www.zkurd.org
ئه‌ندامه‌تی پرۆژه‌كان مه‌کۆ تاقیكاری IT فه‌رهه‌نگی ماڵه‌وه
  zanistperweran



پۆستی ئه‌له‌كترۆنی
(ته‌نها بۆ ئه‌ندامانه‌)
ناو
تێپه‌ڕه‌وشه‌
له‌ لایه‌ن huner ه‌وه‌، ‌ ڕێكه‌وتی ٢٠٠٥/١٠/١٦    

درووستكردنی ئامێری مۆسیقا به‌ فلاش

پێشه‌كی:
له‌وانه‌یه‌ زۆر پرۆگرامی باش هه‌بێت كه‌ بتوانیت له‌ڕێی كۆمپیوته‌ره‌وه‌ مۆسیقای پێ بژه‌نیت. به‌ڵام زۆربه‌یان كاتێك كار ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر كارتی ده‌نگی تایبه‌تیت هه‌بێت و له‌گه‌ڵ كارته‌كه‌ پرۆگرامێكی له‌و جۆره‌ت پێشكه‌ش ده‌كات، هه‌ندێك جار له‌ كۆمپیوته‌رێكی تره‌وه ناتوانیت پرۆگرامه‌كه‌ دابمه‌زرێنیت، چونكه‌ ده‌بێت هه‌مان كارتی ده‌نگت هه‌بێت، بۆیه بیرۆكه‌یه‌ک هات به مێشكمدا كه‌ به‌ كۆمپیوته‌ر ئامێرێكی مۆسیقا درووست بكه‌م.
ڕوونكردنه‌وه‌ی درووستكردنی ئه‌م ئامێره ته‌نیا بۆ ئه‌وه نییه كه بتوانیت مۆسیقا بژه‌نیت، به‌ڵكوو چۆنیه‌تیی درووستكردنی و ڕێگای درووستكردنی، وه‌ڵامی هه‌ندێك ئه‌و پرسیارانه‌یه كه‌ زۆربه‌ی به‌كارهێنه‌رانی فلاش لایان ئاڵۆز بووه و به‌م ڕاهێنانه و ئه‌م كارانه‌ی كه لێره ئه‌نجامی ده‌ده‌یت، ده‌توانیت سوودی لێ وه‌رگریت بۆ زۆربه‌ی كاره‌كانی دی كه له فلاش به‌كار ده‌هێنرێن.

ناوه‌ڕۆك:
پێش ئه‌وه‌ی پرۆگرامی فلاش بكه‌یته‌وه، پێویسته كه‌مێك شاره‌زاییت له ده‌نگه‌كانی مۆسیقا هه‌بێت، یان لانی كه‌م كه‌سێك ده‌نگه‌كانت له كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت بۆ تۆمار بكات و ده‌نگه‌كان یان نۆته‌كانت بۆ جیا بكاته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌ت ده‌ست نه‌كه‌وت، من لێره به په‌ڕگه‌یه‌كی زیپ درووستم كردوون، ئه‌توانیت لـــــێــــــــــره دای گریت و بیكه‌یته‌وه.
پاش كردنه‌وه‌ی زیپه‌كه (١٢) په‌ڕگه‌ی ده‌نگت ده‌ست ده‌كه‌وێت.
كاتێك پرۆگرامی فلاش ئه‌كه‌یته‌وه، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ هه‌ر كارێك بكه‌یت، پێویسته هه‌موو ده‌نگه‌كانی دات گرتن یان ئه‌گه‌ر خۆت درووستت كردوون ڕایان كێشیته ناو پرۆگرامی فلاش. ئه‌میش به كرته‌كردن له‌سه‌ر (په‌ڕگه‌ File) و پاشان (بینێره‌ بۆ كتێبخانه‌ Import to Library).




وێنه‌ی - ١ -


په‌نجه‌ره‌یه‌كت بۆ ئه‌كرێته‌وه له‌ڕێی ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه په‌ڕگه‌كان بدۆزه‌ره‌وه. ئه‌توانیت هه‌موو په‌ڕگه‌ی ده‌نگه‌كان به جارێك بهێنیته ناو پرۆگرامه‌كه‌ ئه‌ویش به (‌Ctrl + A)، ئه‌گه‌ر بۆت نه‌كرا، ئه‌توانیت یه‌ك یه‌ك بیانهێنیت.



وێنه‌ی - ٢ -


به هێنانی ده‌نگه‌كان له‌وانه‌یه‌ پرسیارێك بكه‌یت، بۆ هیچ گۆڕانكارییه‌ك ڕووی نه‌دا؟
وه‌ڵام:
ده‌نگه‌كان هاتنه ناو پرۆگرامه‌که‌وه، به‌ڵام ته‌نیا له‌ به‌شی (کتێبخانه ‌Library) دا نران.
ئه‌گه‌ر به‌شی (کتێبخانه ‌Library) نه‌كراوه‌ته‌وه به‌م دوو شێوه‌یه‌ ده‌ر ده‌که‌ون:
(Ctrl + L) یان له به‌شی سه‌ره‌كی كرته له (Windows) بكه و پاشان (کتێبخانه ‌Library)، ئێستا پێویسته هه‌موو په‌ڕگه‌ی ده‌نگه‌كان لێره ببینیت.



وێنه‌ی - ٣ -


ئێستا پێویسته له‌سه‌ر ئه‌و په‌ڕه‌ سپییه‌ی ناو پرۆگرامه‌كه وێنه‌ی دوگمه‌كان درووست بكه‌یت به‌و شێوه‌یه‌ی خۆت ئه‌ته‌وێت، یان وه‌ك ئه‌م وێنه‌یه‌ی لێره ده‌یبینیت.



وێنه‌ی - ٤ -

پاش ئه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ت ته‌واو كرد، یان وێنه‌ی دوگمه‌کانت درووست كرد، پێویسته بۆ هه‌ر وێنه‌ی دوگمه‌یه‌ك به جیا كه ئه‌ته‌وێت بیكه‌یت به دوگمه‌ی ده‌نگ، یه‌ك یه‌ك دیاری بكرێت و له‌ شێوه‌ی وێنه‌وه بیگۆڕیت بۆ دوگمه، به‌م شێوه:
وێنه‌ی دوگمه‌یه‌ک هه‌ڵبژێره
كرته له (F8) بكه، یان له به‌شی سه‌ره‌كی (تێخستن Insert) پاشان (گۆڕین بۆ هێما Convert to Symbol).
په‌نجه‌ره‌یه‌كی بچووكت بۆ ئه‌كرێته‌وه و خۆی ناوێكی بۆ درووست كردوویت، ئه‌توانیت خۆی چۆنه وا به‌جێی بێڵیت، یان خۆت ناوێكی بۆ دانێیت.




وێنه‌ی - ٥ -

له خوارتر ئه‌م سێ هه‌ڵبژارده‌ی بۆ داناویت:

(Movie Clip)
( ئه‌م به‌شه بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌مان (چوارچێوه‌ Frame) كه له‌سه‌ر (کاتهێڵ timeline) دانراوه و له هه‌مان کاتیشدا چه‌ند کارێکی تر بکات.

(Button)
( ئه‌م به‌شه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شێوه‌یه‌ی درووستت كردووه بیكات به دوگمه بۆ ئه‌وه‌ی له شوێنێكه‌وه بچێته شوێنێكی تر، ئیمه‌یل، لێدانی ده‌نگ، كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی ئینته‌رنێت و هتد.)

(Graphic)
( ئه‌م به‌شه‌یان بۆ گۆڕانكاریكردنه له وێنه‌که)

تۆ له‌م په‌نجه‌ره‌یه‌دا پێویسته به‌شی دووه‌م واته (دوگمه Button) هه‌ڵبژێریت و پاشان كرته له (OK) بكه.
وه‌كوو له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێ كرد، پێویسته هه‌موو وێنه‌ی دوگمه‌كان وه‌رگێڕیت بۆ دوگمه، واته دوای ئه‌وه‌ی دوگمه‌ی یه‌كه‌مت ته‌واو كرد، هه‌موو وێنه‌ی دوگمه‌كانی تر به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا ڕوون كرایه‌وه، دووباره‌یان بكه‌یته‌وه.
پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو وێنه‌كانت گۆڕی بۆ دوگمه، ئه‌گه‌ر یه‌ك یه‌ك كرته له هه‌موو دوگمه‌كان بكه‌یت، هێڵێكی باریك به ڕه‌نگی شین به‌ چوارده‌وریان درووست ئه‌بێت. هه‌ر یه‌كێكیان چوارچێوه شینه‌كه‌ی بۆ درووست نه‌بوو، مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و وێنه‌یه‌ت بیر چووه بیگۆڕیت بۆ دوگمه.

ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه كارێك بكه‌ین، كاتێك كرته له‌سه‌ر هه‌ر دوگمه‌یه‌ك بكه‌یت ده‌نگێك بێت.

دوو جار به‌خێرایی كرته له دوگمه‌یه‌ك ده‌که‌یت، پێم باشه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ شێوه‌ی (دۆ - ڕێ - مێ - فا - سۆ - لا - تی) بێت، دوگمه‌ی یه‌که‌م هه‌ڵبژێره. واته دوو جار كرته له دوگمه‌ی یه‌كه‌م له لای چه‌په‌وه بكه.

ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یری (کاتهێڵ timeline) بكه‌یت، وه‌کوو جاران نه‌ماوه و به‌ش به‌ش كراوه به‌ شێوه‌یه‌ك، كه هه‌ر به‌شێك چوار خانه‌ی تێدایه.
ئێمه ته‌نها پێویستمان به چوارخانه‌ی یه‌كه‌م هه‌یه، كه له‌سه‌ر هه‌ر خانه‌یه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ نووسراوه:



وێنه‌ی - ٦ -
 

(Up)
(واته وه‌ک خۆی و هیچ كارێك نه‌كه‌یت به‌و دوگمه، یان مشكه‌كه‌ی لێ نزیك نه‌كه‌یته‌وه).

(Over)
( واته كاتێك مشكه‌که‌ت له‌سه‌ری دا نا بێ ئه‌وه‌ی كرته بكه‌یته سه‌ری).

(Down)
( واته كاتێك كرته‌ت كرده سه‌ری)

(Hit)
( ئه‌مه‌یان بۆ به‌رده‌وامی له‌و كارانه‌ی سه‌ره‌وه‌یه، ئایا به‌رده‌وام بێت یان كارێكی تر بكات یان وه‌کوو جارانی لێ بكاته‌وه).
ئێمه ئه‌مانه‌وێت كاتێك که‌ كرته له دوگمه‌که بكه‌ین ده‌نگی (دۆ) بێت.
له‌به‌ر ئه‌وه له‌سه‌ر (کاتهێڵ timeline) و له خانه‌ی (Down) به ته‌خته‌كلیله‌که یه‌ک جار په‌نجه‌ له‌سه‌ر (F6) دابنێ، یان له به‌شی سه‌ره‌كی كرته له (تێخستن Insert) و پاشان (چوارچێوه‌کلیل Keyframe) بکه‌.
هه‌مان دوگمه له خانه‌ی (Down) درووست بوو.
له به‌شی خواره‌وه‌ی پرۆگرامه‌كه له‌سه‌ر هێڵێك به ڕه‌نگی خاكی له‌سه‌ری نووسراوه (تایبه‌تمه‌ندییه‌كان Properties)، ئه‌گه‌ر هه‌بوو كرته‌یه‌ک له‌سه‌ر هێڵه‌كه بكه، ئه‌گه‌ر نه‌بوو له‌ به‌شی سه‌ره‌كی كرته له (Windows) و پاشان (تایبه‌تمه‌ندییه‌كان Properties) بكه، یان (Ctrl + F3).
له به‌شی (تایبه‌تمه‌ندییه‌كان Properties) چه‌ند هه‌ڵبژارده‌یه‌كمان هه‌یه كه كراون به سێ به‌شه‌وه:

(Frame)
( له‌م به‌شه ئه‌توانیت ناوێك دانێیت بۆ ئه‌و (چوارچێوه ‌Frame)یه‌ كه له‌سه‌ر (کاتهێڵ timeline)ه‌که‌ دا نراوه‌، سوودی بۆ ئه‌وه‌یه‌ له كۆد و به‌شی چالاكییه‌كان به‌كاری بێنیت).

(Tween)
( ئه‌م به‌شه بۆ گۆڕانكاریكردنه به‌ وێنه‌كان چ (Movie Clip) یان (Button) یان (Graphic) بن).

(Sound)
( ئه‌م به‌شه بۆ دانانی ده‌نگ و وه‌ستانی ده‌نگه‌كانه و هه‌ر وه‌ها گۆڕینیان).
ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ به‌شه‌ی كه باسم كردن دیار نه‌بوون، له‌سه‌ر (کاتهێڵ timeline) كرته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و (چوارچێوه‌ Frame)یه‌ بكه كه پێشتر درووستت كرد له‌ خانه‌ی (Down)دا.
ئه‌وه‌ی ئێمه ئێستا لێره پێویستمانه به‌شی ده‌نگه:
له‌ یه‌كه‌م خانه‌ی ده‌نگ كه له ته‌نیشتی نووسراوه (Sound) خۆی (‌None)ی هه‌ڵبژاردووه، ئه‌گه‌ر كرته‌یه‌كی له‌سه‌ر بكه‌یت، هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه ئه‌بینیت، كه پێشتر هێنامانه ناو پرۆگرامه‌كه‌وه.
.



وێنه‌ی - ٧ -
 

(Do) هه‌ڵبژێره
( ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه، كاتێك كرته‌مان كرده سه‌ر دوگمه‌كه، ده‌نگی (Do) بێت).
پاشان له‌سه‌ر (کاتهێڵ timeline) و له خانه‌ی (Hit) ‌جارێكی تر به ته‌خته‌كلیله‌كه‌ت په‌نجه له‌سه‌ر (F6) یان له به‌شی سه‌ره‌كی كرته له (تێخستن Insert) و پاشان (چوارچێوه‌كلیلKeyframe) بكه، تا وێنه‌که دووباره ببێته‌وه.
دیسان له به‌شی (تایبه‌تمه‌ندییه‌كان Properties) و له خانه‌ی ده‌نگ كرته له (None) بكه‌ و هه‌مان (Do) هه‌ڵبژێره‌وه.
له خانه‌ی خوارتر، (Effect) خۆی چۆنه وازی لێ بێنه.
له خوارتر، خانه‌ی (Sync) خۆی (Event) ی ده‌ستنیشان كردووه، كرته‌یه‌كی له‌سه‌ر بكه‌ و (Stop) هه‌ڵبژێره.
( ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه كاتێك مشكه‌که‌ت له‌سه‌ر دوگمه‌كه لا برد، ده‌نگی (Do) بوه‌ستێت).



وێنه‌ی - ٨ -

تا ئێره كاری دوگمه‌ی یه‌که‌م كه - دۆ - بوو ته‌واو بوو. ئه‌توانیت پێش به‌رده‌وامبوونت تاقی بكه‌یته‌وه و بزانیت كاره‌كه‌ت سه‌ركه‌وتوو بووه یان نا، ئه‌ویش به:
 ته‌خته‌كلیله‌كه‌ت (Ctrl + Enter) ، یان له به‌شی سه‌ره‌کی له‌سه‌ر (Control) و پاشان (Test Movie) كرته بكه.

داگرتن:
ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ت سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، دووباره‌ ئه‌و به‌شانه‌ی سه‌ره‌وه به جوانی بخوێنه‌ره‌وه و بزانه له كوێ هه‌ڵه‌ت كردووه.
ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ت سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ هه‌مان شێوه دوگمه بۆ هه‌موو دوگمه‌كانی تر دابنێ.
بۆ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک ئه‌توانیت به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م پـــــــــــــه‌ڕگـــــــــــه‌یـــــــه‌ بكه‌یت و بزانیت هه‌ڵه‌که‌ت چییه.

هیوادارم هه‌ر كه‌سێك ڕاهێنانی له‌سه‌ر ئه‌كات به تێگه‌ییشتنه‌وه‌ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت په‌ره‌ی پێ بدات.
نموونه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو:
داگـــــــــرتـــــــــــــــــــــــــن                                  بیـــــــــــــــــــــنیـــــــــــــن

chapi bike

پێداچوونه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی ڕێنووس، له‌سه‌ر بنه‌مای (ڕێنووسی یه‌كگرتووی زمانی كوردی): دیاكۆ.‌


مافی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ گرووپی زانستپه‌روه‌رانی كورد، بۆ زانیاریی زۆرتر تكایه‌ كرته‌ی ئێره‌ ‌بكه‌
©٢٠٠٣-٢٠١٠