ڕێبازی داتاشین
ڕێبازه‌كانی ڕۆنانی زاراوه‌ی زانستیی كوردی
- ڕێبازی ئاوه‌ڵواتا (المجاز).
- ڕێبازی وه‌رگرتن یان كورداندن (الاستعارة).
- ڕێبازی وه‌رگێڕان (الترجمة).
- ڕێبازی داتاشین (النحت) و بێژه یه‌كه‌مییه‌كان.
- ڕێبازی داڕشتن (الاشتقاق).
- ڕێبازی لێكدان (التركیب).
- ڕێبازی پێوانه (القیاس).
ڕێبازی داتاشین (النحت Coining of words) و بێژه یه‌كه‌مییه‌كان:
یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زمان و به‌ڵگه‌یه‌كه بۆ گه‌شه‌كردنی و جۆرێكه له كورتكردنه‌وه. بریتییه له دروستكردنی وشه‌یه‌ك له دوو وشه یان زیاتر. به مه‌رجێك گونجانێك له بێژه و مانا له نێوان لێداتاشراو و داتاشراوه‌كه‌دا هه‌بێت. له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانرێ وشه‌ی نوێتر بئافرێنرێ.
بۆ نموونه له زمانی عه‌ره‌بیدا به گیانداری وه‌كوو بۆق كه له‌سه‌ر زه‌وی و نێو ئاودا ده‌ژین ده‌وترێ (برمائی)، كه ئه‌ویش له دوو وشه‌ی (بر = زه‌وی، وشكانی) و (مائی = ئاوی) پێك هاتووه واته (بر + مائی = برمائی). زمانه‌وانانی كوردیش له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه زاراوه‌ی (وشكاوی یان وشكاوه‌كی)یان ئافراند كه له (وشك + ئاوی یان وشك + ئاوه‌كی) پێك هاتووه.
یان له عه‌ره‌بیدا به‌رانبه‌ر به وشه‌ی time-space وشه‌ی (زمكان)یان دانا كه له دوو وشه‌ی (زمان) و (مكان) وه‌رگیراوه، كه له كوردیدا كراوه به (كاتشوێن) یان (كاشوێن).
له زمانی عه‌ره‌بی و فارسی‌دا به‌رانبه‌ر به دوو وشه‌ی o´clock و hour ته‌نها یه‌ك وشه‌ی (ساعة، ساعت) دانراوه، كه‌چی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئامێرێكه و كات ده‌ژمێرێ به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌م ئامێر نییه و بۆ ده‌ربڕینی كات به‌كار ده‌برێ. سه‌یری جیاوازییان بكه‌ن: (I came at 2 o´clock) و (I have been here in 2 hours). كورد هاتووه به‌رانبه‌ر به وشه‌ی o´clock كاتژمێری داناوه كه پێك هاتووه له (كات + ژمێر) و هه‌ر له‌و وشه‌یه‌ش وشه‌ی (كاژێر)ی به‌رانبه‌ر به hour داتاشیوه. ئێسته ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌و ڕستانه بكه‌ینه كوردی وایان لێ دێت: (له كاتژمێری ٢دا هاتم) و (٢ كاژێره لێره‌م).
چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ڕێبازی داتاشین:
- auto matism خۆجووڵه، خۆبزوێن ـ ذا حركیة.
- somnambulism خه‌وڕه‌ویی ـ سرنمة.
- adsorption ڕوومژی، مژڕوویی ـ إدمصاص.
بێژه یه‌كه‌مییه‌كان:
هه‌ندێ جار هه‌یه یه‌كه‌م پیته‌كانی چه‌ند وشه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن و پێكه‌وه ده‌یكه‌ن به زاراوه‌یه‌كی نوێ وه‌كوو زاراوه‌ی ڕادار = RADAR كه له یه‌كه‌م پیته‌كانی Radio Detecting And Ranging پێك هاتووه.
درێژه‌ی هه‌یه
————
هه‌موو به‌شه‌كانی ئه‌م بابه‌ته: