دروستكردنی ماڵپه‌ڕێكی بچووك به‌ فلاش

پێشه‌كی:

له‌وه‌ ناچێت پرۆگرامه‌كانی دروستكردنی ماڵپه‌ڕ و ڕێگاكانی دروستكردنی له‌ ژماردن بێن، ئه‌وه‌نده‌ زۆرن و هه‌ر یه‌كێكیان تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌. پرۆگرامی فلاش یه‌كێكه‌ له‌و پرۆگرامانه‌ی كه‌ ماڵپه‌ڕی به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسان پێ دروست ده‌كرێت. تایبه‌تمه‌ندیی فلاش ئه‌وه‌یه كه‌ به‌ یه‌ك (په‌ڕگه File) ماڵپه‌ڕێكی ته‌واو درووست بكه‌یت، به‌ڵام له‌ پرۆگرامه‌كانی تر ماڵپه‌ڕ له‌ چه‌ند (په‌ڕگه‌یه‌ك File) دروست ده‌بێت.

ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك:
ئه‌گه‌ر به‌ گشتی سه‌یری ماڵپه‌ڕ بكه‌ین بریتییه‌ له‌ چه‌ند (په‌ڕگه File)یه‌ك، ئه‌م په‌ڕگانه‌ پێكه‌وه‌ گرێ دراون بۆ ئه‌وه‌ی له په‌ڕگه‌یه‌كه‌وه‌ بچیت بۆ (په‌ڕگه File)یه‌كی تر، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ چه‌ند (دوگمه‌یه‌ك ‌ Button) دروست بكه‌یت وه‌ كاتێك [كرته ‌click] له‌ دوگمه‌كه‌ بكه‌یت بچێته‌ (په‌ڕگه File)یه‌كی تر، هه‌روه‌ها هه‌موو په‌ڕگه‌كانی تریش به‌ هه‌مان شێوه‌. به‌ڵام ئه‌م كاره‌ی كه‌ له‌م ڕاهێنانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت ته‌نها له‌ یه‌ك (په‌ڕگه ‌ File) پێك هاتووه‌. ئه‌م په‌ڕگه‌یه‌ش بریتی ده‌بێت له‌ چه‌ند به‌شێك و به‌ دروستكردنی دوگمه‌كان له‌ به‌شێكه‌وه‌ ده‌چیت بۆ به‌شێكی تر.

پاشبنه‌ما:
ئه‌گه‌ر پرۆگرامی فلاش بكه‌یته‌وه‌، خۆی درێژی و به‌رزیی په‌ڕگه‌كه‌ی بۆ دیاری كردوویت به‌ ٥٥٠ پانی و ٤٠٠ به‌رزی، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ ماڵپه‌ڕێك بچووكه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ پێش هه‌موو كارێك درێژی و به‌رزی بگۆڕین.
له‌ به‌شی سه‌ره‌كی كرته‌ له‌ (‌click) و پاشان له (Document) بكه‌ یان (Ctrl + M).
په‌نجه‌ره‌یه‌كی بچووك ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ شوێنی درێژی و به‌رزیی بۆ دیاری كردوویت. درێژییه‌كه‌ی بگۆڕه‌ به‌ (٧٦٨) و به‌رزییه‌كه‌ی بكه‌ به‌ (٥٣٠). ئه‌توانیت خۆت ژماره‌یه‌ك دانێیت ئه‌گه‌ر پێت خۆش بوو گه‌وره‌تر یان بچووكتر بێت. له‌ هه‌مان په‌نجه‌ره‌ (پاشبنه‌ما Background)ی به‌ ڕه‌نگی سپی بۆ دیاری كردوویت، ده‌توانی بیگۆڕیت.
كرته‌یه‌ك له‌ سه‌ر ڕه‌نگه‌ سپییه‌كه‌ بكه‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی بچووك ده‌كرێته‌وه‌، زۆربه‌ی ڕه‌نگه‌كانی تێدایه‌، كاتێك (مشك‌‌ Mouse)ه‌كه‌ به‌سه‌ر هه‌ر ڕه‌نگێكدا بهێنیت، له‌ چاڵێكی بچووك كۆدی ڕه‌نگه‌كه‌ت بۆ ده‌نووسێت، واته‌ خۆشت ده‌توانیت له‌ جیاتیی ئه‌و ڕه‌نگانه‌ كۆدی ڕه‌نگێك بنووسیت. تۆ له‌م ڕاهێنانه‌ ئه‌م كۆده‌ بنووسه‌: (‌#DCE9BA)، كه‌ ڕه‌نگێكی فستقیی كاڵه‌، پاشان كرته‌ له‌ (Ok) بكه‌.

www.zkurd.org

(داڕشتن Design):
زۆربه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كان به‌ چه‌ند به‌شێك چێ ده‌كرێن، به‌تایبه‌تی له‌ سێ به‌ش: (به‌یداخ Banner)، به‌شێك بۆ (دوگمه‌ Button)، به‌شێك بۆ ناوه‌ڕۆكی په‌ڕه‌كه‌.
كه‌واته‌ پێویسته‌ له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ به‌یداخێكت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ناوی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی تێدا بنووسیت.
دروستكردنی به‌یداخ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌ستڕه‌نگینیی خۆت، ده‌توانی وێنه‌ به‌كار بێنیت، ده‌شتوانیت له‌ ڕه‌نگێك یان چه‌ند ڕه‌نگێك دروستی بكه‌یت. ئه‌گه‌ر وێنه‌ به‌كار بهێنیت، پێویسته‌ پێشتر وێنه‌كه‌ت ئاماده‌ كردبێت، پاشان له‌ به‌شی سه‌ره‌وه و له‌سه‌ر‌ (په‌ڕگه‌ File) و پاشان (بینێره‌ Import) ‌كرته‌ بكه‌، په‌نجه‌ره‌یه‌كت بۆ ئه‌كرێته‌وه‌، كه‌ ده‌توانیت له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ وێنه‌كه‌ بدۆزیته‌وه‌ و بیهێنیته‌ ناو پرۆگرامه‌كه‌وه‌.
دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ هاته‌ ناو پرۆگرامه‌كه‌، ده‌توانیت له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی په‌ڕه‌‌كه‌ داینێیت به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی په‌ڕه‌كه‌ ده‌ر نه‌چێت. پاشان ده‌توانیت ناوێك له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ بنووسیت، من له‌ وێنه‌كه‌دا نووسیومه (My Website) له‌ شوێنێكی تریشدا نووسیومه (Bexêr Bên Bo Mallperrekem).

www.zkurd.org

ئه‌و به‌شه‌ به‌تاڵه‌ی كه‌ ماوه‌ به‌ ستوونی ئه‌یكه‌ین به‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێكیان بۆ ناوه‌ڕۆك و به‌شه‌كه‌ی تر بۆ دوگمه‌كان.
له‌ به‌شی ڕاسته‌وه‌ كه‌ بۆ دوگمه‌كان دای ئه‌نێیت، لاكێشه‌یه‌ك درووست بكه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌یداخه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات تاكوو خواری لاپه‌ڕه‌كه‌، به‌ڵام له‌ لاپه‌ڕه‌كه‌ ده‌ر نه‌چێت.
ئه‌توانیت خۆت ڕه‌نگێكی بۆ هه‌ڵبژێریت، هه‌روه‌ها بۆ چوارچێوه‌كه‌شی وه‌ك ئه‌م وێنه‌یه‌ی خواره‌وه‌.

www.zkurd.org

ئه‌توانیت به‌شی ناوه‌ڕۆك بێ ده‌ستكاریكردن به‌جێ بێڵیت و یه‌كسه‌ر ده‌قێكی تیا بنووسیت، به‌ڵام پێم باشه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌ویشدا لاكێشه‌یه‌ك به‌ ڕه‌نگی سپی درووست بكه‌یت، جوانتر ئه‌بێت.

www.zkurd.org

بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر بزانێت كرته‌ له‌ كوێ بكات، پێویسته‌ بۆ هه‌ر دوگمه‌یه‌ك وشه‌یه‌ك بنووسیت، بۆ نموونه‌: ماڵه‌وه‌، گه‌له‌ری، به‌سته‌ر، په‌یوه‌ندی و هتد. به‌ڵام جوانتر وایه‌ كه‌ وشه‌كان له‌ ناو چوارچێوه‌یه‌ك یان چوارگۆشه‌یه‌كدا بن. بۆیه‌ پێش نووسینی وشه‌كان چوار لاكێشه له‌ سه‌روو یه‌كتر و به‌ڕێكی له‌ به‌شی ڕاست درووست بكه‌ به‌ ڕه‌نگێكی جیاواز. من بۆ نموونه‌ ڕه‌نگی جه‌رگیم هه‌ڵبژاردووه‌ و چوارچێوه‌كه‌ی سپی.

www.zkurd.org
www.zkurd.org

ئێستا پێویست ده‌كات له‌سه‌ر هه‌ر لاكێشه‌یه‌ك كه‌ درووستت كردن، وشه‌یه‌ك بنووسیت. (Mallewe, Mosîqa, Bester, Peywendî) وه‌ك ئه‌م وێنه‌یه‌ی خواره‌وه‌.

دوگمه‌:
دوای ئه‌وه‌ی دوگمه‌كانت درووست كرد، دوو هه‌نگاوی تر ئه‌مێنن بۆ ئه‌وه‌ی كاری ته‌واوی خۆیان بكه‌ن. یه‌كه‌میان پێویسته هه‌ر لاكێشه‌یه‌ك به‌ جیا بكه‌یت به‌ هێمای دوگمه‌، دووه‌م هه‌نگاو له‌ به‌شی (Action) ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كرته‌ كرا له ‌سه‌ری چی بكات.

یه‌كه‌م هه‌نگاوی دوگمه‌:
كرته‌ له‌ یه‌كه‌م لاكێشه‌ بكه‌ كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌ (Mallewe) پاشان له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ كرته‌ بكه‌ له‌ (تێخستن Insert) و پاشان (بیگۆڕه‌ بۆ هێما Convert to Symbol). په‌نجه‌ره‌یه‌كی بچووكت بۆ ئه‌كرێته‌وه‌، له‌وێ به‌شی دووه‌م كه‌ (دوگمه‌ Button) نووسراوه‌ هه‌ڵبژێره‌ و پاشان كرته‌ له ‌(OK) بكه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ لاكێشه‌كانی تریش بگۆڕه‌ بۆ هێمای دوگمه‌.

(كاتهێڵ timeline):

١. هه‌نگاوی یه‌كه‌م:
تا ئێستا ئه‌م كارانه‌ی كردووته‌ هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ك (چین Layer) له‌ ناو (كاتهێڵ timeline) و له‌سه‌ر (چوارچێوه‌ی ١ Frame 1) درووست كراون. له‌سه‌ر هه‌مان كاتهێڵ كه‌ وێنه‌كه‌ی تێدایه‌ له‌سه‌ر (چوارچێوه‌ی ٨٠ Frame 80) كرته‌یه‌ك بكه‌ و پاشان یه‌ك جار له‌سه‌ر (ته‌خته‌كلیل Keyboard)ه‌كه‌ت په‌نجه‌ بنێ به‌ ‌(F5). به‌م كاره‌ وێنه‌كه‌ له‌سه‌ر كاتهێڵ تا ژماره‌ (٨٠)درێژ بووه‌وه‌.
چه‌ند دوگمه‌ت لای خۆت درووست كردبێت، پێویسته‌ له‌ كاتهێڵیش ئه‌وه‌نده‌ به‌شت هه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ناو (كاتهێڵ timeline) به‌رگێكی تر درووست بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاتهێڵه‌كه‌ش چوار به‌ش درووست بكه‌یت و له‌سه‌ر هه‌ر به‌شێكیش ناوێكی بۆ دانێیت.
له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ كرته‌ له‌سه‌ر (تێخستن Insert) و پاشان (چین Layer) كرته‌ بكه‌. له‌ به‌شی (كاتهێڵ timeline) به‌رگێك زۆر بوو، كه‌ خۆی ناوی ناوه (Layer 2).

www.zkurd.org

له‌م به‌رگه‌ پێویسته‌ (كاتهێڵ timeline) بكرێت به‌ چوار به‌شه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چوار دوگمه‌ت درووست كرد، بۆ ئه‌وه‌ له‌سه‌ر (چوارچێوه‌ی ٢٠ Frame 20) كرته‌ بكه‌ و پاشان له‌سه‌ر (ته‌خته‌كلیل Keyboard)ه‌كه‌ت په‌نجه‌ بنێ به‌ ‌(F7). به‌هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر (چوارچێوه‌ی ٤٠ و ٦٠ Frame 40, 60) هه‌مان كار بكه‌.

www.zkurd.org

٢. هه‌نگاوی دووه‌م:
هه‌نگاوی یه‌كه‌م هه‌رچییه‌كت كردووه‌، جارێكی تر دووباره‌ی بكه‌ره‌وه‌. واته‌ له‌سه‌ر (كاتهێڵ timeline) دیسان [چین Layer)ێكی نوێ درووست بكه‌، كه‌ خۆی ناوی ئه‌نێت (Layer 3).
له‌ (كاتهێڵ timeline) له‌سه‌ر (چینی دووه‌م Layer 2) و له‌ناو (چوارچێوه‌ی ١ Frame 1) كرته‌یه‌ك بكه‌، پاشان له‌ناو لاپه‌ڕه‌كه‌، له‌ به‌شی ناوه‌ڕۆك كه‌ دات ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی تێدا بنووسیت، واته‌ ئه‌و به‌شه‌ی ڕه‌نگی سپیت كرد. ده‌قێك بنووسه‌، من نووسیومه‌ (Eme beshî yekeme( كه‌ له‌م وێنه‌یه‌ی خواره‌وه‌دا دیاره‌. تۆ ئه‌توانیت شتێكی تر بنووسیت. پاشان هه‌مان كار بكه‌ره‌وه‌ له‌ (چوارچێوه‌ی ٢٠ Frame 20) به‌ڵام ده‌قێكی جیاواز بنووسه‌ و له‌ ده‌قی یه‌كه‌م نه‌چێت. پاشان هه‌مان كار له‌ (چوارچێوه‌ی ٤٠ Frame 40) و (چوارچێوه‌ی ٦٠ Frame 60) دووباره‌ بكه‌ره‌وه‌، به‌ڵام هیچ كامیان ده‌ق و نووسینه‌كانیان له‌ یه‌ك نه‌چێت.

www.zkurd.org

دووه‌م هه‌نگاوی دوگمه‌:
وه‌كوو له‌ سه‌ره‌وه‌ نووسرا بوو، دووه‌م هه‌نگاو بۆ ته‌واوكردنی دوگمه‌كان له‌ به‌شی (Action)دایه‌، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك له‌سه‌ر دوگمه‌یه‌ك كرته‌ كرا، چیمان بۆ بكات.
له‌ (كاتهێڵ timeline) له‌سه‌ر (چین سێیه‌م Layer 3) و له‌ناو (چوارچێوه‌ی ١ Frame 1) كرته‌یه‌ك بكه‌، پاشان له به‌شی خواره‌وه‌ی پرۆگرامه‌كه له‌سه‌ر هێڵێك به ڕه‌نگی خاكی له‌سه‌ری نووسراوه (تایبه‌تمه‌ندییه‌كان Properties)، ئه‌گه‌ر هه‌بوو كرته‌یه‌ک له‌سه‌ر هێڵه‌كه بكه، ئه‌گه‌ر نه‌بوو له ‌به‌شی سه‌ره‌كی كرته له (Windows) و پاشان (تایبه‌تمه‌ندییه‌كان Properties) بكه، یان (Ctrl + F3).

له به‌شی (تایبه‌تمه‌ندییه‌كان Properties) چه‌ند هه‌ڵبژارده‌یه‌كمان هه‌یه كه كراون به سێ به‌شه‌وه:
بڕوانه‌ وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌.
(Frame)
( له‌م به‌شه ئه‌توانیت ناوێك دانێیت بۆ ئه‌و (Frame) كه له‌سه‌ر هێڵی كاته‌كه دانراوه، سوودی بۆ ئه‌وه‌یه‌ له كۆد و به‌شی چالاكییه‌كان به‌كاری بێنیت).

(Tween)
( ئه‌م به‌شه بۆ گۆڕانكاریكردنه به‌ وێنه‌كان چ (Movie Clip) یان (Button) یان (Graphic) بن).

(Sound)
( ئه‌م به‌شه بۆ دانانی ده‌نگ و وه‌ستانی ده‌نگه‌كانه و هه‌روه‌ها گۆڕینیان).

ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ به‌شه‌ی كه باسم كردن دیار نه‌بوون، له‌ (كاتهێڵ timeline) له‌سه‌ر (چین سێیه‌م Layer 3) و له‌ناو (چوارچێوه‌ی ١ Frame 1) كرته‌یه‌ك بكه
ئه‌وه‌ی ئێمه ئێستا لێره پێویستمانه به‌شی خانه‌ی (چوارچێوه‌‌ Frame)یه‌ له‌ناو (تایبه‌تمه‌ندییه‌كان Properties)، كه‌ خۆی له‌ چاڵێكدا به‌ ڕه‌نگێكی كاڵ تیایدا نووسراوه‌ ()، كرته‌یه‌كی لێ بكه‌ و پاشان تێیدا بنووسه‌ (Dugmey yekem(.
پاشان هه‌مان كردار له‌ (كاتهێڵ timeline) له‌سه‌ر (چینی سێیه‌م Layer 3) و له‌ناو (چوارچێوه‌ی ٢٠ Frame 20) به‌ ناوی (Dugmey dwem) و (چوارچێوه‌ی ٤٠ Frame 40) به‌ ناوی (Dugmey seyem) و (چوارچێوه‌ی ٦٠ Frame 60) به‌ ناوی (Dugmey chwarem) دووباره‌ بكه‌ره‌وه.
ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یری (كاتهێڵ timeline) له‌سه‌ر (به‌رگی سێیه‌م Layer 3) بكه‌یت، هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ له‌ سه‌ر ژماره‌ ١ ، ٢٠، ٤٠ و ٦٠ ئاڵایه‌كی سووری بۆ داناویت و ناوه‌كانیش كه‌ نووسیت له‌وێ ده‌ركه‌وتوون. واته‌ ئه‌بێت كاره‌كانت وه‌ك ئه‌م وێنه‌یه‌ ده‌ر بكه‌وێت.

www.zkurd.org

(Actions):
له به‌شی خواره‌وه‌ی پرۆگرامه‌كه له‌سه‌ر هێڵێك به ڕه‌نگی خاكی له‌سه‌ری نووسراوه (Actions-Frame)، ئه‌گه‌ر هه‌بوو كرته‌یه‌ک له‌سه‌ر هێڵه‌كه بكه، ئه‌گه‌ر نه‌بوو له ‌به‌شی سه‌ره‌كی كرته له (Windows) و پاشان (Actions) بكه، یان (F2).
له‌ فلاشی ٦ به‌ دوو شێواز ئه‌م به‌شه‌ ئه‌بینیت، به‌ڵام له‌ فلاش ٧ واته‌ فلاشی ٢٠٠٤ به‌ یه‌ك شێواز ئه‌یبینیت. ئه‌گه‌ر فلاشی ٦ به‌كار ده‌هێنیت، له‌م به‌شه‌دا و له‌ لای ڕاست دوگمه‌یه‌كی بچووكت هه‌یه‌، كه‌ لێی نووسراوه ‌(ڕێكخستنه‌كان پیشان بده‌ View Options) وه‌كوو له‌ وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌دا دیاره‌، كرته‌یه‌كی لێ بكه‌ و پاشان (Expert Mode) كرته‌ بكه‌.
ئێستا كرته‌یه‌ك له‌ لاكێشه‌ی یه‌كه‌م بكه‌ كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌ (Mallewe(، پاشان له‌ به‌شی (Actions) ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ بنووسه‌:


on (release) {
gotoAndPlay("Dugmey yekem");
}
www.zkurd.org

ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌: هه‌ر كاتێك له‌سه‌ر ئه‌م لاكێشه‌ كرته‌ بكرێت، له‌ناو (كاتهێڵ timeline) بڕوات بۆ ئه‌و (چوارچێوه‌یه‌ی Frame) كه‌ ناومان لێ نا (Dugmey yekem).
تێبینی: هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له‌م كۆده‌دا بكه‌یت، كاره‌كانت هیچی سه‌ركه‌وتوو نابێت. ئه‌گه‌ر پیتێك به‌ گه‌وره‌ نووسرابوو پێویسته‌ تۆش به‌ گه‌وره‌ بینووسیت.
پاشان كرته‌یه‌ك له‌ لاكێشه‌ی یه‌كه‌م بكه‌ كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌ (Mosîqa(، پاشان له‌ به‌شی (Actions) ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ بنووسه‌:


on (release) {
gotoAndPlay("Dugmey dwem");
}

ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌: هه‌ر كاتێك له‌سه‌ر ئه‌م لاكێشه‌ كرته‌ بكرێت، له‌ناو (كاتهێڵ timeline) بڕوات بۆ ئه‌و (چوارچێوه‌ Frame)یه‌ی كه‌ ناومان لێ نا (Dugmey dwem).

ئه‌م جاره‌ كرته‌یه‌ك له‌ لاكێشه‌ی یه‌كه‌م بكه‌ كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌ (Bester(، پاشان له‌ به‌شی (Actions) ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ بنووسه‌:


on (release) {
gotoAndPlay("Dugmey seyem");
}

ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌: هه‌ر كاتێك له‌سه‌ر ئه‌م لاكێشه‌ كرته‌ بكرێت، له‌ناو (كاتهێڵ timeline) بڕوات بۆ ئه‌و (چوارچێوه Frame)‌یه‌ی كه‌ ناومان لێ نا (Dugmey seyem).

له‌ كۆتاییدا كرته‌یه‌ك له‌ لاكێشه‌ی یه‌كه‌م بكه‌ كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌ (Peywendi(، پاشان له‌ به‌شی (Actions) ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ بنووسه‌:


on (release) {
gotoAndPlay("Dugmey chwarem");
}

ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌: هه‌ر كاتێك له‌سه‌ر ئه‌م لاكێشه‌یه‌‌ كرته‌ بكرێت، له‌ناو (كاتهێڵ timeline) بڕوات بۆ ئه‌و (چوارچێوه Frame)‌یه‌ی كه‌ ناومان لێ نا (Dugmey chwarem).

ئێستا ئه‌توانیت هه‌رچییت كردووه‌ تاقی بكه‌یته‌وه‌ بزانیت چۆن ده‌ر چووه‌. ئه‌ویش به‌: ته‌خته‌كلیله‌كه‌ت (Ctrl + Enter) ، یان له به‌شی سه‌ره‌کی له‌سه‌ر (Control) و پاشان (Test Movie) كرته بكه.
ئه‌گه‌ر كاره‌كانت تا ئێستا به‌ سه‌ركه‌وتوویی كردبێت، ئێستا په‌ڕه‌كه‌ به‌ جوانی ئه‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌یه‌ك درووست ئه‌بێت، ئه‌ویش بێ ئه‌وه‌ی كرته‌ له‌ دوگمه‌كان بكه‌یت، خۆی به‌ ناو هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌دا ئه‌ڕوات بێ وه‌ستان. كه‌واته‌ پێویسته‌ له‌ كاتی كرته‌كردندا له‌سه‌ر دوگمه‌كان پێویسته‌ بۆ هه‌ر دوگمه‌یه‌ك بچێت، بوه‌ستێت.
له‌ (كاتهێڵ timeline) له‌سه‌ر (چینی سێیه‌م Layer 3) و له‌ناو (چوارچێوه‌ی ١ Frame 1) كرته‌یه‌ك بكه‌، پاشان له (Actions) ئه‌مه‌ بنووسه‌:
stop();
پێویسته‌ ئه‌م كۆده‌ له‌ هه‌موو (چوارچێوه‌ Frame)كانی ٢٠ ، ٤٠ و ٦٠ دووباره‌ بكه‌یته‌وه‌.
ئێستا دووباره‌ ئه‌توانیت هه‌رچییت كردووه‌ تاقی بكه‌یته‌وه‌ بزانیت چۆن ده‌ر چووه‌. ئه‌ویش به‌: ته‌خته‌كلیله‌كه‌ت (Ctrl + Enter) ، یان له به‌شی سه‌ره‌کی له‌سه‌ر (Control) و پاشان (Test Movie) كرته بكه. ئه‌گه‌ر هه‌موو كاره‌كانت به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام دابێت، ئه‌وا ماڵپه‌ڕێكت بۆ خۆت درووست كردووه‌ و به‌جوانی كار ده‌كات.
داگرتن:
بۆ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك یان تێنه‌گه‌یشتنێك ئه‌توانیت ئه‌م (په‌ڕگه‌ File)یه‌ داگریت، بۆ به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ كاره‌كانی خۆت.
http://www.zkurd.org/huner/images/mallperr.zip

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *