ڕێبازی پێوانه
ڕێبازه‌كانی ڕۆنانی زاراوه‌ی زانستیی كوردی
- ڕێبازی ئاوه‌ڵواتا (المجاز).
- ڕێبازی وه‌رگرتن یان كورداندن (الاستعارة).
- ڕێبازی وه‌رگێڕان (الترجمة).
- ڕێبازی داتاشین (النحت) و بێژه یه‌كه‌مییه‌كان.
- ڕێبازی داڕشتن (الاشتقاق).
- ڕێبازی لێكدان (التركیب).
- ڕێبازی پێوانه (القیاس).
ڕێبازی پێوانه (القیاس calque):
ئه‌گه‌ر سه‌یری وشه‌كانی هه‌ر زمانێ بكه‌ین ده‌بینین كه هه‌ر كۆمه‌ڵێكی، به شێوه‌یه‌كی خۆڕسك له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی تایبه‌تمه‌ند ڕۆ نراوه. كاتێ زمانه‌وانان له‌به‌ر پێداویستیی سه‌رده‌م، ده‌یانه‌وێ زاراوه‌یه‌كی نوێباو ڕۆ نێن، ده‌بێ به گوێره‌ی ئه‌و بنه‌مایانه زاراوه‌كانیان پێك بێنن، واته بیانكه‌ن به “پێوانه” بۆ سازكردنی زاراوه‌ی نوێتر.
ئێمه ده‌توانین ڕێبازه‌كانی (ئاوه‌ڵواتا)، (وه‌رگرتن)، (وه‌رگێڕان)، (داتاشین)، (داڕشتن) و (لێكدان) كه له زانستی زاراوه‌سازیدا، ڕێبازه‌كانی دانانی زاراوه‌ی كوردین بكه‌ین به “پێوانه” بۆ سازكردنی زاراوه‌ی پێویست.
له كۆنه‌وه زانایانی عه‌ره‌ب ڕێبازی “پێوانه“یان به‌كار هێناوه و كۆمه‌ڵێ زاراوه‌یان ساز كردووه. بۆ نموونه:
- له‌سه‌ر كێشی (فعالة):
نموونه‌ی پێوانه: | به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به عه‌ره‌بی: | به ئینگلیزی: |
نباتة | علم النبات | botany = phytology |
حوانة | علم الحیوان | zoology |
بباءة | علم البیئة | ecology |
- له‌سه‌ر كێشی (تفعیل):
نموونه‌ی پێوانه: | به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به عه‌ره‌بی: | به ئینگلیزی: |
التصویر | التصویر الضوئي | photography |
التحجیر | الطباعة الحجریة | lithography |
التأریض | الجغرافیا | geography |
بێگومان زمانه‌وانانی كوردیش له ئه‌زموونی گه‌لانی جیهان كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه و له‌سه‌ر پێوانه‌ی وشه كوردییه‌كان گه‌لێ زاراوه‌ی نوێیان ئافراندووه، بۆ وێنه:
له‌سه‌ر پێوانه‌ی (هه‌ڵماتێن، واغێن) هاتن زاراوه‌ی (سابوونێن)یان به‌رانبه‌ر به (تصوین saponification) دا نا.
یان له‌سه‌ر پێوانه‌ی پاشگری (زانی = علم = logy-)، زاراوه‌ی (زه‌ویزانی)یان به‌رانبه‌ر به (علم الارض geology) دا نا.
هه‌ندێ نموونه‌ی تر له زمانی كوردیدا كه له‌سه‌ر ڕێبازی (پێوانه) ساز كراون:
زاراوه‌ی ڕۆنراو | به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به عه‌ره‌بی: | به ئینگلیزی: |
ڕووهكزانی | علم النبات | botany = phytology |
گیانه‌وه‌رزانی | علم الحیوان | zoology |
ژینگه‌زانی | علم البیئة | ecology |
ئه‌ستێره‌زانی | علم الفلك | astrology |
ئه‌ستێره‌زان | عالم بالفلك = فلكي | astrologist |
شاخه‌وان | جبلاوي | mountaineer |
هایدرۆجاندن | هدرجة | hydrogenation |
ئاوه‌ڕۆ | مجری الما‌ء | water course |
فڕگه | مطار | airport |
ڕووانگه | مرصد | observatory |
سووته‌مه‌نی | وقود | fuel |
گوڵینك | مهبل | vagina |
په‌ستاوته | مضغوط = مكبوس | compressed |
خهوڕهوی | السرنمة = السیر في النوم | noctambulism |
له زمانی ئینگلیزی‌دا، به هۆی ڕێژه‌ی چاوگی ده‌ستكرده‌وه، ده‌توانن وشه‌ی ئه‌وتۆ پێك بێنن كه به پاشگری (ism) كۆتاییی بێت، له زمانی عه‌ره‌بیدا به (یة) كۆتاییی دێت. له زمانی كوردیشدا پاشگری وامان هه‌یه كه واتای نموونه‌یی دروست ده‌كه‌ن، وه‌ك (ایه‌تی)، (ه‌تی) و (ێتی). بۆ نموونه ده‌توانین (ایه‌تی) بخه‌ینه سه‌ر ناوی مرۆڤ یان هه‌ر شتێك و بیكه‌ین به زاراوه‌یه‌كی نوێ، وه‌ك:
مه‌نده‌لایه‌تی = مه‌نده‌لێتی (المندلیة mendelism).
داروینایه‌تی = داروینێتی (الداروینیة darwinism).
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر لێهاتووییی زمانی كوردی ڕوون كرێته‌وه با سه‌یری وشه‌ی (hydrogenize) بكه‌ین، ده‌بینین له سێ به‌ش پێك هاتووه:
(hydro) واتا (ئاو)، (gen) واتا (پێكهێن)، (ize) ئامرازی تێپه‌ڕكردنی كاره، له‌مانه‌ش وشه‌ی (hydrogenize) به واتای (هدرجة) پێك دێت، كه به كوردییش، به‌پێی ده‌ستووری وشه‌سازیی كوردی، ده‌بێته (هایدرۆجیناندن). هه‌روه‌ها (hydration) ده‌بێته (ئاوێن: كرده‌ی له‌گه‌ڵ ئاو یه‌كگرتن).
یان سه‌یری توانای پاشگری (ه‌كی) بكه‌ن له‌م نموونانه‌ی خواره‌وه‌دا:
ئاوه‌كی (مائي aquatic).
فره‌شێیه‌كی (متعلق بوفرة الرطوبة hydric).
ده‌ره‌كی (خارجي external).
ناوه‌كی (داخلي internal).
ئاوێنه‌كی (قابل للتحلل المائي hydrolysable).
به‌مجۆره ده‌بینین زمانی كوردی، به‌پێی ده‌ستووره زمانییه‌كانی خۆی كه زاده‌ی ناخ و هه‌ناوی خۆیه‌تی، توانا و لێهاتووییی باشی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی زاراوه‌سازیی پێ بكرێ، به مه‌رجێ پێكهاته و ڕێبازه‌كان و خه‌رمانی وشه و یاسا و ڕێساكانی له‌به‌رچاو بگیرێ.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژێده‌ر:
- پڕۆژه‌ی زاراوه‌ی زانستیی كوردی، كه‌مال جه‌لال غه‌ریب، 1991 سوید.
- به‌ركوڵێكی زانسته‌زاراوه‌سازیی كوردی، جه‌مال عه‌بدول، 2001 كوردستان.
- زاراوه‌سازیی پێوانه، مه‌سعوود محه‌مه‌د، 1988 به‌غداد.
- فه‌رهه‌نگی ئایتی، زانستپه‌روه‌رانی كورد، ئینته‌رنێت.
ته‌واو
————
هه‌موو به‌شه‌كانی ئه‌م بابه‌ته: