کۆڕێکی زانستی: زمانی کوردی و زاراوە زانستییەکان لەبەردەم کاریگەریی ژیریی دەستکرددا

ژ.د و زاراوە زانستییەکان

سەعات ١٠ی تاقی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٥/٩/١ بنکەی ژین لە شاری سلێمانی، کۆڕێکی تایبەتی بۆ بەڕێز ئاراس نووری سازکرد سەبارەت بە “زمانی کوردی و زاراوە زانستییەکان لەبەردەم کاریگەریی ژیریی دەستکرددا”.

سەرەتا، ئاراس دروشمی بەزانست بەهێز دەبین و دروستبوونی زکورد و لەدایکبوونی زاراوەکانی تەکنۆلۆجیای زانیاریی زکوردی باس کرد و وەکو نموونەیەک لە بەکارهێنانی ڕێبازەکانی زاراوەسازی و دروستبوونی چەندین وشە بەرانبەر زاراوە ئینگلیزییەکە. دروستبوونی فەرهەنگی ئایتی زانستپەروەرانی کورد و پێناسە و ڕاڤەی زاروەکانی تەکنۆلۆجیای زانیاریی نموونەی دوو کتێب بوون بۆ بەرجەستەکردن و سەلماندنی کە زمانی کوردی زانستی پێ دەنووسرێتەوە.

دواتر ئاراس گرفتەکانی زاراوەی زانستی بە زمانی کوردی، خستە ڕوو کە لە ڕابردوودا چۆن بوون، هاوکات بەراوردیکردن بە دروستکردنی زاراوەکان لەسەردەمی ژیریی دەستکرددا. چارەسەری زۆر لە گرفتەکانی ڕێنووس و ڕێزمان لەبەر ڕۆشنایی کۆشسەکانی مامۆستا د.فەریاد فازڵ ونامیلکەکەی دیاکۆ هاشمی و ڕاسپاردەکانی ئەکادیمیا دەبینییەوە کە ئەرکە هەموو یەکدەست و هاودەنگ لەگەڵ بین.لەگەڵیدا پەخش و بڵاوکردنەوەی دەق، دەنگ و ڤیدیۆکان لە کەناڵەکان و تۆڕەکۆپەڵایەتییەکاندا، ڕێکخستن و چاککاری دەوێت لەسەر پەیڕەویکردنی ئەو ڕاسپاردانە. چونکە ژ.د سەرچاوەی گەورەی بریتییە لە وێب و بڵاوکراوە دیجیتاڵییەکان، ژ.د ڕێبازەکانی زاراوەسازی دانەبەدانە جێبەجێ ناکات، بەڵکو لەسەر ڕاهێنان و وەرگێڕان و دروستکردنی گرێ لەو دراوانەی بەردەستن، دروستیان دەکات و پێشنیاریان دەکا، ئەمەش دیسان هەڵسەنگاندنی زمانەوان و تەکنیککارانی پێویستە، کە د. فەریاد فازڵ و تیمەکەی بێ وچان سەرقاڵ کردووە و وشەدانێکی گشتگیرییان بەرهەم هێناوە.

دوا وتە: یەکدەنگی و یەکدەستی کلیلی چارەی زۆر لە ئاڵۆزییەکانی زمانە، چونکە بێ ئەوە وشەدانێکی بڕشت و بێ هەڵە دروست نابێ.

زمانی سەرەکیی گواستنەوەی زانست ئینگلیزییە، بەڵام پێویستە زمانی کوردیش هاوشانی ئەم گەشەسەندنەی تەکنەلۆژیا بەرەو پێشەوە بچێت و بۆ پێناسە و دانانی وشەی بەرانبەری چەمکە زانستییەکان وەڵامی پێ بێت

بەشدارانیش هەندێ پرسیار و باری سەرنجیان دەربڕی و هیوای گەشەکردن و بەرەوپێشەوەچوونی ئەم مەیدانەی زانستیان خواست بۆ خزمەتی کوردەواری.

زمانی کوردی زمانێکه‌ توانای گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌یه‌ و دەتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی گەلێک له‌ زانسته‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بێت