www.zkurd.org
ئه‌ندامه‌تی پرۆژه‌كان مه‌کۆ تاقیكاری IT فه‌رهه‌نگی ماڵه‌وه
  zanistperweran



پۆستی ئه‌له‌كترۆنی
(ته‌نها بۆ ئه‌ندامانه‌)
ناو
تێپه‌ڕه‌وشه‌
له‌ لایه‌ن diyako ه‌وه‌، ‌ ڕێكه‌وتی ٢٠٠٤/٥/٩    

زاراوه‌سازیی كوردی (٦)

ڕێبازی داڕشتن

ڕێبازه‌كانی ڕۆنانی زاراوه‌ی زانستیی كوردی

  1.  ڕێبازی ئاوه‌ڵواتا (المجاز).

  2. ڕێبازی وه‌رگرتن یان كورداندن (الاستعارة).

  3. ڕێبازی وه‌رگێڕان (الترجمة).

  4. ڕێبازی داتاشین (النحت) و بێژه‌ یه‌كه‌مییه‌كان.

  5. ڕێبازی داڕشتن (الاشتقاق).

  6. ڕێبازی لێكدان (التركیب).

  7. ڕێبازی پێوانه‌‌ (القیاس).

 

  • ڕێبازی داڕشتن (الاشتقاق derivation):

  • له‌م ڕێبازه‌دا، له‌ وشه‌یه‌ك وشه‌یه‌كی نوێتر داده‌ڕێژرێت. بۆ نموونه‌ له‌ بێژه‌ی زانین، بێژه‌كانی زانیاری، زانست، زانا و زانراو داڕێژراون‌. بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ كاتێ زاراوه‌یه‌كی نوێ داده‌نرێ، زاراوه‌یه‌ك دابنرێ كه‌ بتوانرێ وشه‌ی تری لێ دابڕێژرێ.

    له‌ زمانی كوردیدا به‌ زۆر ڕێگه‌ی جۆربه‌جۆر ده‌توانرێ وشه‌ دابڕێژرێ، بۆ نموونه ده‌كرێ له‌ ناو یان ئاوه‌ڵناوێكی ساده‌ له‌گه‌ڵ پێشگرێك یان پاشگرێك یان هه‌ردووكیان، بێژه‌ی نوێتر بئافرێنرێت (بخوڵقێنرێت). وه‌كوو: (كار + گه‌ = كارگه‌)، یان (سپی + یه‌تی = سپییه‌تی یان سپی + ێتی = سپێتی).

     

    نموونه‌ له‌سه‌ر ناوێكی ساده‌ و پاشگرێك له‌ ڕێبازی داڕشتندا:

    1.  ار، وه‌ك: دیوار، لێوار، زێوار.

    2. اك، وه‌ك: خاشاك، پیتاك، پۆشاك.

    3. اڵ، وه‌ك: مه‌شكاڵ، جۆماڵ، جه‌واڵ.

    4. انه‌، وه‌ك: داهاتانه‌، جه‌ژنانه‌، ئاوانه‌.

    5. ایه‌تی، وه‌ك: كوردایه‌تی، دایكایه‌تی، دۆستایه‌تی.

    6. باز، وه‌ك: كۆترباز، ته‌نافباز، ئاگرباز.

    7. به‌ند، وه‌ك: شووشه‌به‌ند، ته‌لبه‌ند، ناڵبه‌ند.

    8. پۆش، وه‌ك: سه‌رپۆش، باڵاپۆش، ڕووپۆش.

    9. جاڕ، ه‌جاڕ، وه‌ك: نێرگسه‌جاڕ، نه‌وته‌جاڕ، دڕكجاڕ.

    10. چك، وه‌ك: بنچك، قنچك، گورچك.

    11. چكه‌، وه‌ك: گوێچكه‌، پێچكه‌، ڕێچكه‌.

    12. چن، وه‌ك: ئاره‌قچن، كڵاشچن، میوه‌چن.

    13. چه‌، وه‌ك: ناوچه‌، باخچه‌، ده‌ریاچه‌.

    14. دار، وه‌ك: بۆندار، سه‌ردار، باڵدار.

    15. زار، وه‌ك: گوڵزار، لاله‌زار، چه‌مه‌نزار.

    16. زان، وه‌ك: یاریزان، كوردیزان، كارزان.

    17. زانی، وه‌ك: زینده‌وه‌رزانی، زمانزانی، ده‌روونزانی.

    18. ژۆله‌، وه‌ك: كارژۆله‌.

    19. ساز، وه‌ك: زاراوه‌ساز، دانساز، چاوێلكه‌ساز.

    20. ستان، وه‌ك: دارستان، گوڵستان، گۆڕستان.

    21. شكێن، وه‌ك: به‌ردشكێن، سه‌هۆڵشكێن، په‌یمانشكێن.

    22. ك، وه‌ك: ده‌سك، گورچك، گوندك.

    23. كار، وه‌ك: كرێكار، جوانكار، ڕاژه‌كار (server).

    24. كه‌، وه‌ك: بنكه‌، وردكه‌، لووتكه‌.

    25. كه‌ر، وه‌ك: ڕاوكه‌ر، ئیشكه‌ر، نانكه‌ر.

    26. كێش، وه‌ك: باركێش، داركێش، جگه‌ره‌كێش.

    27. گا، وه‌ك: دادگا، ڕێگا، زانستگا.

    28. گار، وه‌ك: یادگار، ڕۆژگار، شه‌وگار.

    29. گر، وه‌ك: ڕێگر، ده‌ریاگر، جێگر.

    30. گره‌، وه‌ك: جلگره‌، بۆریگره‌، ماسیگره‌.

    31. گه‌، وه‌ك: كارگه‌، فێرگه‌، فه‌رمانگه‌.

    32. گه‌ر، وه‌ك: ئاسنگه‌ر، مسگه‌ر، زه‌ڕه‌نگه‌ر.

    33. گیر، وه‌ك: كه‌فگیر، بارگیر، دڵگیر.

    34. گێڕ، وه‌ك: ئاشگێڕ، ئاوگێڕ، مه‌یگێڕ.

    35. له‌، وه‌ك: براله‌، پشیله‌، مێرووله‌.

    36. مه‌ند، وه‌ك: هونه‌رمه‌ند، هۆشمه‌ند، به‌هره‌مه‌ند.

    37. ن، وه‌ك: چڵكن، شه‌رمن، قژن.

    38. نده‌، وه‌ك: باڵنده‌، دڕنده‌، بڕنده‌.

    39. ه‌، وه‌ك: بازنه‌، گه‌رمه‌، ورده‌.

    40. ه‌تی، وه‌ك: خۆشناوه‌تی، جافه‌تی، پیاوه‌تی.

    41. ه‌ك، وه‌ك: په‌سته‌ك، ده‌سته‌ك، كه‌ڵه‌ك.

    42. ه‌كه‌، وه‌ك: كۆڵه‌كه‌، تۆڵه‌كه، مۆته‌كه‌.

    43. ه‌كی، وه‌ك: پێشه‌كه‌ی، سه‌ره‌كی، ده‌ره‌كی.

    44. ه‌مه‌نی، وه‌ك: شیره‌مه‌نی، سارده‌مه‌نی، نووسه‌مه‌نی.

    45. ه‌وا، وه‌ك: پێشه‌وا، نانه‌وا، شیره‌وا.

    46. ه‌وار، وه‌ك: خوێنده‌وار، كۆڵه‌وار، شوێنه‌وار.

    47. ه‌وان، وه‌ك: زمانه‌وان، شاخه‌وان، ئاشه‌وان.

    48. ه‌وانه‌، وه‌ك: ده‌مه‌وانه‌، پووزه‌وانه‌، لووته‌وانه‌.

    49. ه‌وه‌ر، وه‌ك: زینده‌وه‌ر، به‌خته‌وه‌ر، گیانه‌وه‌ر.

    50. ه‌ڵان، ڵان، وه‌ك: قامیشه‌ڵان، به‌رده‌ڵان، خیزه‌ڵان.

    51. وو، وه‌ك: پاشوو، سه‌روو، ڕۆژوو.

    52. وانكه‌، وه‌ك: ملوانكه‌، به‌روانكه‌،

    53. وور، وه‌ك: ده‌ستوور، ڕه‌نجوور، مه‌ستوور.

    54. ووله‌، وه‌ك: مێشووله‌، دانووله‌، موورووله‌.

    55. ڵه‌، وه‌ك: كۆپه‌ڵه‌، مه‌شكه‌ڵه‌‌.

    56. ۆ، وه‌ك: شێرۆ، خاڵۆ، كوردۆ.

    57. ۆچكه‌، وه‌ك: كونۆچكه‌، ماڵۆچكه‌، ژوورۆچكه‌.

    58. ۆك، وه‌ك: تیرۆك، بیژۆك، به‌رۆك.

    59. ۆكه‌، وه‌ك: فڕفڕۆكه‌، خاڵجاڵۆكه‌، مه‌نجه‌ڵۆكه‌.

    60. ۆله‌، وه‌ك: به‌رخۆله‌، مه‌مۆله‌، قاپۆله‌.

    61. ۆڵه‌، وه‌ك: كچۆڵه‌، كیژۆڵه‌، ئاسكۆڵه‌.

    62. ی، وه‌ك: شه‌كه‌تی، شاری، هاری.

    63. یار، وه‌ك: به‌ختیار، كڕیار، جووتیار.

    64. یچه‌، وه‌ك: گۆڕیچه‌، بۆڕیچه‌، ده‌ریچه‌.

    65. یلكه‌، وه‌ك: چاویلكه‌، ساویلكه‌، خانیلكه‌.

    66. یله‌، وه‌ك: گه‌ردیله‌، خڕیله‌، ژووریله (cab)‌.

    67. ین، وه‌ك: به‌فرین، سه‌رین، به‌ردین.

    68. ینه‌، وه‌ك: قووڵینه‌، به‌ردینه‌، دێرینه‌.

    69. یی، وه‌ك: گه‌وره‌یی، كۆیله‌یی، ساویلكه‌یی.

    70. ێتی، وه‌ك: ژنێتی، كچێتی، پیاوێتی (نه‌ك پیاوه‌تی).

    71. ێن، وه‌ك: گه‌ڕێن، سووڕێن، ته‌زێن.

    72. ێنی، وه‌ك: كوڕێنی، كچێنی، بووكێنی.

    ئاوه‌ڵناوی ساده‌ و پاشگرێك:

    1. ایی، وه‌ك: قووڵایی، بارستایی، درێژایی.

    2. ایه‌تی، وه‌ك: كه‌مایه‌تی، زۆرایه‌تی، دۆستایه‌تی.

    3. باو، وه‌ك: سوورباو، سپیباو، شینباو.

    4. كه‌، وه‌ك: پیسكه‌، ڕه‌شكه‌، وردكه‌.

    5. ڵان، ه‌ڵان، وه‌ك: كه‌نده‌ڵان، سه‌وزه‌ڵان، ته‌خته‌ڵان.

    6. ه‌، وه‌ك: جه‌رگه‌، كورته‌، سه‌وزه‌.

    7. ێنه‌، وه‌ك: سپێنه‌، زه‌ردێنه‌، گلێنه‌.

    ڕه‌گی كردار و پاشگرێك:

    1. ڕه‌گی (فڕین) له‌گه‌ڵ پاشگری (ۆكه‌): فڕۆكه‌.

    2. ڕه‌گی (بڕین) له‌گه‌ڵ پاشگری (گه‌): بڕگه‌.

    كرداری داڕێژراو:

    له‌ زمانی كوردیدا كرداری داڕێژراو به‌ یارمه‌تیی پێشگر و پاشگر پێك دێت. هه‌ندێ پێشگر و پاشگر هه‌ن كه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر (كردار)ی ساده‌ و ده‌یكه‌ن به‌ كرداری داڕێژراو:

    پێشگری ساده‌:

    1. دا: ئه‌م پێشگره‌ گه‌لێك مانا ده‌به‌خشێ، به‌ زۆری بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌وخوار پیشان ده‌دات، وه‌ك: دابه‌زین، داگۆڕان، دانیشتن، داكشان، داچۆڕان، داخزین، دابڕین، داماڵین و هتد.

    2. ڕا: گه‌لێ واتای جۆربه‌جۆر پێك دێنێ، وه‌ك: ڕادان (ئاو ڕادان)، ڕاگرتن، ڕاخستن، ڕاپه‌ڕاندن.

    3. هه‌ڵ: ئه‌م پێشگره‌ زیاتر بۆ بزووتنه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌كار ده‌چێ، وه‌ك: هه‌ڵگه‌ڕان، هه‌ڵخستن، هه‌ڵبه‌زین، هه‌ڵكشان.

    4. ڕۆ: بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌وخوار یان ناوه‌وه‌ پیشان ده‌دات، وه‌ك: ڕۆچوون، ڕۆنیشتن.

    5. وه‌ر: مانای پێچكردنه‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی تێدایه‌، وه‌ك: وه‌رگێڕان، وه‌رچه‌رخان، وه‌رسووڕان.

    6. ڕێ: وه‌ك: ڕێخستن، ڕێبڕین، ڕێنواندن.

    7. پێ: وه‌ك: پێگه‌یشتن، پێخستن، پێكوتان.

    8. تێ: وه‌ك: تێوه‌ردان، تێخستن، تێئاخنین.

    9. لێ: وه‌ك: لێخستن، لێخشاندن، لێكه‌وتن.

    پێشگری ناساده‌:

    1. پێدا: وه‌ك: پێدابردن، پێداچوون، پێداگرتن.

    2. پێوه‌: وه‌ك: پێوه‌دان، پێوه‌لكان.

    3. پێك: وه‌ك: پێكهێنان.

    4. تێك: وه‌ك: تێكچوون، تێكشكان، تێكدان.

    5. لێك: وه‌ك: لێكدان، لێكبڕان، لێكخشان.

    پاشگر:

    ئه‌م دوو پاشگره‌ ڕۆڵی گرنگ ده‌بینن و گه‌لێك واتا ده‌گه‌یه‌نن و ده‌یان وشه‌ی نوێ پێك دێنن:

    1. پاشگری (ـ‌ه‌وه‌): پاڵاوتنه‌وه‌، ڕه‌تبوونه‌وه‌، دووپاتكردنه‌وه‌.

    2. پاشگری (ـ‌اندن‌): ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ئه‌م پاشگره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كرداری تێنه‌په‌ڕ (الفعل اللازم intransitive) ده‌گۆڕێ بۆ كرداری تێپه‌ڕ (الفعل المتعدی transitive). واته‌ كاتێ پاشگری(ـ‌اندن‌) ده‌چێته‌ سه‌ر چاوگی تێنه‌په‌ڕ، ده‌یكاته‌ تێپه‌ڕ، وه‌ك: (نووستن) كه‌ تێنه‌په‌ڕه‌ ده‌كاته‌ تێپه‌ڕ: (نواندن = تنویم)، بۆ وێنه‌: نواندنی موگناتیسی (تنویم المغناطیسی hypnosis). كارباندن (كربنة carbonization). نیتراندن (نترنة nitrification).

    بێگومان به‌ كۆمه‌ڵێ شێوه‌ی جۆربه‌جۆری تر ده‌كرێ له‌ وشه‌یه‌كه‌وه‌ وشه‌یه‌كی نوێتر دابڕێژرێ، له‌به‌ر سنوورداربوونی بابه‌ته‌كان ناتوانین باسی هه‌موویان بكه‌ین.

     

    درێژه‌ی هه‌یه‌

    ------------

    هه‌موو به‌شه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌:

    1 - 2 - 3 - 4 - 5 - 6 - 7 - 8 -

    -------------

    chapi bike


    مافی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ گرووپی زانستپه‌روه‌رانی كورد، بۆ زانیاریی زۆرتر تكایه‌ كرته‌ی ئێره‌ ‌بكه‌
    ©٢٠٠٣-٢٠١٠