www.zkurd.org
ئه‌ندامه‌تی پرۆژه‌كان مه‌کۆ تاقیكاری IT فه‌رهه‌نگی ماڵه‌وه
  zanistperweran



پۆستی ئه‌له‌كترۆنی
(ته‌نها بۆ ئه‌ندامانه‌)
ناو
تێپه‌ڕه‌وشه‌
له‌ لایه‌ن diyako ه‌وه‌، ‌ ڕێكه‌وتی ٢٠٠٤/٤/٢٥    

زاراوه‌سازیی كوردی (٥)

ڕێبازی داتاشین

ڕێبازه‌كانی ڕۆنانی زاراوه‌ی زانستیی كوردی

  1.  ڕێبازی ئاوه‌ڵواتا (المجاز).

  2. ڕێبازی وه‌رگرتن یان كورداندن (الاستعارة).

  3. ڕێبازی وه‌رگێڕان (الترجمة).

  4. ڕێبازی داتاشین (النحت) و بێژه‌ یه‌كه‌مییه‌كان.

  5. ڕێبازی داڕشتن (الاشتقاق).

  6. ڕێبازی لێكدان (التركیب).

  7. ڕێبازی پێوانه‌‌ (القیاس).

 

  • ڕێبازی داتاشین (النحت Coining of words) و بێژه‌ یه‌كه‌مییه‌كان:

  • یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زمان و به‌ڵگه‌یه‌كه‌ بۆ گه‌شه‌كردنی و جۆرێكه‌ له‌ كورتكردنه‌وه‌. بریتییه‌ له‌ دروستكردنی وشه‌یه‌ك له‌ دوو وشه‌ یان زیاتر. به‌ مه‌رجێك گونجانێك له‌ بێژه‌ و مانا له‌ نێوان لێداتاشراو و داتاشراوه‌كه‌دا هه‌بێت. له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێ وشه‌ی نوێتر بئافرێنرێ.

    بۆ نموونه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا به‌ گیانداری وه‌كوو بۆق كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی و نێو ئاودا ده‌ژین ده‌وترێ (برمائی)، كه‌ ئه‌ویش له‌ دوو وشه‌ی (بر = زه‌وی، وشكانی) و (مائی = ئاوی) پێك هاتووه‌ واته‌ (بر + مائی = برمائی). زمانه‌وانانی كوردیش له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ زاراوه‌ی (وشكاوی یان وشكاوه‌كی)یان ئافراند كه‌ له‌ (وشك + ئاوی یان وشك + ئاوه‌كی) پێك هاتووه‌.

    یان له‌ عه‌ره‌بیدا به‌رانبه‌ر به وشه‌ی time-space وشه‌ی (زمكان)یان دانا كه‌ له‌ دوو وشه‌ی (زمان) و (مكان) وه‌رگیراوه‌، كه‌ له‌ كوردیدا كراوه‌ به‌ (كاتشوێن) یان (كاشوێن).

    له‌ زمانی عه‌ره‌بی و فارسیدا به‌رانبه‌ر به دوو‌ وشه‌ی o´clock و hour ته‌نها یه‌ك وشه‌ی (ساعة‌، ساعت) دانراوه‌، كه‌چی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئامێرێكه‌ و كات ده‌ژمێرێ به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌م ئامێر نییه‌ و بۆ ده‌ربڕینی كات به‌كار ده‌برێ. سه‌یری جیاوازییان بكه‌ن: (I came at 2 o´clock) و (I have been here in 2 hours). كورد هاتووه‌ به‌رانبه‌ر به‌ وشه‌ی ‌ o´clock كاتژمێری داناوه كه‌ پێك هاتووه‌ له‌ (كات + ژمێر)‌ و هه‌ر له‌و وشه‌یه‌ش وشه‌ی (كاژێر)ی به‌رانبه‌ر به ‌ hour داتاشیوه‌. ئێسته‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌و ڕستانه‌ بكه‌ینه‌ كوردی وایان لێ دێت: (له‌ كاتژمێری ٢دا هاتم) و (٢ كاژێره‌ لێره‌م).

    چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ڕێبازی داتاشین:

    • auto matism خۆجووڵه، خۆبزوێن‌‌ ـ ذا حركیة.

    • somnambulism خه‌وڕه‌ویی ـ سرنمة.

    • adsorption ڕوومژی، مژڕوویی ـ إدمصاص.

    بێژه‌ یه‌كه‌مییه‌كان:

    هه‌ندێ جار هه‌یه‌ یه‌كه‌م پیته‌كانی چه‌ند وشه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن و پێكه‌وه‌ ده‌یكه‌ن به‌ زاراوه‌یه‌كی نوێ وه‌كوو زاراوه‌ی ڕادار = RADAR كه‌ له‌ یه‌كه‌م پیته‌كانی Radio Detecting And Ranging پێك هاتووه‌.

     

    درێژه‌ی هه‌یه‌

    ------------

    هه‌موو به‌شه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌:

    1 - 2 - 3 - 4 - 5 - 6 - 7 - 8 -

    -------------

    chapi bike


    مافی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ گرووپی زانستپه‌روه‌رانی كورد، بۆ زانیاریی زۆرتر تكایه‌ كرته‌ی ئێره‌ ‌بكه‌
    ©٢٠٠٣-٢٠١٠