هەندێک لە ڕووداو و نوێکارییەکانی تەکنۆلۆجیای زانیاری

ناوەڕۆكی ئەم وتارە
پێشەکی
تەلەفۆنی نوشتاوە
گەمارۆی کۆمپانیای هواوای
گەیاندن بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان
 وەستانی ڕاژە
زۆرکردنی زمانی کوردی لە iOS
سه‌رچاوه‌

پێشەکی‌
ساڵی ٢٠١٩ وەکو هەموو ساڵێکی تری پێش خۆی کۆمەڵێک نوێکاریی و ڕووداوی جۆراوجۆری تیابوو کە بۆ ئێمەی زانستخواز گرنگی خۆی هەیە، بەتایبەتی بۆ داهاتووی تەکنۆلۆجیا. لەم وتارەدا چەند ڕووداو و بۆنەیەکم باس کردوە.
بۆ درێژەی باس و گفتوگۆی باسەکە، دەتوانن گوێ لە پۆدکاستی چاوگ بگرن، لەویا لەگەڵ کۆمەڵێک هاوزماندا، بە وردی باس لە ڕووداو و داهێنانە نوێێەکان کراوە.

تەلەفۆنی نوشتاوە‌

لە مانگی شوباتی ٢٠١٩ دا بۆ یەکەمجار، تەلەفۆنی هۆشمەند لە جۆری نوشتاوە نمایشکرا. جۆری گەلاکسی Galaxy لە لایەن سامسۆنگ و MateX لە لایەن هواوایەوە پێشکەش کران.

گەمارۆی کۆمپانیای هواوای
ئەمەریکا لەپێناو هەلومەرجی بازرگانی زۆرتر بۆ کاڵا ئەمەریکاییەکان و دەست گرتن بەسەر بازاڕی ئەلیکترۆندا، گەمارۆی ئابووری دژی کۆمپانیای هواوای چینی ڕاگەیاند. ئەمە پشتیوانی گووگلی بۆ ئەو تەلەفۆنانە وەستاند کە هواوای بەرهەمیان دەهێنێت. هواوای بۆ دەربازبوون لەم دۆخە لە هەوڵی سیستەمێکی سەربەست دایە.

گەیاندن بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان

لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ دا، کۆمپانیای گوگل دوای ٥ ساڵ پەرەپێدان و تاقیکاریی، پرۆژەی Google Wing ی بە فەرمی خستە بواری بەکاربردنەوە. بەشێوەیەکی سنووردار لە ئوسترالیا و چەند ناوچەیەکی ڤێرجینیا، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی گووگل بەکار هات بۆ گەیاندنی کاڵای سووکەڵە لە نێوانە نزیکەکاندا.

وەستانی ڕاژە

١. لە دووی نیسانی ٢٠١٩ دا گووگڵ ڕاژەی (+Google)ی وەستاند. بەمەش یەکەم ڕکابەری فەیسبووک لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا وەلا چوو.

٢. بلاکبێری لە کۆتایی مانگی مایسی ٢٠١٩ دا، پەیامگۆڕکێی خۆی (BlackBerry Messenger) لەسەر هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و iOS وەستاند.

٣. لە کۆتایی مانگی تەمموزدا، ڕاژەی تیشکی ژووروەنەوشەیی بەرز (UltraViolet) وەستێنرا، کە پێشتر لە سەر زنجیرە پەردەکانی کۆمپوتەردا بەکاردەهێنرا و جۆری LED شوێنی گرتەوە.

زۆرکردنی زمانی کوردی لە iOS

لە وەشانی ١٣هەمی سیستەمی کارپێکردنی iOS دا، زمانی کوردی، بە ڕێنوسی ئەلفوبێی ئارامی (کوردی ناوەڕاست – سۆرانی)، زۆر کرا. بەکارهێنەرانی ئەم سیستەمە دەتوانن بێ گرفت زمانی ئامێرەکانیان بگۆڕن بە کوردی و پێی بنووسن. سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەوانەی کاریان لەسەر خستنی ئەم پرۆژەیەدا کردوە، بە تایبەتی بەڕێزان د. لایەق حەمە و سیامەند نەریمان کە بەردەوام وەڵامی ویست و ڕوونکردنەوەکانی کۆمپانیای (ئەپڵ)ـیان داوەتەوە.

سەرچاوە
١. پۆدکاستی چاوگ – پانۆرامای ڕووداوە زانستییەکانی ساڵی ٢٠١٩

٢. دەزگای (Heise.de) بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی

کۆتایی

 

 

پێداچوونه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی ڕێنووس، له‌سه‌ر بنه‌مای (ڕێنووسی یه‌كگرتووی زمانی كوردی): دیاكۆ.‌

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *