ڕێنوێنی كڕینی كۆمپیۆته‌ر (4)


10. (كارتی ده‌نگ Sound card)

له‌ كۆمپیۆته‌ردا (كارتی ده‌نگ Sound card) هه‌یه‌. كارتی‌ ده‌نگه‌كان پێكه‌وه‌ جیاوازییان له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئاخۆ هه‌ر كامه‌یان هاوكات ده‌توانن له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌نگدا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن؟

هه‌رزانترینه‌كانیان هاوكات له‌گه‌ڵ ١٢٨ ده‌نگ و گرانه‌كانیان هاوكات له‌گه‌ڵ ١٠٢٤ ده‌نگ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن. ئه‌و كارته‌ ده‌نگه‌ی كه‌ وه‌كوو ستاندارد له‌نێو هه‌موویاندا ناوبانگی ده‌ركردووه‌ پێی ده‌وترێ Soundblaster كه‌ كارتێكی باشه‌.

پاش كارتی ده‌نگ، نۆره‌ی بڵیندگۆیه‌ كه‌ هه‌رچی بڵیندگۆیه‌كی باشترمان هه‌بێ بێگومان ده‌نگه‌كه‌ باشتر بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

بۆ‌ كۆمپیۆته‌ری‌ نووسینگه‌یه‌ك، كارتێكی ئاسایی باشه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ (ڕه‌نگاڵه ‌multimedia) كار ده‌كه‌ن باشتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كارتی ده‌نگه‌كه‌یان بتوانێ هاوكات له‌گه‌ڵ ١٠٢٤ ده‌نگ هه‌ڵسووڕێ. له ‌بیریشتان بێت كه‌ بڵیندگۆكانیش یه‌كسان بن له‌گه‌ڵ فره‌وانیی كارتی ده‌نگه‌كه‌.ئه‌گه‌ر پێت خۆش بێت ده‌توانی ستریۆكه‌ت به‌ وایه‌رێكی ٣٣ میلیمیتری پێوه‌ند بده‌ی به‌ كۆمپیۆته‌ره‌كه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌نگه‌كه‌ بێته‌ ناو تۆماركه‌ره‌كه‌ت و ده‌نگی كۆمپیۆته‌ره‌كه‌ت‌ له‌ بڵیندگۆكان بڵاو بنه‌وه‌.

11. (ته‌خته‌كلیل keyboard) و (مشك mouse).

(ته‌خته‌كلیل keyboard)ه‌كان ده‌توانن تۆزێ شێوازیان جۆربه‌جۆر بێ، ئه‌گینا هه‌موویان كارێكی سه‌ره‌كییان هه‌یه‌. هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێ له‌ ته‌خته‌كلیله‌كان دوگمه‌ی زیاتریان هه‌یه‌ كه‌ پێیان ده‌وترێ (دوگمه‌ی خێرا hot key) و ده‌توانن وه‌كوو (قه‌دبڕ shortcut)ێك به‌كار بچن بۆ ئه‌وه‌ی خێراتر بۆ نموونه‌ بچینه‌ ناو ئینته‌رنێت یان ئیمه‌یل،‌ یان نووسراوه‌یه‌ك له‌چاپ بده‌ین.

هه‌ندێ له‌ ته‌خته‌كلیله‌كان بێته‌ل و بێوایه‌رن و سه‌ربه‌ستانه‌تر ده‌توانی شته‌كانت بنووسی.

هه‌روه‌ها (مشك mouse)‌ه‌كانیش شێوازی جۆربه‌جۆریان هه‌یه‌. ئه‌وانیش جۆری بێوایه‌ریان هه‌یه. مشكێكی باش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاسانی له‌ ناو ده‌ستدا جێ بگرێ. مشكه‌‌ ئاسایی و ستاندارده‌كان گۆیه‌كیان تێدایه‌، به‌ڵام نوێكان گۆیان نییه‌ و له‌ باتیی ئه‌و گۆیه وه‌رگرێکی‌ (هه‌سته‌وه‌ر sensor)ی (ژێرسوورinfrared)یان هه‌یه‌. ئه‌م جۆرانه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ستاندارده‌كان كه‌ تۆز ده‌چێته‌ ناویان و ده‌بێ خاوێن كرێنه‌وه‌، پێویستیان به‌ خاوێنكردنه‌وه‌ نییه‌.

12. (سی‌دی سووتێنه‌ر CD burner) و (دی‌ڤی‌دی سووتێنه‌ر DVD burner).جیاوازیی نێوان دیسكێكی (دی‌ڤی‌‌دی) و دیسكێكی (سی‌دی) له‌ قه‌باره‌ی جێتێدابوونه‌وه‌یاندایه‌‌. دیسكێكی (سی‌دی) جێی 750 میگابایتی تیا ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام دیسكێكی (دی‌ڤی‌دی) 4.5 گیگابایت جێی تێدا ده‌بێته‌وه‌، واته 6 ئه‌وه‌نده‌ی دیسكێكی (سی‌دی)یه‌ك.

ئه‌وڕۆكه‌ زۆربه‌ی پرۆگرام و یارییه‌كان كه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌پكه‌ (دیسك)ێكی (سی‌دی‌)ن. وه‌ك ده‌زانن ڕۆژبه‌ڕۆژ شتی قه‌باره‌مه‌زنتر بڵاو ده‌بێته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا شته‌كان بخرێنه‌ سه‌ر دیسكی (دی‌ڤی‌دی‌). كه‌وابێ زۆر گرنگه‌ هه‌ر له‌ ئێسته‌وه‌ بیری داهاتووشمان پێوه‌ بێت.ئه‌وڕۆكه‌ بۆ كۆمپیۆته‌رێكی ناو نووسینگه‌یه‌ك یان كۆمپیۆته‌رێكی یاری (سی‌دی‌ خوێنه‌ر)ێك به‌سه‌. ئه‌گه‌ر پێت خۆشه‌ سه‌یری فیلمی دی‌ڤی‌دی بكه‌ی یان ئاماده‌ییی ئه‌و یارییانه‌ت هه‌بێ كه‌ له‌ داهاتوودا به‌ فۆرماتی دی‌ڤی‌دی بڵاو ده‌بنه‌وه‌ باشتره‌ (دی‌ڤی‌دی خوێنه‌ر DVD Reader)ێك بكڕی. نرخه‌كه‌یان زۆر له‌ یه‌ك دوور نییه‌ و (دی‌ڤی‌دی خوێنه‌ر DVD Reader) ده‌توانێ كاری (سی‌دی خوێنه‌ر)یشت بۆ بكات.

به‌ (سی‌دی سووتێنه‌ر CD burner) ده‌توانی دیسكی گۆرانی یان (دراوه data) و فیلمی (VCD) بۆ خۆت بسووتێنی، به‌ڵام دیسكی (دی‌ڤی‌دی‌)ت بۆ ناسووتێنێ. به‌ڵام (دی‌ڤی‌دی سووتێنه‌ر DVD burner) ده‌توانێ هه‌م دیسكی سی‌دی و هه‌میش دیسكی دی‌ڤی‌دی بسووتێنێ. هه‌روه‌ها (دی‌ڤی‌دی سووتێنه‌ر DVD burner) كاری (دی‌ڤی‌دی خوێنه‌ر و سی‌دی خوێنه‌ر)یشت بۆ ده‌كا، واته‌ ئه‌گه‌ر (دی‌ڤی‌دی سووتێنه‌ر DVD burner)ت هه‌بێ پێویستت به‌ (سی‌دی خوێنه‌ر)یش نابێ.خێراییی سووتێنه‌ركه‌ ده‌بێ له‌ سه‌رووی 8X بێت ئه‌گینا سووتاندنه‌كه‌ كاتێكی زۆر ده‌با و هیلاكت ده‌كات.

درێژه‌ی هه‌یه‌

هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌:
1 – 2 – 3 – 4 –  5

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *