ڕێبازی وه‌رگرتن
ڕێبازه‌كانی ڕۆنانی زاراوه‌ی زانستیی كوردی
بۆ ئه‌وه‌ی زاراوه‌یه‌كی نوێی زانستی دروست بكرێ ده‌توانرێ كه‌ڵك له‌م ڕێبازانه‌ی خواره‌وه وه‌رگیرێ:
- ڕێبازی ئاوه‌ڵواتا (المجاز).
- ڕێبازی وه‌رگرتن یان كورداندن (الاستعارة).
- ڕێبازی وه‌رگێڕان (الترجمة).
- ڕێبازی داتاشین (النحت) و بێژه یه‌كه‌مییه‌كان.
- ڕێبازی داڕشتن (الاشتقاق).
- ڕێبازی لێكدان (التركیب).
- ڕێبازی پێوانه (القیاس).
ڕێبازی وه‌رگرتن یان كورداندن (الاستعارة):
له‌م ڕێبازه‌دا وشه‌یه‌ك له زمانێكی تره‌وه وه‌رده‌گیرێ و بێ ئه‌وه‌ی بكرێته كوردی ته‌نها به ڕێنووسی زمانی كوردی ده‌نووسرێته‌وه. هه‌ندێ جار گۆڕینی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نایه‌ت، وه‌كوو: پینگ پۆنگ (ping pong)، نایترۆجین (nitrogen) و هه‌ندێ جاریش بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستووری ده‌نگی (صوتي) و واژه‌گۆڕی (صرفي)ی زمانی كوردیدا بگونجێت تۆزێ گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت یان باشتر بڵێم ده‌كوردێنرێت، وه‌كوو: فه‌لسه‌فه (فیلۆسۆفی philosophy)، ته‌لسكۆپ (تێلێسكۆپ telescope).
جاران وه‌رگرتن له زمانی نه‌ته‌وه پێشكه‌وتووه‌كانه‌وه ده‌شكایه‌وه بۆ زمانی نه‌ته‌وه دواكه‌وتووه‌كان به‌ڵام ئه‌وڕۆكه به‌هۆی چڕوپڕیی پێوه‌ندییه‌كان ده‌توانێ پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕوو بدات، بۆ نموونه له‌م دواییانه‌دا ده‌بینین كه وشه‌ی پێشمه‌رگه دزه‌ی كردووته ناو زۆر زمانی ئه‌ورووپی.
هه‌ر له‌سه‌ر ڕێبازی وه‌رگرتن له فه‌رهه‌نگی ئایتی‌ی زانستپه‌روه‌رانی كورددا به‌رانبه‌ر به زاراوه‌ی datagram نووسراوه: داتاگرام.
ڕێبازی وه‌رگرتن ده‌بێ ته‌نیا له كاتی پێویست و ناچاریدا بێت، بۆ نموونه كاتێ كه هه‌موو وڵاته‌كانی تر ئه‌و زاراوه‌یه به‌كار ده‌به‌ن و نه‌یانگۆڕیوه یان ئه‌گه‌ر بێت و بگۆڕدرێ مانایه‌كی هه‌ڵه به ده‌سته‌وه بدات.
چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ڕێبازی وه‌رگرتن:
- فۆسفۆر (phosphorous).
- ته‌كنیك (technique).
- ته‌له‌فزیۆن (television).
- حه‌ج (حج).
- سینه‌ما (cinema).
درێژه‌ی هه‌یه
————
هه‌موو به‌شه‌كانی ئه‌م بابه‌ته: