(مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ copyright)

پێشه‌كی
پێشێلكردنی ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌ی بۆ پاراستنی مافی به‌رهه‌می كه‌سێ دانراون، ده‌توانێ ببێته‌ هۆی سزادانی “دراوی” یان زیندان. ئه‌گه‌ر كه‌سێك دادگایی بكرێته‌وه‌ و له‌ دادگادا بیدۆڕێنێ، ناچار ده‌كرێت تێچوونی هه‌موو دادگاكه‌ بدات كه‌ جاری وایه‌ سه‌دان هه‌زار دۆلاری تێ ده‌چێت.
هه‌ر به‌رهه‌مێ مافی پارێزراوه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی و كه‌سی تر بۆی نییه‌ ده‌ستدرێژیی پێ بكات. 
“یاسای مافی له‌به‌رگرتنه‌وه”‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌كاندا به‌گشتی وه‌كوو یه‌كن‌، به‌ڵام هاوكاتیش ده‌توانێ سووكه‌ڵه‌ بڕیاری ناوخۆیییان هه‌بێت. زۆر وڵات هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ بایه‌خیان به‌ یاسای مافی له‌به‌رگرتنه‌وه داوه‌‌، بۆ نموونه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ (٣١/٥/١٧٩٠) یه‌كه‌م یاسای مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی دانا.

به‌رهه‌م
هه‌ر ئافراندن (خوڵقاندن creation)ێك ده‌بێته‌ (كار work)ی كه‌سێك‌ و ده‌كرێ پێی بوترێ (ئافرێنراو) یان (به‌رهه‌م)، وه‌كوو: ده‌ق، وێنه‌، ئاواز، ستران، پرۆگرام، په‌یكه‌ر، به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی، فیلم، په‌رتووك، وێنه‌ و هتد.

یاسای (مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ copyright) پاڵپشتی له‌ ئافرێنه‌ر (خوڵقێنه‌ر creator)ه‌كه‌ ده‌كات تا به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌‌ له‌به‌ر نه‌گیرێته‌وه‌. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێ ئه‌و پاڵپشتییه‌ وه‌رگرێت ده‌بێ “ڕه‌سه‌نایه‌تی”، “سه‌ربه‌خۆیه‌تی” و “هونه‌ر”ێكی پێوه‌ دیار بێت. له‌و خاڵانه‌ مه‌به‌ست “چۆنێتی” (كیفیت quality)‌ یان “چاكی و خراپی”ی به‌رهه‌مه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكوو ده‌بێ “تاكانه‌یی”ی پێوه‌ دیار بێت و له‌ هیی كه‌سێكی تر نه‌چێت. 

له‌ هه‌ندێ وڵاتدا گه‌یشتن به‌‌ مه‌رجه‌كان كارێكی ئه‌سته‌م نییه‌، بۆ نموونه‌ “نامه‌‌”یه‌كی ئاسایی ده‌توانێ مه‌رجه‌كان بیگرێته‌وه‌. هه‌ندێ جاریش ڕه‌نگه‌ داداگایه‌ك بڕیار بدات كه‌ ئایا به‌رهه‌مێ مه‌رجه‌كانی پڕ كردۆته‌وه‌ یان نا. بۆ وێنه‌ دادگای باڵای سوید، له‌ ساڵی (١٩٢٧)دا بڕیاری دا كه‌ “ڕاچێته‌ی خۆراك” مه‌رجه‌كان پڕ ناكاته‌وه‌.

وڵاته‌كان بۆ مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌، چه‌ند ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كیان واژۆ (امضاء) كردووه‌.

ڕێكه‌وتننامه‌كانی مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌
سێ ڕێكه‌وتننامه‌ی گرنگ پاڵپشتیی مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ ده‌كه‌ن:

١ـ (ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رن The Berne Convention)، ساڵی (١٨٨٦) له‌ شاری “به‌رن”ی سویسرا:
گرنگترینی ڕێكه‌وتننامه‌كانی مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌یه‌، چونكوو زۆرترین وڵات تێیدا به‌شدارن، ئه‌وڕۆكه‌ نزیكه‌ی (١٥٠) وڵات واژۆیان كردووه‌. به‌گوێره‌ی ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ مافی هه‌ر به‌رهه‌مێ بۆ به‌دیهێنه‌ره‌كه‌یه‌تی و كه‌سی تر بۆی نییه‌ له‌به‌ری بگرێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌شی هه‌بێت، پێویست ناكات له‌ شوێنێكی تایبه‌تمه‌نددا داخوازیی فه‌رمی بكات. ته‌نانه‌ت پێویستیش ناكات به‌رهه‌مه‌كه‌ “هێمای مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌” (©)ی پێوه‌ بێت. 
هه‌ر ئافرێنه‌ر (creator)ێ، مافی به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌ درێژاییی ژیانی و هه‌تا (٧٠) ساڵ پاش مردنی، پارێزراوه‌ بۆی.
به‌ریتانیا ساڵی (١٨٨٧) ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ی واژۆ كرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵی (١٩٨٩)دا واژۆی كرد.

٢ـ (ڕێكه‌وتننامه‌ی جیهانیی مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ The Universal Copyright Convention ”UCC”)، ساڵی (١٩٥٢) له‌ شاری ژنێڤ له‌ سویسرا:
ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ نزیكه‌ی (٩٥) وڵات واژۆیان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ پاڵپشتی له‌ مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێ بكات، ده‌بێ به‌رهه‌مه‌كه‌ “هێمای مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌” (©)ی پێوه‌ بێت یان ده‌بێ وشه‌ی (copyright)، ناوی خاوه‌نه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین ساڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی پێوه‌ بێت.
ئه‌گه‌ر هات و وڵاتێ هه‌ر دوو ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی واژۆ كردبوو، ئه‌وا ئیتر پێویست ناكات هێماكه‌ی پێوه‌ بێت، واته‌ ئه‌و كاته‌ “ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رن” به‌بایه‌خدارتره‌. 

٣ـ (ڕێكه‌وتننامه‌ی ڕۆم Rome Convention)، ساڵی (١٩٦١) له‌ شاری ڕۆم له‌ ئیتالیا:
ئه‌مه‌ بچووكترین ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ و (٥١) وڵات واژۆیان كردووه‌. چونكوو وڵاتانێكی زۆر تێیدا به‌شدار نین، گرنگییه‌كه‌ی ناگاته‌ ئاستی ئه‌و دوو ڕێكه‌وتننامه‌ گه‌وره‌كه‌ی تر.

یاسای مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ چی ده‌پارێزێت؟
زۆر جار دوو شتی سه‌ره‌كی له‌ پشتی به‌رهه‌مێكن، یه‌كه‌م، “بیرۆكه”‌یه‌ك كه باسی ئه‌وه‌ ده‌كات‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ “شێواز و داڕشتن”ی چۆن بێت، به‌مه‌ ده‌وترێت (بیرۆكه‌). دووه‌م، “شێواز و داڕشتن”ی به‌رهه‌مه‌كه‌‌، واته‌ به‌رهه‌مه‌كه‌‌ “شێواز و داڕشتنی”ی چۆن بێت.
“یاسای مافی له‌به‌رگرتنه‌وه”،‌ “بیرۆكه‌”ی به‌رهه‌مێك ناپارێزێت، به‌ڵكوو “شێواز”ی به‌رهه‌مه‌كه‌‌ ده‌پارێزێت. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێ بێت و چیرۆكێ بنووسێ كه‌ باسی “ژیانی كچۆڵه‌یه‌كی هه‌تیو” بكات، ئه‌وا مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ پارێزراوه‌ بۆی، به‌ڵام به‌و واتایه‌ نییه‌ ئیتر كه‌س بۆی نه‌بێ له‌سه‌ر “ژیانی كچۆڵه‌یه‌كی هه‌تیو” شت بنووسێت.

كه‌وتنه‌داوی تاوان
بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ یاساشكێن نه‌ناسرێت و نه‌كه‌وێته‌ داوی تاوانه‌وه‌، ده‌بێ زۆر وریا بێت، بۆ نموونه‌ دانانی “به‌سته‌ر”ێ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕێ بۆ سایتێ كه‌ پرۆگرامی نایاساییی لێ داده‌گیرێ، به‌ تاوان ده‌ژمێردرێت یان ئه‌گه‌ر هات و ڕۆژێ له‌ ڕۆژان كه‌سێ بیه‌وێ خانووه‌كه‌ی بفرۆشی و وێنه‌یه‌كی لێ بگرێ و بیخا‌یته‌ سه‌ر ئینته‌رنێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بیبینن و، به‌هه‌ڵكه‌وت له‌ وێنه‌ی خانووه‌كه‌دا وێنه‌ی ڕێبوارێكیش كه‌وتبێ، ئه‌وا ئه‌و ڕێبواره‌ ده‌توانێ داوای قه‌ره‌بوو بكات.

وتار‌
مرۆڤ بۆی نییه‌ وتاری ڕۆژنامه‌یه‌ك ده‌قاوده‌ق له‌به‌ر بگرێته‌وه‌. به‌ڵام له‌سه‌ر بابه‌تێ ده‌توانێ له‌ گه‌لێ شوێنی جۆربه‌جۆری تر زانیاری به‌ده‌ست بێنێ و ئینجا به‌ وشه‌ی خۆی بینووسێته‌وه‌.

ئاوارته‌
چه‌ند شتێكی ئاوارته‌ (استثناء) له‌ مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌دا هه‌یه‌ كه‌ باشه‌ بناسرێن، وه‌كوو:
مرۆڤ بۆی هه‌یه‌ بۆ خۆی به‌رهه‌مێ له‌به‌ر بگرێته‌وه‌ و له‌نێو ده‌وروبه‌ره‌كانیدا (نزیكه‌ی ٥ كه‌س) به‌كاری بێنێ. هه‌روه‌ها بۆی هه‌یه‌ كتێبێك له‌به‌ر بگرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یادداشتی تێدا بنووسێت، ئه‌گه‌ر حه‌ز نه‌كات كتێبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ پۆخڵ بكات. به‌ڵام بۆی نییه‌ بیخاته‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی یان به‌ شێوه‌یه‌كی تر بیخاته‌ به‌رده‌ستی هه‌مووان.

فرۆشتنی مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌
هه‌ر به‌رهه‌مێ دوو به‌شی هه‌یه‌:

١ـ به‌شی ئاكاری: 
ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ بۆی هه‌یه‌ هه‌تاهه‌تایه‌ ناوه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌ و له‌ كاتی پێویستدا پارێزگاریی لێ بكات.

٢ـ به‌شی ئابووری: 
مرۆڤ ده‌توانێ مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی بفرۆشێته‌ كه‌سێكی تر یان لایه‌نێكی تر، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ یان لایه‌نه‌ له‌به‌ری بگرێته‌وه‌ و بۆ خۆی بیفرۆشێته‌وه‌ و سوودی لێ وه‌رگرێت.

ئه‌گه‌ر مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ فرۆشرا، له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ “به‌شی ئابووری”یه‌ كه‌ فرۆشراوه‌، به‌ڵام “به‌شی ئاكاری”یه‌كه‌ هه‌ر بۆ “ئافرێنه‌ر”ه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. واته‌ هه‌ر بۆی هه‌یه‌ “ناو”ی خۆی له‌سه‌ر “به‌رهه‌م”ه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌.

نه‌لواو
بۆت نییه‌ پرۆگرامی كۆمپیوته‌رێ له‌به‌ر بگریته‌وه‌.
بۆت نییه‌ ته‌واوی كتێبێك له‌به‌ر بگریته‌وه‌ جگه‌ له‌ دۆخی ئاوارته‌.
بۆت نییه‌ مۆسیقا و گۆرانی و فیلمی ناو كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت له‌سه‌ر ئینته‌رنێت دانێی یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكا به‌شی بكه‌ی.
بۆت نییه‌ فیلم و مووزیك كه‌ به‌بێ ڕێپێدانی خاوه‌نه‌كانیان له‌سه‌ر ئینته‌رنێت دانراون، داگریت.
بۆت نییه‌ وشه‌ی تێپه‌ڕبوون یان كۆد و به‌رگرێ كه‌ دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌توانێ شتی سه‌ر سایتێ بدزێ، بشكێنی.
بۆت نییه‌ ئامێر و ده‌زگای وا بفرۆشی كه‌ ده‌توانن كۆد و نهێنی و به‌رگر بشكێنن بۆ دزین و كۆپیكردن و داگرتنی به‌رهه‌مێ.
بۆت نییه‌ به‌بێ ڕێپێدانی كه‌سێ، وێنه‌ و زانیاریی له‌سه‌ر ئینته‌رنێت دانێی.
بۆت نییه‌ ده‌ق و وێنه‌ی سه‌ر سایتێكی تر له‌سه‌ر سایته‌كه‌ی خۆت دابنێی به‌بێی ڕێپێدانی خاوه‌نماف.
به‌ڵام
بۆت هه‌یه‌ (سی‌دی)یه‌كی گۆرانی كه‌ به‌ پاره‌ كڕیوته‌، كۆپییه‌كی لێ بگری بۆ خۆت (چ بیسووتێنیته‌ سه‌ر “سی‌دی”‌یه‌ك یان تۆماری بكه‌یته‌ سه‌ر “كاسێت”ێ، یان له‌نێو “ڕه‌قه‌دیسك”ی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت داینێی، به‌ڵام بۆت نییه‌ بیخه‌یته‌ سه‌ر ئینته‌رنێت یان له‌به‌ر ده‌ستی هه‌مووان داینێی).

مافی وته‌گێڕانه‌وه‌ (نقل قول)
مرۆڤ بۆی هه‌یه به‌شێ له‌ ده‌قی كه‌سێك له‌ سایته‌كه‌یدا وه‌كوو “وته‌گێڕانه‌وه‌” (نقل قول)، دابنێت، به‌ مه‌رجێ “وته‌گێڕاوه‌كه‌” بخاته‌ ناو “هێمای وته‌گێڕانه‌وه‌ (“)”. نابێ ده‌ستكاریی وته‌كه‌ بكات و ده‌بێ ده‌قاوده‌ق وه‌كوو خۆی بینووسێته‌وه‌. نابێ به‌ به‌كارهێنانی چه‌ند وشه‌یه‌كی ده‌قێ، مه‌به‌سته‌كه‌ بشێوێنێ. ده‌توانێ هه‌ندێ دێڕی واز لێ بێنێ كه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌تی ئه‌مدا نه‌گونجێ، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ ده‌بێ له‌ “سێخاڵ (…)” كه‌ڵك وه‌رگرێ كه‌ نیشان بدات كوێی په‌ڕاندووه‌.
له‌ كاتی “وته‌گێڕانه‌وه‌”دا زۆر گرنگه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌، نووسه‌ر، سه‌ردێڕ، ساڵی بڵاوبوونه‌وه‌ و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌ ده‌ستنیشان كرێن. ئه‌گه‌ر وته‌كه‌ له‌ ئینته‌رنێت هێنراوه‌، ده‌بێ ناونیشانی ته‌واوی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ و ڕێكه‌وتی له‌به‌رگرتن (كۆپیكردن)ی وته‌گێڕاوه‌كه‌ بنووسرێت.

له‌ خوێندنگه‌
مامۆستا بۆی‌ هه‌یه‌ وێنه‌ یان نه‌خشه‌یه‌ك له‌به‌ر بگرێته‌وه‌ و له‌ پۆله‌كه‌یدا پیشانی بدات. به‌ڵام بۆی نییه‌ ته‌واوی فیلمێ پیشان بدات، یان پرۆگرامێكی ڕادیۆیی به‌ته‌واوی لێ بداته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پرسیاری له‌ خاوه‌نماف نه‌كردبێ یان له‌باری ئابوورییه‌وه‌ قه‌ره‌بووی نه‌كردبێته‌وه‌.

گرێبه‌ستی مۆڵه‌ت (مۆڵه‌تنامه License Agreement)
كاتێ باسی پرۆگرامی كۆمپیوته‌ر ده‌كرێت، ئیتر “مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌” نایگرێته‌وه‌، به‌ڵكوو ئه‌و‌ یاسایه‌ی كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ پێی ده‌وترێ (گرێبه‌ستی مۆڵه‌ت یان مۆڵه‌تنامه‌). واته‌ “گرێبه‌ستی مۆڵه‌ت” بڕیار ده‌دات كه‌ ئه‌و پرۆگرامه‌ بۆی هه‌یه‌ “له‌به‌ر بگیرێته‌وه‌” یان “له‌به‌ر نه‌گیرێته‌وه‌”.
هه‌موو پرۆگرامێكی كۆمپیوته‌ر “گرێبه‌ستێكی مۆڵه‌ت‌”ی له‌گه‌ڵدایه‌.

پوخته
كۆمه‌ڵێ یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی و نێووڵاتی هه‌یه‌ كه‌ پشتگیری له‌ “مافی له‌به‌رگرتنه‌وه”‌ ده‌كه‌ن. هه‌ر كه‌ كه‌سێ به‌رهه‌مێكی خسته‌ ئاراوه‌ ئه‌وا مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ و له‌چاپدانی بۆ خۆی ده‌بێ و كه‌سی تر بۆی نییه‌ له‌به‌ری بگرێته‌وه‌ و بڵاوی بكاته‌وه‌. پێشێلكه‌ران تووشی سزای زیندان یان پاره‌ ده‌بنه‌وه‌.
هه‌رچه‌ند دیاریكردنی مافپارێزراوی له‌سه‌ر به‌رهه‌م پێویست نییه‌، به‌ڵام هه‌ر كاتێ ویسترا دیاری بكرێت ده‌بێ سێ زانیاریی له‌سه‌ر بێت:
١ـ هێمای مافی له‌به‌رگرتنه‌وه.
٢ـ یه‌كه‌م ساڵی بڵاوبوونه‌وه.
٣ـ ناوی خاوه‌نی به‌رهه‌مه‌كه.
له‌ چه‌په‌وه‌ بۆ ڕاست: هێما، ساڵ، ناو.
نموونه:

 2003 ©Zkurd

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژێده‌ره‌كان:
http://www.copyright.gov/circs/circ1.html
http://www.microsoft.com/sverige/permission/copyright/whatis.asp
http://runeberg.org/admin/copyright.html
http://www.regeringen.se/content/1/c4/26/85/146cffc2.pdf
http://www.kopiraitti.fi/svenska/index.html
http://en.wikipedia.org/wiki/Copyright
http://sv.wikipedia.org/wiki/Upphovsr%C3%A4tt

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *