مۆبایل و ناوەکانی کامیان بە دروستتر دەزانیت

لەگەڵ گەشەکردنی تەکنۆلۆژیادا، چەندین ئامێر و کەرەسەی نوێ داھێنراون، لەھەموویان بەربڵاوتر، ئازادکردنی ئامێری تەلفۆن بوو لە بەستنەوەی بە وایەر و مانەوەی لەشوێنێکی جێگیردا. یەکەم ناو لای کورد بۆ ئەم جۆرە تەلفۆنانە خواستنی ناوەکەی بوو لە ئینگلیزییەوە، تەلفۆنی دەستی “ھاند”. پاشان ناوە عەرەبییەکانی کران بەکوردی یان بەچەوتی بەکارھێنران، وەکو:
تلفون نقال – تەلفۆنی نەقال
جوال – جەوال، تەلفۆنی گەڕۆک
جیب – جێب تەلفۆن، تەلەفۆنی گیرفان
ھاتف خلوی – تەلفۆنی خانەیی

ناوی تریش وەک: تەلفۆنی ھەڵگرتوو، ھاندی، مۆبیل، و ھیتر.

ئەمڕۆکە وشەی مۆبایل Mobile زیاترین بەر گوێ دەکەوێت، لە زمانە بیانییەکاندا مۆبایل ئاوەڵناوە، بە کەسێک دەڵێن کە ھەمیشە لەھەرکوێیەک بێت بتوانرێت پەیوەندی لەگەڵدا بکرێت. گەر لە ڕووی زاراوەوە تەماشا بکرێت “مۆبایل” وەکو ناوە ئینگلیزییەکە لە ھەموویان شیاوترە. دیارە سەپاندنی ناوێک بەسەر خەڵکدا کارێکی ئاسان نییە و سەلمێنراوە کە ڕاگەیاندنەکان سەرکەوتوو نابن لە دەستنیشان کردنی ناو بۆ داھێنانە نوێیەکان، گەرچی زۆرکات ڕاستکردنەوەی ھەڵەی زمانەوانی کاری زمانزانانیش بووە نەک ڕاگەیاندنەکان.
جگە لەوەی ئەم ئامێرە گۆڕانکاریی زۆر بەخۆیەوە بینیوە، کە داھێنران ئامێرێکی قەبارە گەورەبوون، تەنھا تەلفۆنی پێدەکرا، ئەمڕۆکە تەلفۆنە، کامێرایە، ڤیدیۆیە، ڕێکخەری نەخشە و کارەکانە، کۆمپیوتەرە..ھتد.


پێم خۆشە لە دۆستانی ئەم بوارە بپرسم، ئێوە کامیان بە گونجاو دەزانن، ئایا وەکوو “نوکە” وازی لێبھێنرێت بدرێتە دەست سەلیقەی زمان، یاخود وشەی “گەڕۆک” یان وشەیەکی پاراوی تری کوردی بکرێتە بەرامبەر کە تەواو واتاکەی بپێکێت؟.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *