دیمانە لەگەڵ دیاکۆ، تەکنەلۆژیا و زمانی کوردی

گەشەکردنی تەکنەلۆژیا و چالاکی تاکی کورد لەم بوارەدا برەوی بە زمانی کوردی داوە، بەشێوەیەک کە دەتوانین بڵێن “دەتوانین تەکنەلۆژیای زانیارییەکان بە کوردی بنووسینەوە“. فەرھەنگی ئایتی زانستپەروەرانی کورد ھەوڵێکە بۆھاوشانبوونی زمانی کوردی لەگەڵ نوێکارییەکانی ئەم بوارەدا، لەگەڵ بەڕێز ناسراو بە دیاکۆ، ئەم دیمانەیەمان سازدا تاکوو ڕووناکی بخەینەسەر ھەوڵەکانی لەم بوارەدا.

پرسیار: با لە خودی دیاکۆ خۆیەوە دەست پێبکەین، ئەم شارەزاییەی بەڕێزتان لەچییەوە ھەڵقوڵاوە؟
ھەر دەم ئاواتەخواز بووم ھەموو وشە و دەستەواژە و چەمک و بابەتێک بتوانم بە زمانی کوردی بنووسمەوە. بۆ ئەو مەبەستە ھەوڵم داوە ھەر فەرھەنگ و وشەنامە و پەڕتووک و وتارێک کە پێوەندیی بە زمان و زمانەوانیی کوردییەوە ھەبێ، کۆ کەمەوە. ئەوانەی جێپەنجەیان لە زمانی کوردیدا دیارە و پێوەی ماندوو بوون، لای من سەرنجڕاکێش بوون، لە کارەکانیان ورد بوومەتەوە. تاووتوێی ڕەوتی گەشەسەندنی زمانی کوردیم کردووە. کاری ئەکادیمییەکانی زمانە جۆربەجۆرەکانی وەکوو کوردی، فارسی، عەرەبی، سویدی و ئینگلیزی جێی تێڕامانم بوون.
پێم وایە لەڕێی “ئای‌تی”یەوە زمان دەتوانێ گەشە بستێنێ بیر کەرەوە کۆمەڵێ پرۆگرام و نەرمەواڵە بکرێنە کوردی، پرۆگرامێکی ھەڵەگری ڕێنووس و ڕێزمان چێ بکرێت! لە ھەمووی ئەوانەشدا باشترین شێوازی نووسین و وشەی لەبار و بەجێ بەکار ببرێت! ئەو کاتە زمانێکی دەوڵەمەند، ڕێنووسێکی درووست، کۆمەڵێ یاسا و ڕێسای زمانەوانی و لە ھەمووی گرنگتر، زاراوەیەک وا بەرز دەکرێتەوە کە لەلایەن ھەمووانەوە بەکار ببرێت و زمانی کوردی لە سەرگەردانی و سەرلێشێواوی و پرشوبڵاوی ڕزگاری دەبێت.
چی لەوانە باشتر ھەیە بۆ ھەوێنی ھەڵقوڵانی ھەر حەز و ھاندان و بەدواداچوونێک لە پێوەندی لەگەڵ زماندا؟

پرسیار: ئایا ئەندامن لە ھیچ کۆمەڵە و ڕێکخراوێکی ئەکادیمیدا؟

ئەگەر مەبەستتان ڕێکخراوێک لە پێوەندی لەگەڵ زمانی کوردیدایە، بەداخەوە تا ئێستا ئاگادار نیم کە ئەکادیمیایەکی زمانەوانیی کوردی ھەبێت کە کەڵک لە زانستی سەردەم وەکوو ئینتەرنێت بگرێت تا بکرێت لە ھەندەرانیشەوە نێزیکایەتییان بکرێت. بەڵام من وەکوو وەرگێڕێک لە سوید ئەندامی کۆمەڵەی وەرگێڕانی ستۆکھۆڵمم، ئەم کۆمەڵەیە سویدییە و تایبەتە بەو کەسانەی دەرچووی خولی وەرگێڕین و بەڵگەنامەی وەرگێڕییان ھەیە لە شاری ستۆکھۆڵم.
ھەڵبەت دەمەوێ بڵێم کە ئەندامەتیم لە “کوردئایتیگرووپ” و “زانستپەروەرانی کورد” بۆ من کەمبایەختر لە ھیچ کۆمەڵەیەکی ئەکادیمی نەبووە، بەتایبەت لە بواری ئای‌تی و زمانەوانیی کوردییەوە زۆر زۆر سوودمەند بوون.

پرسیار: ئارەزووی بەڕێزتان لەوەی کە دەقە کوردییەکان بێ ھەڵەبن، لەچییەوە سەری ھەڵداوە؟

دەقێک کە لە باری ڕێنووسەوە ھەڵەی تێدا بێت، مەبەستی نووسەر دەشێوێنێ و سەریش لە خوێنەر تێک دەدات. ناوێری بە نەوەکانی داھاتووش بڵێی کە خاوەنی زمانێکی کە لەسەر بنەمای یاسا و ڕێسایەکی ڕێکوپێک ڕۆ نراوە.
کەمتەرخەمیی ھەندێ پێنووسبەدەستی کورد، زیاتر ئارەزووی مرۆڤ بۆ باشتربوون ڕادەکێشێ.
بە نووسەر و وەرگێڕێکی بەناوبانگ کە ڕۆمانێکی ئەستووری وەرگێڕابووە کوردی، وتم: “تەنھا لە لاپەڕەی یەکەمی کتێبەکەتدا ٣٨ ھەڵەی ڕێنووسی ھەیە!”، بە کەمتەرخەمییەکەوە وتی: “ھەموو کەس تێ دەگا چیم نووسیوە”. وتم: “بەڵام ھیچ نووسەرێکی ئینگلیزیزمان لە جیاتیی “boy” و “car” نانووسێ “boi” و “kar” و پاشان بڵێ ھەموو کەس لێم تێ دەگەن.

کە سەیری زمانە ئەورووپییەکان بکەین دەبینین کە چەندە وردبینن لە داڕشتنی دەق و بەکارھێنانی خاڵبەندی، ڕێنووس و ڕێزمانەوە. ئەو باشییانە بێگومان دەبنە سەرچاوەیەک بۆ ئەوەی ئێمەش بیر کەینەوە کە دەقەکانمان کەمترین ھەڵەی تێدا بێت.

پرسیار: دەڵێن تاکوو نووسەرێکی باش بیت دەبێت زۆر بخوێنیتەوە، ئەی گەر بمانەوێت ڕێزمانی نووسینەکەمان باش بێت چی بکەین؟

مرۆڤ ناتوانێ نووسەرێکی باش بێت ئەگەر ڕێزمانێکی باش نەزانێ و ئەگەر وشەدانێکی دەوڵەمەندی نەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش وەکوو خۆت ئاماژەت پێ کردووە خوێندن و فێربوون گرنگترین شتە. ئەوڕۆکەش گەلێ پەڕتووک و ماڵپەڕ لەسەر ڕێزمان بە کوردی یان بە زمانەکانی تر ھەیە کە زۆر جێی تێڕامانن.
تا بڕوا نەھێنین کە ئێمەش دەتوانین ھەڵە بکەین، ھەڵەکانمان نابینین و تا کاتێکیش ھەڵەکانمان نەبینین، ھەر وا بە قەتیسماوی دەمێنینەوە.

پرسیار: بەڕێزتان یەکێکن لەو سەربازە ونانەی کە لەم بوارەدا ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە، ھەمیشە لە مەکۆکان و ماڵپەڕەجیاجیاکاندا ناوت دەبینین و دەبیستین، ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ زمانزانەکانی تردا چۆنە؟

پێم وابێ وەڵامی ئەم پرسیارە تا ڕادەیەک وەکوو پرسیاری دووەمە، بەڵام من ھەمیشە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە خاوەنڕان و بەتایبەت نووسەر و شاعیر و وەرگێڕن پێوەندیم ھەبووە و بابەتی پێوەنددار بە زمانمان تاووتوێ کردووە، ھەڵبەت ھەمیشە کەڵکی زۆر زۆرم لە زمانەوانانی کوردی تر کە لەبەردەستتدا نین وەرگرتووە. کتێب و نووسراوە و وتار و تێزی زانکۆیییانم تا ئەو ڕادەیەی بەدەست گەیشتبێ ھەموو خوێندووەتەوە و سوودی باشم لێ وەرگرتوون. بەرھەمی زمانزانێ ڕێیەکی پێوەندییە لەگەڵ ئەو.

پرسیار:
پیشەی بەڕێزتان لە ڕێزمان و زاراوەسازییەوە دوورە، ئایا ئەمە کاریگەری نەکردۆتە سەر دابینکردنی کات بۆ ئەم کارە خۆبەخشانەت؟

بێگومان ھەر پیشەیەک لە بواری حەز و خولیاکانی مرۆڤدا نەبێ، کار دەکاتە سەر ڕەوتی گەشەسەندنی ئەو حەزانە. بەڵام ئەوین شتێکە لە بیر و ھزری مرۆڤدایە و بە ڕای من دەکەوێتە سەرووی ھەموو شتێکەوە.
مرۆڤ بە ئەوین و خولیاوە زیندووە. من بۆ ئەم کارانە و بەتایبەت بۆ “فەرھەنگی ئای‌تی”ی زانستپەروەرانی کورد، زۆر زۆر کاتی ئازاد و بگرە کاتی کاریی خۆشم داناوە،‌ بەڵام ئەو کاتانە لای من بۆ شتی پیرۆز بوون کە قەت نەک بەفیڕۆچوونی نازانم بەڵکوو ھۆی ھەناسەکێشانی من بوون و منەتیشی بەسەر ھیچ کەسێکەوە نییە.
ھەڵبەت لەم دواییانەدا بەبۆنەی خوێندنی “وەرگێڕی”، تا ڕادەیەک کار و خولیام لە یەکتر نێزیک کردۆتەوە. ناچارم بە شێوەیەکی زانستییانە لە ھەموو بوارێکی نەخۆشەوانی، دادگایی، پەنابەری، دەوڵەت و کۆمەڵگا، لای خۆم کوردی بگەیەنمە ئاستی زمانی سویدی، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا، زۆر جار پێویست بە کاری وشەوانی و زاراوەسازی دەکات.

پرسیار: فەرھەنگی ئایتی زانستپەروەران و پێداچوونەوەی بابەتەکانی ئەوێ ئەرکێکی تری بەڕێزتانە، گەر بکرێ شتێکمان لەسەریان بۆ باس بکەیت.

١ـ ئێمە لە “زانستپەروەرانی کورد”دا بڕوامان بە “زۆر و بۆر” نییە، ھەر دەقێک کە بڵاو دەکەینەوە دەبێ وتارێ بێت کە خوێنەر بتوانێ شتی لێ فێر ببێ، پاشان دەبێ ڕێساکانی ڕێنووس، ڕێزمان، خاڵبەندی و بنەماکانی تری نووسینی وتار،‌ وەکوو “پێشەکی، ناوەڕۆک، دەرەنجام”ی تێدا ڕەچاو کرابێ، ھەروەھا زمانە کوردییەکەی دەبێ لە ئاستی زمانە پێشکەوتووەکانی تری دنیادا بەرز کرابێتەوە و بۆ ھەر زاراوەیەکی بیانی، تا ئەو شوێنەی ڕێپێدراوە، وشەیەکمان بە کوردی ھەبێت. ھەموو ئەم کارانە تەنھا بە یەک نووسەر ناکرێن، بۆیە “دەستەی چاوەدێر”مان ھەیە کە بابەتەکان لە باری زانستییەوە ھەڵدەسەنگێنێ و ئەگەر بە شیاو بزانرێ بۆ بڵاوبوونەوە، دەنێردرێ بۆ “دەستەی پێداچوونەوە”، تا لەوێش ھەموو دەقەکە لە باری زمانەوانییەوە پێداچوونەوەی لەسەر بکرێت. ئینجا دەکەوێتە بەردەستی خوێنەر.
ئەو پێداچوونەوە ئەرکی منە و بڕیارەکانی “کۆڕی زانیاریی کوردستان” و ئەزموونێکی زۆر لە زمانە ئەورووپییە پێشکەوتووەکانی تر، بنەمایەکن بۆ ڕەوتی ئەم کارە.

٢ـ پڕۆژەی فەرھەنگی “ئای‌تی IT”ی زانستپەروەرانی کورد، پڕۆژەیەکە کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە دەستی پێ کرد، ئەویش کاتێ بوو کە دەمانویست چەند وتارێکی ئای‌تی بە زمانی کوردی بنووسین، ھیچ وشەیەکمان لەو بوارەدا نەبوو، بە ھیچ شێوەیەک نەدەکرا کە بابەتێکی ئای‌تی بە کوردی بنووسین، پڕ دەبوو لە وشەی بیانی. ئەوە بوو بڕیارمان دا دەست بکەین بە دانانی ئەو فەرھەنگە. پڕۆژەیەکمان بۆی خستە ڕێ، کۆمەڵێ ئەندامی باش کە شارەزایییان لە بواری ئای‌تی‌دا ھەبوو قۆڵیان لێ ھەڵماڵی. شارەزای زۆر بواری جۆربەجۆر بوون، بۆ وێنە وێبدیزاین، پرۆگرامکردن، ڕایەڵە، پاراستن، ئەندازیاری ھەر وەھا ماجیستەر و ئەندازیار و خوێندکاری زانکۆشمان تێدا ھەبوو. ھەفتەیەک چەند شەوێک لە “پالتالک” کۆ دەبووینەوە. زاراوە پێشنیارکراوەکانمان بە ئینگلیزی کۆ دەکردەوە، تاووتوێمان دەکرد، ئەوانەی شارەزای بوارەکە بوون، بەوردی شییان دەکردەوە و ڕوونیان دەکردەوە، پاشان لەگەڵ زمانەکانی تری ئەورووپی و تەنانەت لەگەڵ عەرەبی و فارسیش بەراوردمان دەکردن. پاشان لە فەرھەنگە جۆربەجۆرە کوردییەکانیش ورد دەبووینەوە، خەرمانی وشەی ڕەسەنی کوردیمان شەن دەکرد، ھەموو یاسایەکی ڕۆنان و چێکردنی زاراوەی نوێمان لە بواری زاراوەسازیدا ڕەچاو دەکرد، جاری وا بوو بۆ وشەیەک چەند پێشنیارێ ئاراستە دەکرا، جاری واش بۆ زاراوەیەک تاکەوشەیەکمان بە کوردی دەست نەدەکەوت، دەھاتین و دەچووین و لێوردبوونەوە و لێکۆڵینەوەمان دەکرد و بیرمان دەکردەوە و ئاخری زاراوەیەکمان ساز دەکرد. دەمانخستە دەنگدان، بە زۆرینەی دەنگ، دەکەوتە ناو فەرھەنگەکە تا ڕۆژێ کە پێشنیارێ باشتر لەوە بێت.


زاراوەی زۆر ھەیە کە دامان نا، پێم خۆشە ئاماژە بکەمە یەکێکیان:
لە زمانی ئینگلیزیدا بە ھێمای @ دەڵێن: (at)، واتە: “لە”، بەڵام لە زمانە ئەورووپییەکانی تردا واتایان بۆ خودی ھێماکە داناوە و قەت پێی ناڵێن (at). بۆ وێنە لە زمانی سویدیدا ناوێکیان بۆ ھێماکە ‌داناوە کە بە کوردی دەبێتە “ئای لووتەفیلی”، بە فینلەندی پێی دەڵێن “ئای کلکەمەیموونی”. بۆ خوێندنەوەی ناونیشانێکی پۆستی ئەلەکترۆنی، لە باتیی (at) ئەو وشەیە بەکار دەبەن و لە باتیی (dot) بە زمانی خۆیان دەڵێن: “خاڵ”.
ئێمەش لە کوردیدا ھاتین بە شوێن زاراوەیەکدا گەڕاین کە بەو جۆرە بێت بەڵام لە زمانەکەماندا گونجاو بێت، ئەوە بوو، بیرمان لە “قژی لوول” و “قژلوول” کردەوە و ھێماکەمان ناو نا “ئالوول” کە کورتەی “ئای لوول”ە. (ئالوول )، تا ئێستەش ھەر کەس بینیویەتی زۆری لا جوان بووە. بەوجۆرە،‌ بۆ وێنە ناونیشانی پۆستی ئەلەکترۆنیی “[email protected]” کە بە ئینگلیزی بە “دیاکۆ، ئەت، زکورد، دۆت. ئۆرگ diyako, at, zkurd, dot, org” دەخوێنرێتەوە، ئا بەم شێوەیە بە کوردی دەخوێنینەوە: “دیاکۆ، ئالوول، زکورد، خاڵ، ئۆرگ”. چونکوو تەوزیم و پێویست نییە کە ئەو دەستەواژەیە بە ئینگلیزی بخوێنرێتەوە، لە زۆربەی وڵاتە ئەورووپییەکانیش بە ئینگلیزی ناخوێنرێتەوە و ھەر بە زمانی خۆیان وەریان گێڕاوە.

پرسیار: گرنگیدان بە ڕێزمانی کوردی لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە کوردییەکاندا چۆن دەبینیتەوە؟

ھەڵبەت بە ھیچ شێوەیەک ناتوانم بڵێم کە ئەوانەی لە پشتی گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی کوردیدا کار دەکەن، ئاگایان لە ڕێزمانی کوردی نییە، چونکوو ئەوە بە ھیچ شێوەیەک قسەیەکی درووست نییە و زۆر ناھەقییە، بەڵام بەداخەوە لە زۆر گۆڤار و ڕۆژنامەدا (نەک ھەمووی)، بەزەقی دەبینرێ کە ھەڵەی ڕێنووسی زۆر دەکرێت و ئەگەر سەرجەم پێکەوە بەراوردیان بکەی دەبینی کە ھیچ ھاوڕێکی و ھاوڕێنووسییەک لەنێوان چاپەمەنییە کوردییەکاندا نابینرێت. ھەندێ چاپەمەنی کەمتەرخەمن لە بەکارھێنانی ھەندێ وشە بە ڕێنووسی درووست و لەبار. بۆ نموونە کام لەمانە ڕاستن (چیە، چی یە، چی‌یە، چییە)؟


بەکارنەھێنانی تەنھا پیتی پێوەندیی “ی” ھەڵەی زۆر گەورە دەئافرێنێ، بۆ وێنە “پەپوولەی خۆشەویستی من” زۆر جیاوازیی ھەیە لەگەڵ “پەپوولەی خۆشەویستیی من”. پشتگوێخستنی تەنھا پیتی پێوەندیی “ی” دەتوانێ واتای ڕستەیەک بەتەواوی بگۆڕێ. یان سەیری ئەم دوو دەستەواژەیە بکە کە لە باری ڕێزمانەوە چەندە جیاوازییان ھەیە:
“١ـ فرۆکەخانەی ھەولێری نێونەتەوەیی”، “٢ـ فڕۆکەخانەی نێونەتەوەییی ھەولێر”. لە باری ڕێزمانەوە لە دەستەواژەی یەکەمدا، مرۆڤ بیری بۆ ئەوە دەچێ کە ھەولێر نێونەتەوەیییە، لە دەستەواژەی دووەمدا، کە درووستەکەیەتی، مرۆڤ بیری بۆ ئەوە دەچێ کە فرۆکەخانەکە نێونەتەوەیییە، نەک شاری ھەولێر، کە شارێکی کوردستانییە. یان “قوتابخانەی کوڕانی سەرەتایی”، ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ ئەوە دەبات کە کوڕەکان سەرەتایین، نەک قوتابخانەکە، کە لەڕاستیدا دەبێ بوترێ: “قوتابخانەی سەرەتاییی کوڕان”.
گەر سەرنجی ھەندێ لە فیلمە دۆبلاژکراوەکان بدەی دەبینی کە زۆر جار لە باتیی دەستەواژەیەکی زمانی فارسی “با اجازە شما” دەڵێن: “بە ڕوخسەتی ئێوە” یان “بە ئیزنی ئێوە” یان “لەسەر ئیزنی ئێوە”. گوایە وشەی “اجازە” کراوەتە کوردی! دەمێکە ئەو دەستەواژەیە لە کوردیدا پێی دەوترێ: “بە یارمەتیت” یان “بە یارمەتیی ئێوە” یان “بە یارمەتیتان”.
یان پێکھاتەی ڕێزمانیی زمانێکی تر بە زۆر دەسەپێنن بەسەر زمانی کوردیدا: “ھەستا بە گێڕانی ئاھەنگێک” لە باتیی: “ئاھەنگێکی گێڕا” یان “دەستی کرد بە گێڕانی ئاھەنگێک”. کە ئەوە داسەپاندنی پێکھاتەی رێزمانیی زمانی عەرەبییە بەسەر زمانی کوردیدا، یان: “ئێمە ئاشتیمان دەوێ، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرۆک کۆمار وتی”. ئەوە ڕێک داسەپاندنی پێکھاتەی ڕێزمانی زمانە ئەورووپییەکان و ئینگلیزییە بەسەر زمانی کوردیدا. وەرگێڕان شتێکی باشە، بەڵام دەبێ واتا و چەمکەکان بکرێنە کوردی نەک دەقی ڕێزمانی کوردییەکەش بشێوێندرێت.
دەبێ لە ھونەری وەرگێڕاندا وردبین بین و لەبیرمان نەچێت کە پێکھاتەی ڕێزمانیی زمانی ئینگلیزی لەسەر (SVO)ە واتە یەکەم جار (S = بکەر = فاعل) پاشان (V = کار = فعل) و دوایی (O = بەرکار = مفعول) دێت وەکوو لە: (I wrote a letter)، بەڵام لە زمانی کوردیدا لەسەر (SOV)ە واتە یەکەم جار (S = بکەر = فاعل) پاشان (O = بەرکار = مفعول) و ئینجا (V = کار = فعل) دێت. بۆیە بە کوردی دەبێ بنووسین: (“من نامەم نووسی” یان “نامەم نووسی”). ئەوە زۆر گرنگە کە باش شارەزای پێکھاتەی زمانی کوردی بین و نەھێڵین لە کاتی ھیچ وەرگێڕانێکدا، ئەو ڕیزبوون و پێکھاتەیە تێک بچێت. پێشخستن و پێشکەوتن واتای تێکدانی قەبارە و پێکھاتەی زمانێک نییە.

پرسیار: ماوەیەک کۆڕی زانیاری کورد ناچالاک بوو، ئەمە تا چ ڕادەیەک کاریگەریی سلبی ھەبووە لەسەر زمانی کوردی؟

بە لای منەوە داخران یان ناچالاکبوونی کۆڕی زانیاریی کورد، کارەسات و کۆسپێکی فەرھەنگی و زمانەوانییە. دەرەنجامەکانی قەرەبوو ناکرێنەوە. نەبوونی سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی ئەکادیمیی وا، زەبرێکە لە زمانی کوردی. بۆیە ھەر لە پەرلەمان و دادگاکانەوە بگرە ھەتاکوو فەرمانگە و قوتابخانە و تەلەفزیۆن و سایت و گۆڤار و نووسراوەکان و ھتد، ھەر ھەمووی بێ چاوەدێر دەمێننەوە. ھەڵەی زمانەوانی و وشەی ناڕەسەن، بەتایبەت لەڕێی ڕاگەیاندن و دۆبلاژ و ژێرنووسی فیلم، وا خێرا بڵاو دەبنەوە کە ھەرگیز قەرەبوو ناکرێنەوە.
گەر ڕۆژێ گوێ لە پەرلەمان بگری، نامەیەکی فەرمیی فەرمانگەیەک بخوێنیتەوە، کتێبێکی قوتابخانەکان تاووتوێ بکەی، لە سایتێکی کوردیدا وێبگەردی بکەی، گوێ لە فیلمێکی دۆبلاژکراو بگری، فیلمێکی ژێرنووسکراو چاو لێ بکەی، ئینجا ئاواتەخوازی ھەرگیز نەبینی کە “کۆڕی زانیاریی کورد” یان “ئەکادیمیای زمانەوانیی کورد” دابخرێ. بەبێ ئەو سوپا فەرھەنگییە کێ بەرھەڵستی زاراوەی زانستی و وشەی نوێباو ببێتەوە؟ کێ دەستی وەرگێڕەکان بگرێ کە لە ھەندەران بتوانن بسەلمێنن کە زمانی کوردیش لە ئاستی زمانە پێشکەوتووەکانی تری دنیادا دەوڵەمەند و لێھاتووە؟ کە بتوانێ لەم بوارانەدا وشە بئافرێنێ: نەخۆشی و نەخۆشەوانییەکان، ئەندامە دەرەکی و ناوەکییەکانی جەستەی مرۆڤ، چەمک و واتا قووڵ و قورسەکانی بواری دادگا، سەدان وشەی جۆربەجۆر لە بواری پەنابەری، کۆچبەری، کۆمەڵگا، ھاوسەرگیری، کێشمەکێشی خێزان، منداڵبوون، جیابوونەوە و تەڵاق، میرات و دابەشبوونی میرات، کێشەی مردوو و مردووناشتن و لەگۆڕنان، زاراوە و چەمکەکانی ناو پارلەمان، شێوازی حکوومەتداری و بەڕێوەبردنی ڕژێمێ، دانانی یاسا و قانوونی وڵاتێ بە زمانی کوردی، دەیان بواری تر و ھەزاران وشە و زاراوەی تر کە بەبێ “ئەکادیمیای زمانی کوردی”، ھەرگیزاوھەرگیز لەدایک نابن.

پرسیار: لە دەمی زۆرکەسەوە باسی زمانی یەکگرتوو کراوە، ڕای ئێوە چۆنە لەم بارەیەوە؟

پرسیارێکی کورت، بەڵام وەڵامێکی درێژی پێویستە. بێگومان خەونی ھەر دڵسۆزێکی زمانی کوردییە کە ببینێ ھەموو کوردان تەنھا بە یەک زاراوەی ھاوبەش دەپەیڤن، بێ لەبەرچاوگرتنی پارچەی کوردستانەکەی، بێ لەبەرچاوگرتنی شوێنی جوگرافیی سروشتیی کە ھۆیەکی لەیەکدابڕانی کورد بووە و بێ لەبەرچاو‌گرتنی زاراوە جیاوازەکانی.
بۆ بیرکردنەوە لە زمانێکی ھاوبەشی یەکگرتوو، دەبێ لە پێشدا زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی دەستنیشان بکەین، پاشان دەبێ ھەموویان لە ڕووی “مۆرفۆلۆژی” ، “لێکسیکۆلۆژی”، “فۆنۆلۆژی”، “ئۆرتۆگرافی”، “سینتەکس”، “سەمەنتیک”، “پراگماتیک”، لە ڕووی گەردانی فرمانەکان و ھتد بەراورد بکەین. ئینجا کۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگەکانمان بۆ دەردەکەوێت. پاش چارەسەرکردنی ھەموویان ئینجا دەتوانین بیر لە ڕێکخستنی زمانێکی ھاوبەشی یەکگرتوو بکەین کە ھەموو کوردێ وەکوو یەک بەکاری ببات و لێی تێ بگات. ئاخۆ زانینی زمانی کوردی لەلای خەڵک بەتێکڕا، لە چ ئاستێکدایە؟ تا چ ڕادەیەک ئاخافتەری کورد وەھا پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکات؟ بەتایبەت کە ھێشتا خاوەنی یەک وڵاتی سەربەخۆ نین کە ھەموو خەڵکەکەی پێکەوە ملکەچی یەک یاسا و بڕیار بێت! بەڕای من ئەو ڕۆژە، لە ‌کردەوەدا، ھەرچەند نەلواو نییە، بەڵام ڕۆژێکی دوورە.

ئەگەر بێینە سەر ڕاستەقینە، لە زۆر وڵاتی دنیادا کە خاوەنی چەندین زاراوەی جۆربەجۆرن، تەنھا یەکێک لە زاراوەکان توانیویە ئەرکی زمانێکی یەکگرتوو بگرێتە ئەستۆ و ھەموو کەسێک خۆی لە دەوری ئەوە کۆ دەکاتەوە، بەھێزی دەکەن، فێری دەبن و بەکاری دەھێنن. لە ماڵ یان ناوچەی خۆشیاندا، بەئازادی بە ھەر زاراوەیەکی تر قسە دەکەن.
بە ڕای من ئێمە دەبێ خۆمان لە دەوری ئەو دوو زاراوە سەرەکییە کۆ کەینەوە کە ئەمڕۆ ڕەوتی زمانەکەمان خۆی ئەو دووانەی بەھێز کردووە و بۆ دەربڕینی چەمکە زانستی و ئەدەبی و وێژەیییەکان بەکار دەبرێن. زاراوەکانی تریش بێگومان ڕێز و نرخی خۆیان ھەیە و پاڵپشت و پشتەوانەیەکی گرنگن بۆ دەوڵەمەندتر بوونی ئەم دوانە و بێگومان ڕێزلێنان و بەکارھێنانیان لە سنوورگەی خۆیان لە ئاستێکی دیاریکراودا ھەقێکی بێ ئەملا و ئەولایە و دەکرێت زۆر قسە و باسیشیان لەسەر بکرێت.

لە سوید کە خەڵکەکەی نێزیکەی ٩ میلیۆن کەسن، دەڵێن نزیکەی ١٠٠ دیالێکتی جیاوازمان ھەیە (بنواڕە:‌ http://swedia.ling.gu.se)، کەچی تەنھا یەکێک لە زاراوەکان کە زاراوەی دانیشتووانی ناوەڕاستی سویدە، بووە بە زاراوەی ھاوبەشیان. زۆر زاراوەیان ھەیە کە کەسێکی ستۆکھۆڵمی لێی تێ ناگات.
لە عەرەبیدا ھێندە زاراوەی جۆربەجۆر ھەیە کە خۆیان بەئەستەم دەتوانن لە یەکتر تێ بگەن، بەڵام تەنھا زاراوەیەک کە قورئانی پێ نووسراوەتەوە بووە بە زاراوەی ھاوبەشیان کە ئێمە بە زمانی عەرەبی دەیناسین، ھەموو عەرەبێ بەو زاراوەیە ناپەیڤێ و ھەر کەس لە ناوچە و شوێنی خۆیدا، زاراوەیەکی تایبەتی ھەیە. میسرییەک و ئێراقییەک و توونێسییەک و ھتد زاراوەیان زۆر لە یەک جیاوازە.
وە نەبێ لە ئەڵمانیدا زاراوەی جۆربەجۆر نەبێ، بەڵام زاراوەیەک کە یەکەم جار ئینجیلی پێ وەرگێڕایەوە و زاراوەی خانەدانەکانی ئەوێ بوو، بوو بە زاراوەی ھاوبەشیان، بەھێزتر کرا و خۆیان لە دەوری کۆ کردەوە، ئێمەش بە زمانی ئەڵمانی دەیناسین، بەڵام زاراوەکانیشیان قەت نەمردن و شەرمیشی پێ ناکەن.
فارسیی گورگان و شیراز و ئیسفەھان و باکوور و ھتد زۆر لەگەڵ ئەو فارسییەی کە ئەمڕۆ بووە بە زمانی فارسی، جیاوازیی ھەیە. تورکی ھەر بە ھەمان شێوە.
ئەوە زمانی ئینگلیزی ھەر باس مەکە کە چەندە زاراوەی جیاوازیان ھەیە، ئەگەر لە شاری لەندەن بچیت بۆ شارە باکوورییەکانی بەریتانیا یان بۆ ئەمریکا و نیوزلاند و ئۆسترالیا، دەزانی کە چەندە جیاوازیی زاراوەیی لەنێوان ئەو خەڵکانەدا ھەیە.
جا ئەگەر ئەو زمانانە بەو ھەموو خزمەت و شارستانیەت و پێشکەوتنانەیان نەیانتوانیوە زاراوەکانیان بمرێنن، بەڵکوو ڕێزیشی لێ دەگرن، ئێمە بەو دۆخە سیاسی و ئابووری و نیشتمانییەمان چیمان پێ دەکرێت؟
ئەگەر ئێمە پەڕاوێکی ئایینیی پیرۆزمان نەبووە کە ئەو ئەرکەی گرتبێتە ئەستۆ، دەبێ ژیرانە و زانستییانە و دوور لە ھەست و سۆزی بەرتەسکی ناوچەیی، خۆمان ئەو کارە بکەین. دەبێ ئەوەی کە ئێستە ھەمانە بەتواناتری بکەین، ئەوەی کە لە درێژاییی مێژووی وێژەییماندا سەلماندوویەتی کە توانای ئەوەی ھەیە کە ڕۆڵی زمانی یەکگرتوو بگرێتە ئەستۆ. ئەگەر وا بیر نەکەینەوە دەبێ بە ڕادەی دیالێکت و زاراوە جۆربەجۆرەکانمان زمان و زانکۆمان ھەبێت.

پرسیار: وەرگێڕانی نەرمەکاڵا و پۆرتاڵەکانی ژێدەرکراوە، شوێنی بۆ زمانی کوردی کردۆتەوە، ئایا ئەو وەرگێڕدراوانە چۆن ھەڵدەسەنگێنیت؟

ئەو نەرمەواڵە و پرۆگرام و پۆرتاڵانەی کراونەتە کوردی، ھێزێکن بۆ بەرزترکردنەوەی زمانی کوردی، دەسەڵاتێکن بۆ چەسپاندنی زاراوەیەک لە ‌بری زمانێکی یەکگرتوو. بەڵام لەبیرمان نەچێت کە ئەگەر کەسێک بە تەنھا شارەزای پرۆگرامکردنە و کەمتر لە زمانی کوردی شارەزاییی ھەیە، بە وەرگێڕانێکی سەقەتی پۆرتاڵێکی ژێدەرکراوە یان ھتد دەتوانێ زەبرێکی گەورە لە جەستەی زمانی کوردی بدات. من ئەو کارانە تەنھا کاتێ بەباش دەزانم، کە وەرگێڕەکان بەباشی ئاگاداری زمانی کوردی بن، بەتایبەت زۆر باش دەبێ کە بە گرووپ ئەو کارانە بکەن. یان لە ئاکامدا، بۆ دوابڕیار و پێداچوونەوەی یەکلایی بنێردرێن بۆ کەس یان کەسانێک کە لەو بوارەدا خاوەن ئەزموونن و شارەزان.

نامەوێ ئاماژە بکەمە ھیچ بەرھەمێکی وەرگێڕدراو، بەڵام دەتوانم بڵێم لەوانەی کە دانراون، ھەموو جۆرێکم بینیوە. کاری وا باش کراوە کە بەڕاستی جێی دەستخۆشییە و کاری وا خراپیش کراوە کە پێم وایە نەکردنی زۆر باشتر بووە. بۆ وێنە ئەگەر نەرمەواڵەیەک کە کراوەتە کوردی، پڕ بێت لە ھەڵەی ڕێنووسی و تێکەڵاوێک بێت لە وشەی ئینگلیزی، کوردی، فارسی و عەرەبی، چ سوودێکی ھەیە بۆ زمانی کوردی؟ جگە لەوەی کە بەکارھێنەر فێری زمانێکی دواکەوتووی ناچالاکی شەل و پەت دەکات!
بەڵام بەگشتی من زۆرینەی کارەکان بەباش دەبینم و جێی دەستخۆشییە لە خۆماندووکەرانی ئەو چەشنە پڕۆژانە. ئەو کەسانە گوڕ و وزە دەدەن بە زمانی کوردی.

پرسیار: بۆ تاکوو ئێستا بانگھێشتێکی تەواوتان نەکردوە بۆ فەھەنگەکە، خۆ ھیچ نەبێت دەتوانن لەسەر کۆمەڵێک ماڵپەڕی کوردی بەستەرەکەی دابنێن؟
لەڕاستیدا کۆمەڵێ ماڵپەڕ لای خۆیان بەستەریان بۆ زکورد داناوە کە خۆی لە خۆێدا بەستەرێکیشە بۆ فەرھەنگەکە. لە کوردستانیش یەک دوو گۆڤاری ئەو بوارە زۆر بایەخیان بە کارەکەمان داوە و تەنانەت لە ھەر ژمارەیەکدا کۆمەڵێ زاراوەی پەسەندکراوی ئێمەیان بڵاو کردووەتەوە. لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیشدا بە تێروتەسەلی باسی فەرھەنگەکەمان کرد.
بەڵام ھۆی بانگنەھێشتنێکی تەواو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵێک زاراوە لە فەرھەنگەکەماندا ھەبوو کە تەنھا پێشنیار بوون و بڕیاریان لەسەر نەدرابوو یان ھێشتا نەکرابوونە کوردی. لەم دوایییەدا ھەمووی ئەو کەموکووڕییانە چاک کران، واتای کوردی و پێناسەی پێویست دانرا بۆیان. نموونەیەکیشمان ناردەوە بۆ کوردستان کە لەچاپ بدرێت و بڕیارە لە ساڵی نوێدا چاپی بکەن.
ئێستا فەرھەنگی ئای‌تیی زانستپەروەرانی کورد گەیشتووەتە ئاستێ کە تا ڕادەیەکی باش دەتوانرێ وەکوو سەرچاوەیەک لە بواری تەکنۆلۆژیای زانیاریدا بەکار بھێنرێت. ھەر کەسێکیش ھەر وشە یان زاراوەیەکی تری پێ باشە یان جێی پرسیارە بۆی، دەتوانێ داوامان لێ بکات کە بە زووترین کات بە فەرھەنگەکەی زیاد بکەین. ھەڵبەت ئێستاش بەردەوام زاراوەی نوێمان پێشنیار پێ دەکرێ، ئێمەش بەزووترین کات دەیانکەینە کوردی و لە فەرھەنگە سەرھێڵەکەماندا دایان دەنێین.
باشی و چۆنایەتیی کارێک، خۆی گەورەترین بانگەشە و بانگھێشتنە.

دواپرسیار: بەڕێزتان چەندجارێک لە ژوورەکانی پالتۆک لەسەر زمانی کورد دواون و وانەشتان وتۆتەوە، ئایا ناکرێت ئەو شتانە لەچاپ بدەیت تاکوو زۆرترین خوێنەر بتوانن سوودمەند بن؟

ھیوادارم کات مەودا بدات لە داھاتوودا ئەو کارە بکەم، بەڵام بەشێک لەوانەم لە زکورد داناوە، بۆ نموونە ڕێنووسی زمانی کوردی، خاڵبەندی، زاراوەسازیی کوردی، زانستی وەرگێڕان و ھتد. ھەروەھا بلۆگ و سایتی تریشم ھەبوو لەسەر زمانی کوردی.

لە کۆتاییدا گەر بەڕێزتان بخوازن شتێک بڵێن …
زۆر سوپاسی بەڕێزت دەکەم کە ئەم ھەلەت خستە ئاراوە بۆ ھەڤپەیڤینێک. لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم کە ئەوڕۆکە لە سایەی ئینتەرنێت و تەکنۆلۆژیا دەتوانرێ سنوورەکان بشکێنرێن و بەو جۆرە ھەموو زاراوەساز و زمانەوان و زمانزانێ، دەتوانێ لەگەڵ مامۆستا و شارەزایانی زمانی کوردی، نووسەران، وەرگێڕان، فەرھەنگنووسان، ھتد و ھەروەھا لەگەڵ زانستەوانان کۆ ببنەوە و بیروڕا بگۆڕن و پێکەوە دەتوانن زمانی کوردی بگەیەننە ئاستێکی زۆر بەرز. بەتایبەت ئەوانەی لە ھەندەرانن بە زانینی ئەم زمانە ئەورووپییانە دەتوانن یاریدەدەرێکی گەورە بن بۆ زمانی کوردی.
با ڕەچاوی ئەوانە بکەین کە دوێنێ مێژوویان بۆ ئەمڕۆ درووست کرد، ئێمەش ئەمڕۆ مێژوو بۆ سبەینێ چێ بکەین. تەنھا بە یەکگرتن و بە زانست بەھێزین!

زۆر سوپاسی ئەرک و ماندوبوونت دەکەم و ئومێدەدەخوازم ھەردەم لەش ساغ و کامەران بیت و بەردەوام بیت لە کار و چالاکییەکانت.

سازدانی: ئاراس نوری

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *