زاراوه‌سازیی كوردی (٧)

ڕێبازی لێكدان

ڕێبازه‌كانی ڕۆنانی زاراوه‌ی زانستیی كوردی

  1.  ڕێبازی ئاوه‌ڵواتا (المجاز).
  2. ڕێبازی وه‌رگرتن یان كورداندن (الاستعارة).
  3. ڕێبازی وه‌رگێڕان (الترجمة).
  4. ڕێبازی داتاشین (النحت) و بێژه‌ یه‌كه‌مییه‌كان.
  5. ڕێبازی داڕشتن (الاشتقاق).
  6. ڕێبازی لێكدان (التركیب).
  7. ڕێبازی پێوانه‌ (القیاس).

ڕێبازی لێكدان (التركیب، بناءالكلمة word-formation, compounding of words):

له‌م ڕێبازه‌دا،  دوو وشه‌ یان زیاتر كه‌ هه‌ر كامه‌یان به‌ جیا واتایه‌كی تایبه‌تییان هه‌یه‌ پێكه‌وه‌ لێك ده‌درێن و وشه‌یه‌كی نوێتر پێك دێنن كه‌ واتایه‌كی نوێی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌: ڕه‌ش + ماڵ = ڕه‌شماڵ. 

سه‌رنج:

ئه‌م وشه‌ نوێیه‌ كه‌ پێك دێت ده‌بێ پێكه‌وه‌ بنووسرێ و نابێ لێك جیا بكرێته‌وه‌، واته‌ له‌و نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نابێ بنووسین: ڕه‌ش ماڵ، به‌ڵكوو ده‌نووسین ڕه‌شماڵ.

  • جۆره‌كانی وشه‌ی لێكدراو:

1. دوو ناوی ساده؛ وه‌كوو‌:

پێده‌شت، ته‌خته‌كلیل، وێبخشۆك.

2. دوو ناوی ساده،‌ به‌ یارمه‌تیی یه‌كێك له‌م ئامرازانه‌:

ئامرازی (ه):

مانگه‌شه‌و، گوڵه‌گه‌نم، ئاگره‌دیوار.

ئامرازی (و): 

هێلكه‌وڕۆن، ده‌موچاو، ده‌وروبه‌ر.

ئامرازی (به‌):

ده‌ربه‌ده‌ر، نیشتمانبه‌ده‌ر، جێبه‌جێ.

3. ناوێكی ساده‌ و ئاوه‌ڵناوێك، به‌ یارمه‌تیی ئامرازی په‌یوه‌ندی (ه)؛ وه‌كوو:

سه‌گه‌ناز، كه‌ره‌دێز، ورچه‌سپی.

4. ئاوه‌ڵناو و ناوێك؛ وه‌كوو:

ڕه‌وانبێژ، شه‌وكوێر، ڕه‌شمار.

5. ئاوه‌ڵناو و ناوێكی ساده، به‌ یارمه‌تیی یه‌كێك له‌م ئامرازانه‌:

ئامرازی (ه‌):

ڕه‌شه‌وڵاخ، سووره‌چنار، وشكه‌شیرینی.

ئامرازی (و):

ڕه‌شوڕووت، مڕومۆچ، ئاڵوگۆڕ.

6. ناوێكی ساده‌ و ڕه‌گی كردار؛ وه‌كوو:

خوێنبه‌ر، پیاوكوژ، وێبگه‌ڕ.

7. ناوێكی ساده‌ و ڕه‌گی كردار به‌ یارمه‌تیی ئامرازی (و)؛ وه‌كوو:

ده‌ستوبرد، ده‌ستومۆچ.

8. ئاوه‌ڵناو و ڕه‌گی كردار به‌ یارمه‌تیی ئامرازی (ه‌)؛ وه‌كوو:

دێرینه‌ناس، كۆنه‌فرۆش، شوێنه‌وارناس.

9. دوو ڕه‌گی كردار به‌ یارمه‌تیی ئامرازی (و)؛ وه‌كوو:

مشتومڕ، مڵچوهووڕ، گفتوگۆ.

10. ئاوه‌ڵكردارێك و ناوێكی ساده‌؛ وه‌كوو:

به‌ربانگ، به‌رماڵ، پێشنیاز.

11. ناوێكی ساده‌، یان ئاوه‌ڵناوێك و وشه‌یه‌كی بێواتا، به‌ یارمه‌تیی ئامرازی (و)؛ وه‌كوو:

گورجوگۆڵ، گژوگیا، پڕوپووچ.

12. دووباره‌كردنه‌وه‌ی ناوێك به‌ یارمه‌تیی ئامرازی (ه‌)؛ وه‌كوو:

لرفه‌لرف، گڤه‌گڤ، خشه‌خش.

13. دووپاتكردنه‌وه‌ی ناوێك بێ یارمه‌تیی ئامراز؛ وه‌كوو:

كونكون، پڵپڵ، گرنجگرنج.

14. ناوێك و فۆنێمی (ی)؛ وه‌كوو:

زمانه‌وانی، ئاژه‌ڵه‌وانی، ئاسمانه‌وانی.

15. دوو ناوی ساده‌ و فۆنێمی (ی)؛ وه‌كوو:

گه‌چكاری، هاوكاری، گه‌لكاری.

درێژه‌ی هه‌یه‌

————

هه‌موو به‌شه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌:

1 – 2 – 3 – 4 – 5 – 6 – – 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *