرانەن کە پاشەکەوتی وزە دەکەن و ژینگەپارێزی ڕەچاودەکەن[٧].
بەرامبەر بەمە کۆمپانیای یاهوو Yahoo سەنتەری خۆی بردۆتە Lockport نزیک نیوۆرک کە نزیکە لە ویستگەیەکی کارەبای ئاوی کە ئەمە لەخۆیدا هەنگاوێکی زۆر باشە بەرەو پاراستنی ژینگە. ئاماری کۆمپانیای گوگڵ Google لە هەموویان باشترە، بنکەکانی لە دالاس Dalles و ئۆریگۆن Oregon بەڕێژەی ٥٠% دا پشت بە وزە نوێیەبووەکان دەبەستێت[٨].

سەنتەری کۆمپیوتەر لە زانکۆ و پەیمانگاکانیش دەتوانن لەم ڕووە ڕۆڵی خۆیان ببینن، جۆری ڕاژەکارەکانیان بکەن بە ئامێری گریمانەیی(virtual machine)، هاوکات ژووری کۆمپیوتەر کە کاریان پێ نەما هەموو تەزووی کارەباکان ببڕن. زانکۆی ترێر Trier لە ئەڵمانیا نموونەیەکە کە ئێمەی کوردیش بتوانین سوود لە شارەزاییان وەربگرین لەم بوارەوە، ئەوان دروشمی ئای تی سەوزیان بەرزکردۆتەوە و توانیویانە زۆرتر لە ٣٠% سیستمەکانیان بگۆڕن بۆ جۆری ژینگەپارێز[٩].

لە کوردستانیش زانکۆکان پێویستە ئەم خاڵە ڕەچاوبگرن، کاتێک ژووری کۆمپیوتەری نوێ دروستدەکەن یاخود کۆمپیوتەرەکان نوێ دەکەنەوە، ئەو جۆرانە بکڕن کە ڕەچاوی ژینگەپارێزی تیاکراو.

پوختە و سەرەنجام
دەتوانرێت کارکردنی وزە و دروستکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن CO2 بەشێوەیەکی باش کەمبکرێتەوە لە بواری ئای تیدا، بەوەی گوێڕایەڵی داخوازیی بنەما و پێوانەییەکان بین. جگەلەوەی بیر لە شیکاری بەرامبەریش بکەینەوە لە هەموو هەنگاوێکماندا. کۆتایی زنجیرەی ئای تی سەوز بە پەرتکردن و فڕێدان Recycling دەبێت، هاوشێوەی بەرهەمهێنان لێرەیشدا ڕێسا و ڕێنوێنیمان هەیە کە ڕێگرمانن لە فڕێدانی ئامێرێک، یاخود سووتاندنی لە شوێنێکی ناشایستە.
تەکنۆلۆژیای زانیاریی سەوز هەنگاوی باشی ناوە، تا ڕادەیەکیش کۆمپانیا بەرهەمهێنەکان هەوڵیانداوە کاڵاکانیان لەو ڕوانگەیەوە بەرهەمبهێنن کە بەشداربن لە ئەنجامدانی ئەرکی خۆیان بۆ ژینگە.

لە باشووری کوردستان تا ئەمڕۆ ١٠٠%ی کاڵا ئەلیکترۆنییەکانی هاوردە دەکات، دەبێت بە گرنگی گوێڕایەڵی ئەو دامەزراوانە بێت کە بە مەبەستی ژینگەپارێزی دروستبوون، ئەرکی ئەوان بەخشینی زانیارییە و وشیارکردنەوە نییە بە تەنها، بەڵکو دانانی ڕێسا و بەندی تایبەتیشە بۆ هاوردەکردن و دەستنیشانکردنی کاڵاکانیش. تاقیکردنەوەی گەلانیش دەریانخستووە کە هەمائاهەنگی و هاوکاریی بوارەکانی ڕامیاریی و ئابووری مەرجێکە بۆ تەشەنەکردنی بیرکردنەوە لە ژینگەپارێزی.
پاشەکەوتکردنی وزە بۆ هەموو کەسێک پاشەکەوتکردنە لە خەرجی، چەپڵەش بە یەک دەست لێنادرێت، چۆن ئەرکی حکومەتە ڕێسا و یاسا دابنێت بۆ هاوردەکردنی ئامێر و کاڵای جۆرایەتیی بەرز کە هاوکارن لە پاشەکەوتکردنی وزە و پاراستنی ژینگەدا، ئاوهاش لەسەرمانە وەکو هاوڵاتیان نرخی وزە و تێچوونەکەی بە هەندبگرین.
کاتێک ئامێرەکەت بەکارناهێنیت بیکوژێنەوە، سیستەکەمەت ساز بدە کە خۆکارانە مت بێت و وزەی نەوێت لە کاتێکدا بەجێی دەهێڵیت و کارت پێی نابێت.
ئامێرێک بکڕە کە ژینگە جوانەکەت بپارێزێت. خۆت خاوەنی بڕیاریت و خۆشت دەتوانیت خەرجی کەم بکەیتەوە. ئەگەر بازرگانەکان گوێڕایەڵی ژینگەپارێزیان نەکرد تۆش کاڵاکانیان مەکڕە.
لەگەڵیدا بەگرنگی دەزانم حکومەت وشیاری زیاتر بدات لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ ئەم مەبەستە، دەبێت لە چەسپاندنی سیستمی نوێدا ئەوان دەستپێشخەربن.

پەراوێزەکان

[١] بڕوانە: ڕاپۆرتی BITCOM لە ٥/٣/٢٠٠٩ – (وێبگە www.bitkom.org)
[٢] گۆڤاری spiegel لە ٢٠/١١/٢٠٠٨ – National IT Gipfel
[٣] بڕوانە ویکیپیدیا – ئینگلیزی (en.wikipedia.org/wiki/Green_computing#cite_note-4)
[٤] ڕاپۆرتی پرۆژەی smart2020 لە بڵاوکراوەکانی سەرهێڵ www.smart2020.org
[٥] توێژینەوەی پرۆژەی UCLA Sustainability لە زانکۆی کالیفۆڕنیا، کە لەژێر ناوی Making ‚IT Green دا بڵاوکراوەتەوە – ساڵی ٢٠٠٩ (www.sustain.ucla.edu).
[٦] جۆناسان کومەی Joonathan Koomey پرۆفیسۆر لە زانکۆی ستانفۆرد، کارمەندی زانستی تاقیگەی نیشتمانی لاورەنس بارکەلییە Lawrence Berkeley National Laboratory. یەکەم کەس بوو کە ڕادەی چەندی بەکارهێنانی وزەی لە سەنتەرەکانی کۆمپیوتەردا نیشاندا، لێکۆڵینەوەکەی ساڵی ٢٠٠٧ بڵاوکردەوە، ئێستاش سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی هەمان شتە بۆ ساڵی ٢٠١٠ کەتاکوو ١٢/٨/٢٠١٠ لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت تەواو نەبووە. جۆناسان پێیوایە لە بەکارهێنانی وزەدا مرۆڤەکان بڕیاردەری سەرەکین نەک تەکنۆلۆژیا

[٧] ڕاپۆرتی GreenPeace لە ٣٠/٣/٢٠١٠ (www.greenpeace.org)
[٨] هەفتەنامەی computerwoche لە ١٠/٣/٢٠١٠ (http://www.computerwoche.de/hardware/data-center-server/1933252/)، هەروەها بڕوانە (www.google.com/green)
[٩] www.uni-trier.de

کورتکراوەکان
ئەو کورتکراوانەی لەم وتارەدا بەکار هێنراون:

Information technology IT
Information and communications technologies ICT
Light-emitting diode LED
Liquid Crystal Display LCD
Environmental Protection Agency EPA
Organisation for Economic Co-operation and Development OECD

سەرچاوەکان
سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
– کتێبی New Computer Efficiency Requirements Enesta Jones – 2007
– گۆڤاری Computerwoche No 47 – 16.Nov.2009
– گۆڤاری Computerwoche No 27, 28 – 05.Jul .2010
– ڕاپۆرتی ENERGY START Program requirements for computers Ver. 5.0
– ڕاپۆرتی Smart2020

 

 

پێداچوونه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی ڕێنووس، له‌سه‌ر بنه‌مای (ڕێنووسی یه‌كگرتووی زمانی كوردی): دیاكۆ.‌

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *