تورکیا وەشانی ubuntu بەزمانی کوردی بە ڕەوا نابینێ

بڵاوبوونەوەی ھەواڵی “سیستەمی کارپێکردنی یوبونتو Ubuntu بەزمانی کوردی” لە ڕۆژنامەی میللییەتی تورکیدا لە ٢١/١١/٢٠٠٦ ـدا، وتووێژی دروست کردووە لە حکومەتی تورکیدا. لەگەڵ ئەوەی کە تورکیا لەھەوڵداندایە بێتە ڕیزی وڵاتانی ئەوروبای ھاوبەش و، چەندین ھەنگاوی ناوە بۆ ئەو مەبەستە، کەچی ھێشتا پەیوەندی کردن بەزمانی کوردی بۆ کوردە ھاونیشتمانییەکانی بە ڕەوا نابینێت و بەئاسایی نایەتە پێش چاوی.

وەشانی یوبونتو بەزمانی کوردی لە بۆنەیەکدا لە ناوچەی “سور Sur” – سەر بەشاری دیاربەکر، لەلایەن Rainer Heider پسپۆڕی ئەڵمانی لەبواری نەرمەکاڵادا ڕاگەیەنرا، لە خوانێکدا کە سەرۆکی شارەوانی ئەو ناوچەیە “عەبوڵا دەمیرباس” سازیدابوو. حکومەتی تورکی بەمکارەی دەمیرباس ناڕەحەتە و ڕاپێچی لێکۆڵینەوەی کردووە.

شایەنی باسە پرۆژەی بەکوردیکردنی سیستەمی کارپێکردنی یوبونتو بەرھەمی کارکردنی سێ ساڵە لەلایەن دەستەیەک کوردەوە، کە بنچینەی کارەکەیان لەسەر سیستەمی Rosetta بۆ وەرگێڕانی نەرمەکاڵای سەرچاوە کراوە دامەزراو بووە.
ھاوکات دامەزرێنەری پرۆژەی یوبوبتو Mark Shuttleworth لەم باسە ئاگادار کراوەتەوە و، بەڵێنیداوە کە بەدوای باسەکەدا بڕوات و ھەوڵی دۆزینەوەی چارەیەک بدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *