هەر کاتێک چاوگێکی لێکدراومان هەبێت و بمانەوێت گەردانی بکەین، هەموو کاتێک وشەی دوابەشی بەجیا دەنووسین.
چ تێپەڕ بێت وەک:
فڕێدان: فڕێ دەدەم. فڕێم دا. (نەک: فڕێدەدەم. فڕێمدا).
چ تێنەپەڕ بێت، وەک:
تێکچوون: تێک دەچێت. تێک چوو. (نەک: تێکدەچێت. تێکچوو).
گەرمبوون: گەرم دەبێت. گەرم بوو. (نەک: گەرمدەبێت. گەرمبوو).
شینبوون: شین دەبێت. شین بوو. (نەک: شیندەبێت، شینبوو).
لە ڕستەدا دەردەکەوێت باسی ڕووەک دەکەین یان باسی ڕەنگ دەکەین. خۆ دەکرێت زۆر وشە واتای جیاوازیان هەبێت و وەک یەک بنووسرێن. یان ڕوونکردنەوەی باشتر بدرێت، وەک:
ڕووەکەکە شین بوو. ڕەنگی دیوارەکە شین بوو.
***
ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین وشە لێکدراوەکان لە دۆخی چاوگدا پێکەوە گۆ دەکرێن (نانخواردن، شینبوون)، بەڵام لە دۆخی کاردا، گەردانکراودا، وەستانێکی زۆر زۆر کورت لەنێوانیاندا هەیە:
(نان دەخوات، شین دەبێت)، خێرا ناڵێین (ناندەخوات، شیندەبێت). هەر بۆیە بەپێی دەربڕین و سترسی سەر وشەکان، بەجیا دەنووسرێن.
کەوا بێت، ئەگەر چاوگەکە لێکدراو بوو و گەردان بکرێت، هەمیشە دوابەشەکەی جیا بکەینەوە.
بێ ئەوەی پێویست بکات نووسەر بزانێت ئەوە تێپەڕە یان تێنەپەڕە.






