پێشه‌كی له نووسینی ده‌قێکدا، سه‌ره‌ڕای ڕه‌چاوکردنی کۆمه‌ڵێ یاسا و ڕێسای نووسین، نووسه‌ر ده‌بێ ڕه‌چاوی یاساکانی خاڵبه‌ندیش بکات. ده‌قێ که خاڵبه‌ندی تێیدا ڕه‌چاو نه‌کرابێ، ده‌بێته هۆی سه‌رلێشێواندن له خوێنه‌ر و، له ئه‌نجامیشدا، به‌هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن له نووسراوه‌که. ئه‌و نیشانانه‌ی له خاڵبه‌ندیدا زۆر به‌كار ده‌برێن بریتین له: ١. خاڵ، كه به‌م شێوه‌یه‌یه: (.). ٢. جووتخاڵ، كه به‌م شێوه‌یه‌یه: (:). ٣. بۆر، كه به‌م شێوه‌یه‌یه: (،). ٤. خاڵبۆر، كه به‌م شێوه‌یه‌یه: (؛). ٥. نیشانه‌ی پرس، که به‌م شێوه‌یه‌یه: (؟). ٦. نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان، که به‌م شێوه‌یه‌یه: (!). ٧. جووت که‌وانه‌ی بچووک، که به‌م شێوه‌یه‌یه: « ». ٨. جووت كه‌وانه‌ی گه‌وره، كه به‌م شێوه‌یه‌یه: ( ). ٩. هێڵ یان ته‌قه‌ڵ، كه به‌م شێوه‌یه‌یه: (ـ). ١٠. سێ خاڵ، که به‌م شێوه‌یه‌یه: (...). ١١. بۆشایی. ١٢. هێڵی لار (/)، (\) و پیتی (ر): یه‌که‌م: خاڵ (.): خاڵ له‌م شوێنانه داده‌نرێت: ١. له کۆتاییی هه‌موو ڕسته‌یه‌کدا، جگه له پرس و سه‌رسوڕمان، وه‌ک: نه‌ورۆز یه‌که‌م مانگی کوردییه. دوێنێ نامه‌که‌م نووسی. ٢. له دوای یه‌که‌م، یا یه‌که‌م و دووه‌م پیتی ناوێک که پێش ناوهێنانی پاشناوه‌که‌ی بکه‌وێت، وه‌ک: ع. شه‌ره‌فکه‌ندی. م. م. به‌درخان. ٣. بۆ کورتکردنه‌وه‌ی هه‌ندێ پیشه و نازناو و ڕێکه‌وت، دوای یه‌که‌م پیت داده‌نرێ، وه‌ک: پێغه‌مبه‌ر (د. خ.). (پێغه‌مبه‌ر دروودی خودای لێ بێ). پ. عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ. (پرۆفیسۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ). د. سۆران. (دوکتۆر سۆران). ماده‌کان ٧٠٠ ساڵ پ. ز. (پێش زایین) سه‌ریان هه‌ڵدا. ٤. دوای سه‌ردێڕ خاڵ دانانرێ، مه‌گه‌ر له چه‌ند ڕسته پێک هاتبێت. ٥. هه‌ندێ جاریش له جیاتیی نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان له دوای ئه‌و ڕستانه‌ی داده‌نرێ که داواکارییان تێدایه، وه‌کوو: وه‌ڵامه‌كانتان به‌راورد بكه‌ن. ٤. ئه‌وڕۆكه كاتێ له پرۆگرامێكی وه‌ك (Word) بته‌وێ دێڕه‌كانت به ژماره دیاری بكه‌ی، خۆی ئۆتۆماتیك پاش ژماره‌كان خاڵ داده‌نێ، وه‌ك: ١. مرۆڤ بۆی هه‌یه بیروڕای خۆی ده‌ربڕێ. ٢. كه‌س بۆی نییه بیروبۆچوونی كه‌سێ بخاته ژێر پرسیاره‌وه. ٣. هه‌موو كه‌سێ مافی یه‌كسانی هه‌یه له كۆمه‌ڵگادا. سه‌رنج: خاڵ، ده‌بێ بلكێنرێ به وشه‌كه‌ی پێشیه‌وه و بۆشاییی هه‌بێ له‌گه‌ڵ وشه‌ی دوایدا. دووه‌م ـ جووتخاڵ (:): جووتخاڵ له‌م شوێنانه داده‌نرێت: ١. له پێش ئاخاوتنێكه‌وه كه وه‌ك خۆی بگێڕدرێته‌وه، یان بگوترێت، وه‌ك: ئاسۆ وتی: «من خه‌ڵكی كوردستان‌م.» ٢. له دوای وشه‌یه‌ك یان باسێك، كه پێویستی به ته‌فسیر و ڕاڤه و لێكدانه‌وه بێت، وه‌ك: میرنشینه كوردییه‌كان بریتی بوون له: ئه‌رده‌ڵان، سۆران، بادینان، بابان، هه‌كاری و بۆتان. ٣. پێش هێنانه‌وه‌ی نموونه، له بری: (بۆ وێنه، وه‌كوو، بۆ نموونه...)، له‌م دۆخه‌دا ده‌توانرێت ته‌قه‌ڵێكیش دوای جووتخاڵه‌كه دابنرێت، وه‌كوو: ئاسمانی ئه‌ده‌بی كوردی پڕه له ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه:- نالی، مه‌حوی، گۆران، هێمن و هتد. ٤. زۆر جار له نێوان كاته‌كانی كاتژمێرێكدا هێمای جووتخاڵ به‌كار ده‌چێ، وه‌كوو: ١٠:٢٠:٢٢ (كاتژمێر ١٠ و ٢٠ خوله‌ك و ١٢ چركه). سه‌رنج: جووتخاڵ، ده‌بێ بلكێنرێ به وشه‌كه‌ی پێشیه‌وه و بۆشاییی هه‌بێ له‌گه‌ڵ وشه‌ی دوایدا. سێیه‌م ـ بۆر (،): بۆر نیشانه‌ی پشوویه‌كی كورته، له‌و شوێنه داده‌نرێ که وا له ڕسته‌كه بکات ئاسان بخوێنرێته‌وه، ڕوون بێت و به‌باشی تێ بگه‌یه‌نرێ. بۆر، چاره‌سه‌رێكی باشه بۆ ڕسته‌ی دوورودرێژی پشووبڕ. وه له‌م شوێنانه داده‌نرێ: ١. له دوای ناوی بانگكراوه‌وه، وه‌ك: كچینه، هه‌وڵ بده‌ن، به هه‌وڵدان ده‌گه‌نه ئامانج. ٢. له نێوان جێگر و جێلێگیراودا، وه‌ك: مه‌ستووره‌ی كوردستانی، هۆنه‌ر و مێژوونووس، له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ده‌ژیا. ٣. له‌و شوێنانه‌ی كه ژماردن و دووپاتبوونه‌وه‌ی تێدایه، وه‌ك: خوێ، ڕۆن، پیاز و برنج هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه كه پێویستن. زانیارییه‌كی باش، باشی هه‌بوو. ٤. بۆ جیاكردنه‌وه‌ی وشه‌ی سه‌رسوڕمان و وشه‌ی بانگلێكراو له ڕسته‌دا، وه‌ك: ئۆف، چ هه‌وایه‌ك! پێنووسه‌كه‌م بده‌رێ، ئاسۆ. ٥. بۆ دابڕینی زنجیره وشه‌یه‌ك له یه‌كتر، كه دوو دوو و پێكه‌وه به‌كار هێنرابن، وه‌ك: پێشمه‌رگه به برسییه‌تی و تینوویه‌تی، به هیلاكی و ماندوویه‌تی، كۆڵی لێ نادات. ٦. له دوای گێڕانه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر قسه‌كه‌ر، قسه‌یه‌كی كۆنی خۆی بگێڕێته‌وه، وه‌ك: خۆم وتم، "چێكردنی ماڵپه‌ڕ زۆر ئه‌سته‌م نییه." ٧. له پێش ئامرازی لێكده‌ری (وه، یا، یان)ه‌وه، به مه‌رجێك نه‌كه‌وتبێته سه‌ره‌تای ڕسته‌وه، وه‌ك: نه تۆ هاتبووی بۆ كۆبوونه‌وه‌كه، وه نه ئاراسی هاوڕێت. یا نامه‌كه بنووسه، یان په‌ڕتووكه‌كه بخوێنه‌ره‌وه. ٨. له دوای وشه‌ی (به‌ڵێ، نه و نه‌خێر)ه‌وه، وه‌ك: به‌ڵێ، نامه‌كه‌م نارد. نه، له‌و كاته‌دا ناتوانم به‌شدار بم. ٩. له باتیی فرمانێك بۆ ئه‌وه‌ی دووپات نه‌بێته‌وه، وه‌ك: من ده‌چم بۆ سلێمانی و ئه‌ویش، بۆ هه‌ولێر. ١٠. له ڕسته‌ی لێكدراودا، ده‌توانرێت له بری ئامرازی لێكده‌ری (و) به‌كار بهێنرێت، وه‌ك: شنۆ ویستی بچێ بۆ شایی، جلی له‌به‌ر كرد، خۆی ڕازانده‌وه، ته‌له‌فۆنی له هاوڕێكانی كرد، یه‌كیان گرت، خۆیان گه‌یانده شایییه‌كه. ١١. ده‌توانرێ له بری (كه)ی لێكده‌ر له ڕسته‌دا به‌كار بهێنرێت، وه‌ك: پێم خۆشه، پێكه‌وه بچین بۆ سینه‌ما. سوپاست لێ ده‌كه‌م، سه‌رت لێ دام. سه‌رنج: بۆر، ده‌بێ بلكێنرێ به وشه‌كه‌ی پێشیه‌وه و بۆشاییی هه‌بێ له‌گه‌ڵ وشه‌ی دوایدا. چواره‌م ـ خاڵبۆر (؛): خاڵبۆر بۆ وچانگرتنێکی درێژتر له بۆری ساده، به‌کار ده‌هێنرێت. زۆر جار، له‌و ڕستانه‌ی که زۆر لێک نزیکن له باتیی خاڵ داده‌نرێ، وه‌ک: له‌م ساڵانه‌ی دوایییه‌دا، کوردێکی زۆر په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌ران بوون؛ کورده‌کان ده‌توانن سوودێکی زۆر به گه‌له‌که‌یان بگه‌یه‌نن. پێنجه‌م ـ نیشانه‌ی پرس (؟): نیشانه‌ی پرس، ده‌خرێته کۆتاییی ئه‌و ڕستانه‌ی که پرسیاریان تێدایه، وه‌ک: ١. پێنووسه‌که‌ت چی لێ کرد؟ ٢. ئایا ده‌زانی یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی چ ساڵی ده‌ر چوو؟ شه‌شه‌م ـ نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان (!): ئه‌م نیشانه‌یه هه‌م بۆ سه‌رسوڕمانه، هه‌م بۆ ئه‌مرکردن یان داواکردنه. ١. له کۆتاییی ئه‌و وشانه، یان ئه‌و ڕستانه‌ی که سه‌رسوڕمان، یان په‌ژاره‌یی، یان هه‌ستێکی ده‌روونیی تێدایه، به‌کار ده‌هێنرێت، وه‌ک: چ هه‌ستێکی به‌سۆز! چه‌ند ده‌نگت خۆشه! ئای! ئه‌وه لێره‌یت! ئۆخه‌ی! ئاڵای کورد هه‌ڵکرا. ئای له‌و مانگه! چ جوانه! ٢. هه‌ندێ جار له کۆتاییی ئه‌و ڕستانه‌ی که فرمانپێدان یان داواکردنیان تێدایه، به‌کار ده‌برێ، وه‌ک: بڕۆ ده‌ره‌وه! ده‌رگاکه داخه! به‌جێم مه‌هێڵه! حه‌وته‌م ـ جووت که‌وانه‌ی بچووک « »: هه‌ندێ جاریش هێمای " " له جیاتیی جووت كه‌وانه‌ی بچووك به‌کار ده‌به‌ن و، له‌م شوێنانه به‌کار ده‌برێ: ١. كاتێ بمانه‌وێ گرنگیی تایبه‌تی بده‌ین به وشه‌یه‌ك، یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ك، یان ڕسته‌یه‌ك، ده‌یخه‌ینه ناو ئه‌و هێمایانه‌وه، وه‌كوو: زانایان «زمان» به كۆڵه‌كه‌ی نه‌ته‌وه داده‌نێن. من "مێژوو" به چرای تاریكستانی داهاتوو ده‌زانم. كاتێ بتوانین «ئه‌لفبێ جۆربه‌جۆره كوردییه‌كان» بكه‌ین به «یه‌ك ئه‌لفوبێ»، ئه‌و كاته گه‌لێ كێشه‌مان چاره‌سه‌ر ده‌بێ. ٢. وته‌یه‌ك كه ڕاسته‌وخۆ ده‌گێڕدرێته‌وه و ناشكێنرێت و ده‌ستكاری ناكرێ، ده‌خرێته ئه‌و ناوه‌وه، وه‌ك: پیاوه گه‌نجه‌كه وتی: "ڕاست ده‌كه‌ی، ئێمه یارمه‌تیت ده‌ده‌ین، من ڕابین هوودم." قازی موحه‌ممه‌د، چاونه‌ترس ڕووی تێ كردن: «ئێوه ئه‌مڕۆ قازی موحه‌ممه‌دێك ده‌كوژن، سبه‌ینێ له هه‌ر دڵۆپه خوێنێكی من، سه‌دان قازی موحه‌ممه‌دی تر سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن.» سه‌رنج: ئه‌گه‌ر ڕسته‌كه به خاڵ، بۆر، هێمای پرسیار، هێمای سه‌رسوڕمان و هتد كۆتاییی هات، ئه‌وانه‌ش ده‌خرێنه ناو كه‌وانه‌كانه‌وه. هه‌شته‌م ـ جووته كه‌وانه‌ی گه‌وره ( ): جووت كه‌وانه‌ی گه‌وره به چه‌ند مه‌به‌ستێك به‌كار ده‌چێ: ١. وشه‌یه‌ك، یان ڕسته‌یه‌ك ده‌خرێته نێوانی، كه واتایه‌كی تایبه‌تیی تری هه‌بێت، وه‌ك: پیره‌مێرد (حاجی تۆفیق) له وه‌رگێڕانی هۆنراوه‌دا، ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو. شاری سلێمانی (كه كه‌وتۆته دامێنی چیای ئه‌زمه‌ڕ) سلێمان پاشای بابان بنیادی ناوه. ٢. وشه‌ی بێگانه، وه‌ك: ئاگره‌دیوار (firewall) پێش به خۆترنجێنه‌ران ده‌گرێ بۆ ناو كۆمپیۆته‌ره‌كه‌ت. میری (حکومت) فرمانی کاولکردنی ناوچه‌که‌ی زوو ده‌رکردبوو. بۆ نووسین به کوردی پێویسته ته‌خته‌کلیل (keyboard)ێكی کوردی دامه‌زرێنی. ٣. ساڵی ده‌ستپێك و كۆتاییی ڕووداوێ، یان ساڵی له‌دایكبوون و كۆچكردنی كه‌سێ، وه‌ک: سنووری ده‌وڵه‌تی حه‌سنه‌وی (٩٤١ ـ ١٠١٤) كه پاره و پوولیشیان هه‌ڵكه‌ندبوو، هه‌مه‌دان، مه‌هاباد، كرماشان و شاره‌زوور بوو. حه‌مه پاشا (١٧٨٣ ـ ١٨٤٦)، كه به پاشای كۆره به‌ناوبانگه، توانیی له ساڵی ١٨٢٠دا سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له ڕه‌واندز ڕاگه‌یه‌نێ. تێبینی: كه‌وان كه داده‌خرێ نابێ بكلێنرێ به وشه‌كه‌ی پاشیه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وشه‌كه هێشتا ته‌واو نه‌بوو ده‌بێ بلكێت به كه‌وانه‌وه، وه‌ك: ئه‌مساڵ (حج)ێكی كرد. وشه‌ی (file)یان له کوردی‌دا كرد به «په‌ڕگه». سه‌رنج: وشه‌كانی ناو كه‌وانه‌كان نابێ له‌گه‌ڵ كه‌وانه‌كاندا بۆشایییان هه‌بێ. نۆیه‌م ـ هێڵ یان ته‌قه‌ڵ (ـ): ئه‌م نیشانه‌یه له‌م شوێنانه‌دا به‌كار ده‌هێنرێت: ١. بۆ جیاكردنه‌وه‌ی دوو كه‌سی گفتوگۆكه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی هێنده نه‌نووسرێ "وتی"، وه‌ك: سۆز ڕووی كرده ئاكۆ و وتی: ـ ئاكۆ، گوێت له سه‌ربازه‌كانه؟ ـ به‌ڵێ، دیاره هه‌ر به دوامان ده‌گه‌ڕێن. ـ تۆ بڵێی بماندۆزنه‌وه؟ ـ خه‌مت نه‌بێ، ناتوانن. ـ ئه‌گه‌ر كوژرام، دڵنیا به له گۆڕیشا هه‌ر خۆشم ده‌وێی. ٢. ده‌توانرێ له بری ئه‌و كه‌وانه گه‌وره‌یه به‌كار بهێنرێ كه له خاڵی یه‌كه‌می جووته كه‌وانه‌ی گه‌وره‌دا باسمان كرد، وه‌ك: پیره‌مێرد ـ حاجی تۆفیق ـ له وه‌رگێڕانی هۆنراوه‌دا، ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو. ده‌توانی هه‌رچه‌نده میوه ـ جگه له مۆز ـ پێت خۆشه، بخۆی و، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش کێشه‌که‌ت دابه‌زێ. ٣. له نێوان ژماره و ژمێرراودا، ئه‌گه‌ر كه‌وته سه‌ره‌تای ڕسته‌وه، هه‌ر چه‌ند ده‌كرێ خاڵیش دابنرێ، وه‌ك: هه‌ندێ له مه‌رجه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌ت بریتین له: ١ـ بابه‌ته‌كه ده‌بێ سوودگه‌یه‌نه‌ر بێت. ٢ـ ڕه‌چاوكردنی ڕێنووسی كوردی. ٣ـ ڕه‌چاوكردنی خاڵبه‌ندی. ٤ـ سه‌رچاوه‌كان ده‌بێ دیاری كرێن. وه‌ك وتمان ده‌شكرێ خاڵ دانێین: ١. بابه‌ته‌كه ده‌بێ سوودگه‌یه‌نه‌ر بێت. ٢. ڕه‌چاوكردنی ڕێنووسی كوردی. ٣. ڕه‌چاوكردنی خاڵبه‌ندی. ٤. له كۆتاییی دێڕێكدا ئه‌گه‌ر هه‌موو وشه‌كه جێی نه‌بووه‌وه و ویستت به‌شێك له وشه‌كه هه‌ر له‌و دێڕه بنووسی ته‌قه‌ڵ داده‌نێی، وه‌ك: .............................. ڕێباــ زه‌كان ........................... تێبینی: له‌م شوێنانه ته‌قه‌ڵه‌كه بێ بۆشایی ده‌نووسرێ: كاتی ئاوه‌ڵابوون: ١٢ـ١٦. له هه‌فته‌یه‌كدا ٧ـ٨ میل ڕا ده‌كات. ده‌یه‌م ـ سێ خاڵ (...): ئه‌م «سێ خاڵ»ه له بری وشه، یان ڕسته، كه قرتێنراوه، به مه‌به‌ستی كورتكردنه‌وه، به‌كار ده‌برێ، وه‌ك: من سنه، كرماشان، مه‌هاباد، سلێمانی، كه‌ركووك و ...م چاو پێ كه‌وتووه. له كوردستاندا نه‌وت، ئاسن، زێڕ، زیو، گۆگرد و ... ده‌ست ده‌كه‌وێ. بیستووته ...؟ فریام كه‌ون! فریام كه‌ون! فر... سه‌رنج: ئه‌گه‌ر له نیوه‌ی وشه‌كه‌دا پێویست به "سێ خاڵ" هه‌بوو ئه‌وه ده‌لكێ به وشه‌كه‌وه ئه‌گینا ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ بنووسرێ. یانزه‌یه‌م ـ بۆشایی (space): به مه‌ودای نێوان دوو وشه‌ی سه‌ربه‌خۆ ده‌ڵێن «بۆشایی». ئه‌مه زیاتر له نووسین به كۆمپیۆته‌ر و كه‌ره‌سته‌ی نووسین زۆر گرنگه. سه‌یری ئه‌م نموونه‌یه بكه‌ن: (ئاڵای شه‌كاوه ـ ئاڵایشه‌كاوه) له یه‌كه‌مدا بۆشایی هه‌یه، له دووه‌مدا بۆشایی نییه. دیاره ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ڕاسته. یان هه‌ندێ جار له‌و شوێنانه‌ی كه پێویست به «بۆشایی» ناكات، بۆشایی داده‌نێن، وه‌كوو: "له گه ڵ" كه ده‌بێ بنووسرێ "له‌گه‌ڵ". نووسه‌ر ده‌بێ بزانێ له چ شوێنێكدا "بۆشایی" پێویسته، یان پێویست نییه، ئه‌گینا وشه‌كان واتای هه‌ڵه ده‌ده‌نه ده‌سته‌وه و تێگه‌یشتنیان قورس ده‌بێت. سه‌یری چه‌ند نموونه‌یه‌ك بكه‌ن: (باسكرا) ده‌بێ بۆشاییی هه‌بێ: (باس كرا). (وامه‌كه) ده‌بێ بۆشاییی هه‌بێ: (وا مه‌كه). (جێیهێشت) ده‌بێ بۆشاییی هه‌بێ: (جێی هێشت). (خۆشمده‌وێی) ده‌بێ بۆشاییی هه‌بێ: (خۆشم ده‌وێی). تێبینی: (و)ی په‌یوه‌ندی، وشه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه و ده‌بێ هه‌موو كاتێ له‌گه‌ڵ وشه‌كانی پێش و پاشیه‌وه بۆشاییی هه‌بێت:- (كرێكار‌و وه‌رزێر) ده‌بێ بۆشاییی هه‌بێ: (كرێكار و وه‌رزێر). (گڕو تین) ده‌بێ بۆشاییی هه‌بێ: (گڕ و تین). وشه‌ی لێكدراو نابێ بۆشاییی هه‌بێ، وه‌ك: (خۆل كێش) نابێ بۆشاییی هه‌بێ: (خۆڵكێش). (وێنه كێش) نابێ بۆشاییی هه‌بێ: (وێنه‌كێش). (سكاڵا نووس) نابێ بۆشاییی هه‌بێ: (سكاڵانووس). (له گه‌ڵ) نابێ بۆشاییی هه‌بێ: (له‌گه‌ڵ). (جێ ژوان) نابێ بۆشاییی هه‌بێ: (جێ‌ژوان). (باوك مردوو) نابێ بۆشاییی هه‌بێ: (باوكمردوو). له‌م هۆنراوه‌یه‌ی مامۆستا هێمندا، ده‌بینن كه دانانی بۆشایی له (كه‌ماڵ)دا چه‌نده ماناكه ده‌گۆڕێ: كه‌ماڵت بێ كه‌ماڵت بۆ چییه له‌و شاره وێرانه؟ كه‌ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی دی، گوڵم نه‌یویست كه‌ماڵی من كه دیاره ده‌بێ ئاوا بنووسرێ: كه ماڵت بێ، كه‌ماڵت بۆ چییه له‌و شاره وێرانه؟ كه ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی دی، گوڵم نه‌یویست كه‌ماڵی من دوازده‌یه‌م ـ هێڵی لار (/)، (\) و پیتی (ر): ١. بۆ نووسینی ڕێكه‌وت كه به ژماره ده‌نووسرێ، كه‌ڵك له هێڵی لاری (/) وه‌رده‌گرین، وه‌ك: شاری كه‌ركووك له ١٠/٤/٢٠٠٣ ڕزگار كرا. ٢. بۆ نووسینی «دابه‌شكردن» له ناو ده‌قێك كه پیتی تێدا به‌كار چووه، كه‌ڵك له هێڵی لاری (\) وه‌رده‌گرین، وه‌ك: خێراییی تێشك (٣٠٠ هه‌زار كم\چركه)دایه. ٣. پیتی (ر) له ناو ژماره‌دا له جیاتیی (ممیز) به‌كار ده‌چێ، وه‌ك: - ٢٣ر٠ - ٤٨ر١٢ ڕه‌چاوكردنی خاڵبه‌ندی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه نووسه‌ر مه‌به‌سته‌كه‌ی به‌باشی بگه‌یه‌نێته خوێنه‌ر و، خوێنه‌ریش به هه‌ڵه له مه‌به‌سته‌كه تێ نه‌گات. ژێده‌ر: ١. زمان و ئه‌ده‌بی کوردی، بۆ پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، ساڵی ١٩٨٢. ٢. Vuxen svenska, etapp 2 & 3, 1988 3. http://www.fritext.se/svmall.html