یانزدە ساڵ کوردئایتی گرووپ: پەیڤینێک لەگەڵ حامید دروودی

سەرەتا بە بۆنەی یانزدەھەمین ساڵیادی دامەزراندنی کورد ئایتی گرووپەوە (کە ڕێکەوتی ٢١/١ دەکات)، پیرۆزبایی لە ھەموو ئەندامان و میوانانی وێبگەکە دەکەم، ھیوادارم ئەم دەستە و زانسخوازانە ھەردەم بەردەوام بن. جێی شانازییە ١١ ساڵ بێ وەستان، ڕاژەی زمانی کوردی لە گۆشەیەکی گرنگی دنیای ئەمڕۆدا، لەسەر دەستی چەند کوردێکی زانستخواز و خۆنەویست، بەردەوامە. یەکێک لە ئەستێرەکانی ئەم گرووپەش بەڕێز کاک (حامید دروودی)ـە، کە ئەمڕۆ لەم یادەوەرییەدا دەیدوێنین.

کاک حامید ماندو نەبیت.
حامید دروودی: سەلامەت بی.

با لە خۆناسینەوە دەست پێ بکەین…
حامید دروودی: ئەم خۆناسینە زۆری دەوێ، بەڵام ئەگەر بە کورتی بۆتان باس بکەم. من منداڵی ماڵە بەگزادەیەکی ناوچەی بێڵەوارم لە تایفەیەک کە بە دڕۆیی ناسراون. بەشێکیشمان (ئامۆزکانم) پشت ناوەکەیان گۆڕاوە بە “گۆدەرزی” ھەر بۆیە ئەم دوو بنەماڵە لە راستیدا یەکن و لە ئاواییەک بە ناوی “چرۆسان” لە ناوچەی “بێڵەوار” سەر بە شاری کامیاران کە لە نێوان کامیاران و مەریواندا ھەڵکەوتووە گرساونەتەوە. من ساڵی ١٣٤٢ی ھەتاوی (١٩٦٣) لەو دێیە ھاتوومەتە دونیا و ھەر لەوێ نراومەتە بەر خوێندن. تاکوو پۆلی ٥ی سەرەتایی لەو دێیە و پاشان لە شاری کامیاران لە مەدرەسەی ناوەندی “شبانەروزی” (یەکەم ساڵ کە دانرا، ھاوکات بوو لەگەڵ سەرەتای دەستپێکردنی قوتبخانەی ناوەندی من. ھەر بۆیە لەگەڵ والیدی برام و سێ کەسی دیکەی دێکەمان لەوێ وەرگیراین) دەستم بە خوێندن کرد. پاشان ساڵێکیش بۆ ساڵی ١٠یەم لە دەبیرستانی “عەلی غەفاری” کە ئەو کات تازە لە کامیاران کرابووەوە دەستم بە خوێندن کرد. ئەو کات تەنیا ٢ ھەڵبژاردن لە بەردەم خوێندکارانی شاری کامیاراندا ھەبوو، دەبوو یان “علوم تجربی” و یان “ادبیات” ھەڵبژێرن، منیش رێگای ئەدەبیاتم ھەڵبژارد، بەڵام تەنیا یەک ساڵ لەوێ خوێندم. شۆڕش دەستی پێ کرد و منیش بەر ئەو لیشاوە شۆڕشگێرییە کەوتم کە لاوە خوێند گەرەمەکانی بۆ لای خۆی رادەکێشا. بەڵام لە پێشدا ساڵێک چوومە کرماشان و ئەوسا ھاتمەوە بۆ دێ و لەوێ بووم بە پیشمەرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ھێزی “بێستوون” کە سەر بە کۆمیتەشارستانی کرماشان بوو، لەبەر ئەوەی رادەی خوێندەواریم ھەبوو، راستەو راست دوای ١ مانگ کرام بە کادری دەرمانی لە لای دوکتور فەریدوون بەرە بەرە فێر کاری برینپێچان بوون. پاشان سەرەتا لە لای دوکتور نیلوفەری و دواتریش لە لای دوکتوری فەرانسەیی کە دەھاتن بۆ کوردستان دەورەیی دیکەم بینی. ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەی ٢ی رێبەندان لە ناوچەی سەقز و پاشان لە نەخۆشخانەی ئازادی لە قەندیل و دواتر ھەر لە قەندیل فێری ددان کێشان و ددان پڕ کردنەوە کرام و کارم دەکرد، ماوەیەکی کورت لە شاری کۆیەش لە ھەمان نەخۆشخانەدا کارم کرد و دیسان گەڕامەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سوید و لێرە لە ھەموو بەشەکانی نەخۆشخانەدا وەک بەردەستی “ئوندرشۆتشکا” کارم دەکرد. لەبەر ئازاری لاق و ٨ کاتژمیر بەسەر لاقێکەوە وەستان وازم لێھینا و ڕووم لە کومپیۆتەر و مامۆستای زمانی کوردی و فارسی بۆ منداڵان کرد، دواتریش بووم بە شۆفیری تاکسی و پاش ئەویش دیسانەوە خوێندنگا و خوێندنی مێدیا…

لەشت ساخ بێ، کورد وتەنی دنیات دیوە. باسی ئازاری لاقت کرد، وێنەیەکی جەنابتانم بینیوە کە قاچێکی دەستکردت پێوەیە، ئەوە چۆن بووە؟
حامید دروودی: لە پێشمەرگایەتیدا بریندار بووم و لە بەر دووری رێگای شوێنی برینداربوونەکەم بۆ نەخۆشخانە لاقی راستم چڵکی کرد و فەوتا، کاتێک دوای ١٨ رۆژ گەیشتمە نەخۆشخانە، لە ژێر ئەژنۆمدا بۆیان بڕیمەوە. لەبەر ئەوە زۆر خراپیان بڕیبووەوە، لە سوید ساڵی ١٩٨٦ دیسانەوە لە سەرترەوە بۆیان بڕیمەوە.

لە کەیەوە کوردئایتی گرووپت ناسیوە؟
حامید دروودی: لە پێشدا من لەگەڵ زانستپەروارانی کورد بووم، خۆم و کچێکی خۆشکەزام شەوانە لە رێگای پاڵتاڵکەوە لە کۆبوونەوەکانی زانستپەروەرانی کورددا بەشداریمان دەکرد، وا بزانم زۆر جار چوارشەمانە بوو کە ئەو کات من چوارشەمانە لە رادیۆ دەنگی کوردستان لە ستوکھۆڵم بەرنامەم بەڕێوە دەبرد، ھەر بۆیە رۆژەکانیتر لەگەڵیان دەبووم و باسی زۆر شت دەکرا لەوانە دانانی وشە بۆ فەرھەنگی ز.کورد. لەوێوە بە ھۆی چەند کەسێکەوە کە یەکیان کاک دیاکۆ بوو، بە کوردئایتی ئاشنا بووم. ئەو کاتە وەک ئێستا نەبوو، وا بزانم تەنیا سەکۆ بوو. منیش دڵم چوو لەم ژوورە و لەو کاتەوە لێرەم و وەک ماڵی خۆمی لێ ھاتووە، رۆژێک نەیەم ئێرە تاقەت ناگرم.

لە کەناڵی تەلەفیزیۆنیش کارت دەکرد، لەوێ ماویت؟
حامید دروودی: ساڵێک پێش ئەوە کاناڵی تەلەفزیۆنی تیشک تی ڤی دابمەرزێ من لە خوێندگایەک لە شاری ستوکھۆڵم بە ناوی “نیبرو” مێدیام خوێند، واتە دەنگ و رەنگ و وێنەگری. تەواو بوونی خوێندنی من ھاوکات بوو لەگەڵ دامەزرانی تیشک، ھەر بۆیە لەوێ پێویستیان بە من بوو، منیش بار و بنەم پێچایەوە و بۆ ٥ ساڵ چوومە پاریس و لەوێ کارم کرد. بەڵام دوای ٥ ساڵ تیشک لەبەر باری نالەباری ماڵیی، نەیدەتوانی کارمەندانی وەک ئێمە کە لە وڵاتی ترەوە چووبوون را بگرێ، ھەر بۆیە دیسان گەڕامەوە بۆ سوید. لە مانگی ٧ی ئیمساڵەوە پەیماننامەی کار کردنی من تازە نەکراوەتەوە. بەڵام لەو کاتەوە تاکوو ئێستا چەند جارێک پێویستیان بە یارمەتی بووە، داوایان کردووە و منیش لە سوید یارمەتیم داون و ڕیپۆرتاژ و فیلمی بۆنە و جێژنەکانم بۆ ھەڵگرتوونەتەوە.

ئەم کارە کاریگەریی لەسەر ژیانت چۆن بوو؟
حامید دروودی: لەو پێنج ساڵەدا من زیاتر لە ٥٠ فیلمی دیکۆمەنتەری ژیانی پێشمەرگەی بریندار و کەم ئەندامم دروست کرد، زیاتر لە ٥٣ دانە پرۆگرامی زانستی ئای تی، بڵاو کرایەوە کە ھەمووی لەسەر ئەرکی خۆم و مونتاژ و رێکۆپێک کران، شەو نوخونی زۆرم پێوە دین بەڵام وەک شانازییەک لە ژیانمدا ماوەنەتەوە و زۆربەشیان ئێستا لە سەر یوتوب دەست دەکەون. سوودێکی دیکەش کە لەو ماوەیەدا بە نسیبم بوو ئەوە بوو کە لە رێگای ئەو کاناڵەوە بووم بە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سوید کە ھیشتا لەگەڵیانم و بڕیاریشم داوە لەمەودواش لەگەڵیان بم. کارێکی دیکەش کە لەو ماوەیەدا لە تەنیشت کاری تیشکەوە دەمکرد، نووسین و بەرھەم ھێنانی فەرھەنگێکی فێربوونی زمانی فەرانسەیی بوو بە کوردی کە لەگەڵ بەیان سەلمانی ھاوکار و ھاوڕێی بەڕێزم نووسیومانە کە بەم زووانە لە چاپ دەدرێ.

بۆ ١١ ساڵەی کورد ئایتی گرووپ چی دەڵێیت؟
حامید دروودی: چی بێژم برا، ھیچ ناوترێ، ئەوە نەبێ کە شانازی ئەوەم ھەبووە تاکوو ئەو جێگایە توانیومە وەک باقی ھاوڕێیانی ئێرە لە کاتی خۆم گێڕاوەتەوە بۆ ئەوە ھیچ نەبێ سوودێکی زۆر کەم بە خەڵکەکەم بگەیەنم، دیارە وەک ئەوانم پێ ناکرێ، بەڵام ئەوەندەی پێم کراوە درێغیم نەکردووە. جێی خوشحاڵییە کە کۆمەڵێک کەس کە ھەر کەسەو لە شوێنێکی ئەو جیھانەدان، رەنگە ھەر کامیشمان بیرو بۆچوونی سیاسی خۆمان ھەبێ، بەڵام کەس باسی ئەوەی نەکردووە و تەنیا ئاماجی ئەم گرووپە پەرەپێدانی زانستی ئایتی بووە، ئەویش بە کوردی، لە دەوری یەکتر کۆبوونەتەوە. ئەمەش زۆر دەگمەنە کە لە کوردەواریدا بۆ ماوەی ١١ ساڵ کۆمەڵە کەسێک بە بۆچوونی جیاوازی رامیاری و کەسایەتی جۆراوجۆرەوە، بتوانن پێکەوە بۆ ١ ئامانج تێبکۆشن.

خولیای کاک حامید بۆ ئەم چالاکییانە لە کوێوە سەری ھەڵداوە، ئینجا چۆن کاتەکانت ڕێک دەخەیت بۆ چالاکییەکانت لە کورد ئایتی گرووپ؟
حامید دروودی: من لە پێشدا بۆ زانستپەروەرانی کوردم دەنووسی، بە خۆشیەوە تاکوو ئیمڕۆش بابەتەکانم لە سەر ماڵپەڕەکەیان ماونەتەوە، دواتر بڵاو کردنەوەیان تۆزێک دژوارتر بوو، ھەرچەند باش بوو، بەڵام مرۆڤ کە بابەتێکی ھەیە پێی خۆشە ھەرچێ زووتر بڵاو بێتەوە، لەوێدا تۆزێکی دەخایاند یان جاری وا ھەبوو بۆ پێداچوونەوە دەبوو یەک دوو رۆژ بخایەنێ. ھەر بۆیە تۆزێک لەو تام و جێژەی کە مرۆڤی نووسەر ھەیەتی کەم دەکردەوە، بۆیە رووم لە کوردئایتی کرد و لێرە بە ھاوکاری ھاوڕێیانی ئێرە و لە پێش ھەموویاندا بەردەقانی بووم بە ئەندام.
دیارە من لە ١٧ ساڵییەوە دەنووسم و بابەتم یەکەم جار لە گۆڤاری سەرماوەزدا بڵام بووەتەوە، دواتریش لەگەڵ ھاوڕێیەکی دەورانی پێشمەرگایەتیمدا فەرھەنگێکی سۆرانی ـ ھەورامیمان نووسیوە، لە گۆڤاری لاوان و ژناندا دەمنووسی. لە چەند ماڵپەڕدا وتارم نەنووسی و ھەموو ئەمانەم لە رۆژی یەکەمەوە بەلاوە ماوە، ھەر بۆیە دەتانم بڵێم ئەم خولیایە ھی پێش ٣٠ ساڵ لەمەوبەرە.
ئەو کاتەی کە فۆنتەکانی کوردئایتی بوون بە یونیکۆد، فۆنتی عەلی ھەبوو، دیلانی ھاوڕێشم فۆنتی دیلانی ھەبوو، منیش ٥٤ فۆنتی سۆرانیم دروست کردبوو، ھەربۆیە دوای دروست کردنی ئەو فۆنتانە لەسەر بنەمای یۆنیکۆد زیاتر رایکێشام بەلای ئەم ژوورەدا. لە ھەمووش گرینتر ئەوە بوو کە راستەخۆ دوای چەند چرکەیەک بابەتەکانی خۆم دەبین و دیسان ھان دەدرامەوە بۆ نووسینی دیکە. بەتایبەتی وەرگێڕانی بابەتی زانستی لە فارسی و سویدییەوە.

زمانی سویدی تا چ ڕادەیەک کاریگەریی ھەبووە لەسەر نووسراوە و بڵاوکراوەکانت؟
حامید دروودی: راستەکەت دەوێ من لەوەتەی لێرەم خوێندوومە، کەم جار بووە چەند ساڵێک لە سەریەک کارێک بکەم و دیسانەوە بام داوەتەوە بۆ قوتابخانە. لە کۆتایی ٨٠کان و دەیەی نەوەدەوە کۆرسی زانستی کومپیۆتەر و پاشان گرافیک و دیزاینم خوێندووە. بەڵام بە دەگمەن نووسینم بە سوید ناردووە بۆ رۆژنامەکان، بێجگە لە رۆژنامەی “بێرگسلاگس پۆستن” نەبێ کە شانۆگەرییەکەم و پێشانگای وێنەکانم (وێنەی ویترای دەکێشمەوە) و وتارێکیش لەسەر مامۆستای شانۆگەرییەکەم و فێربوونی زمانەکەم نەبێ کە لە ھەمان رۆنامەدا بڵاو بوونەتەوە، لە بیرم نایە شتێکم بۆ ئەوان نووسیبێ.
تەنیا کارگەری ئەو زمانە لەسەر نووسینی من ئەوەیە کە وتاری لێ وەردەگێڕمەوە. زۆر جاریش وتاری سیاسی دەکەم بە کوردی و لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکاندا بڵاو دەبێتەوە. وەکی دیکە دەتوانم بڵێم ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نیە، چوونکە ئەمانە ئەرز و ئاسمان جیاوازن. میللەتێکی کەم بەڵام لە زۆر بواردا ناوبانگی جیھانیان ھەیە، بۆ ھەموو شت ناویان ھەیە، ئەگەر نەیانبێ بۆی قەرز دەکەن.

دەتوانیت مەبەستەکەت زیاتر ڕوون بکەیتەوە؟
حامید دروودی: دەتوانم یەک نموونە بێنمەوە: پێشتر لە کۆرسێکی لێخوڕینی مەکینەی قورس و گراندا بووم کە حەوتووی پێش تەواو بوو، بووین بە (ماشینیست) لەوێدا دەبوو خاکناسی و کێشانی رێگاوبان فێر بین. من لەو کاتەوە ناوی چەند خاک و خۆڵم لە سەکۆی کورد ئایتی‌گرووپدا داناوە، تاکوو ئێستا کەس ھاوماناکەیانی بە کوردی نەنووسیوە! لە کاتێکدا من دەزانم ئەوانە چن و بۆ چی دەبن و لە کوێدا بەکار دێن، بەڵام بە کوردی ناویان نیە! بۆیە ئەم دوو زمانە ئەگەر لێک نزیک بوایەن ئەوا سوودێکی زۆر زۆری بە زمانەکەمان دەگەیاند و رەنگە ئەو کات کاریگەری ھەبووایە بەڵام وەک لە پیشدا وتم، بۆ نووسینی وتار ھیچ کاریگەری لەسەر من نەبووە.

ڕوانینت بۆ داھاتووی ئەم گرووپە؟
حامید دروودی: ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داھاتووی ئەم گرووپە بە دی دەکەم، ھیواداریشم ھەر وا بێ.

دوا وتەت لەم پەیڤینەدا …
حامید دروودی: وەڵامی پرسیاری کۆتاییش، ھیوادارم ئەم گرووپە ھەرچێ زیاتر پەرە بگرێ و بەتایبەتی لە نێو کۆمەڵی لاواندا جێگای خۆی بکاتەوە و زیاتر روو لەم مەکۆیەی خۆیان بکەن، چوونکە داھاتوو و ژیانی ئەوانیش پێوەندییەکی راستەخۆی بە ئایتی‌یەوە ھەیە.

لە کۆتاییدا، زۆر سوپاسی کاک حامید دەکەم بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و ھیوای بەردەوامیی و لەش ساخی تەمەنێکی درێژی بۆ دەخوازم.
ئەم فیلمەش چەند ویستگەیەکی ژیانی کاک حامید نیشان دەدات، دیارە ژیانی بەڕێزیان دانەبڕانە لە تێکۆشان و کوردایەتی.

سازدانی: ئاراس نوری

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *