www.zkurd.org
ئه‌ندامه‌تی پرۆژه‌كان مه‌کۆ تاقیكاری IT فه‌رهه‌نگی ماڵه‌وه
  zanistperweran



پۆستی ئه‌له‌كترۆنی
(ته‌نها بۆ ئه‌ندامانه‌)
ناو
تێپه‌ڕه‌وشه‌
له‌ لایه‌ن Dillshad ه‌وه‌، ‌ ڕێكه‌وتی ٢٠٠٦/٤/٢٣    

نیشاندانی نووسراوه‌كانی ناو بنكه‌ی دراوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كۆدێ بزانی له‌سه‌ر په‌ڕه‌یه‌كی (ASP)‌


ناوه‌ڕۆكی ئه‌م وتاره‌
پێشه‌كی
ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌
به‌شی یه‌كه‌م
به‌شی دووه‌م
پوخته‌ی ئه‌م بابه‌ته‌


پێشه‌كی
پێشه‌كی:
بیرم دێ زوو به‌ڵێنم ‌دا كه‌ بابه‌تێ بنووسین ده‌رباره‌ی چۆنێتیی خوێندنه‌وه (نیشاندانی) نووسراوه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی ناو بنكه‌ی دراوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ هیچ شاره‌زاییی هه‌بێ له‌ (ASP). ئه‌مه‌ بابه‌ته‌كه‌یه‌ كه به‌ڵێنم دابوو. لێره‌دا ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌كاری دێنین بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌مان دوو به‌رنامه‌ی (FrontPage) و (Microsoft Access)ه. ئێمه‌ پێشتر بابه‌تێكمان نووسی ده‌رباره‌ی چۆنیتیی پاشه‌كه‌وتكردنی نووسراوه‌ له‌ بنكه‌ی دراوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤ خۆی هیچ كۆدێ بنووسێ‌، ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتوو ئه‌و نووسراوانه‌ی كه‌ خۆمان پاشه‌كه‌وتمان كردن بتوانین بیانخوێنینه‌وه له‌سه‌ر په‌ڕه‌یه‌كی (ASP). من دڵنیام كاری ئه‌م جاره‌ش زۆر ئاسان و خۆشه‌، به‌تایبه‌ت كه ئێمه‌ وێنه‌گه‌لێكی زۆر به‌كار دێنین. به‌ڵام بیرمان نه‌چێ كه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌بێ له‌سه‌ر (ڕاژه‌كار server)ێ ئه‌نجام بدرێ كه پشتیوانی له‌ (ASP) بكات و بتوانین ماڵپه‌ڕه‌كه‌مان به‌ به‌رنامه‌ی (FrontPage) بكه‌ینه‌وه‌.


ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌
بۆ ئه‌وه‌ی كاراسانی بكه‌ین، كاری ئه‌م جاره‌مان ده‌كه‌ینه‌ دوو به‌ش. به‌شی یه‌كه‌م‌ بریتی ده‌بێ له‌ دروستكردنی (بنكه‌ی دراوه Database)، به‌رنامه‌ی (Microsoft Access) به‌كار د‌ێنین. به‌شی دووه‌م بریتی ده‌بێ له‌ به‌ستنه‌وه‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ به‌ په‌ڕه‌یه‌كی (ASP)، بۆ ئه‌وه‌ی نووسراوه‌‌كانی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ بخوێنینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش به‌رنامه‌ی (Microsoft FrontPage) به‌كار دێنین.

به‌شی یه‌كه‌م
ئێمه‌ بنكه‌یه‌كی دراوه‌مان ده‌وێ له‌ژێر ناوی (Endamekan.mdb) پاشه‌كه‌وتی ده‌كه‌ین، خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ش له‌ژێر ناوی (Zkurd) پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ین. ژماره‌ی خانه‌كانی ناو خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ش (٣) خانه‌ن‌، ئه‌وانیش ئه‌و‌ تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی خواره‌وه‌یان هه‌یه‌:
خانه‌ی یه‌كه‌م‌: ناوی خانه (ID)، جۆری (دراوه Data)‌ ده‌كه‌ین به (AutoNumber).
خانه‌ی دووه‌م: ناوی خانه (Naw)، جۆری دراوه‌ ده‌كه‌ین به (ده‌ق Text).
خانه‌ی سێ: ناوی خانه (Email), جۆری دراوه‌ ده‌كه‌ین به (ده‌ق Text).
له‌ دوای دروستكردنی خانه‌‌كان، بنكه‌ی دراوه‌كه‌ له‌ژێر ناوی (Endamekan.mdb) و‌ خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ له‌ژێر ناوی (Zkurd)، پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ین. ئێستا كرداری دروستكردنی بنكه‌ی دراوه‌ كۆتاییی هات. ئێمه‌ هه‌ندێ ناو ده‌نووسین بۆ ئه‌وه‌ی خانه‌كان به‌تاڵ نه‌بن، تۆش هه‌ندێ ناو له‌ ناو خانه‌كانی خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ بنووسه، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر ئه‌و ناوانه‌ له‌ په‌ڕه‌یه‌كی (ASP) له‌سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ نیشان بدرێن‌.
ئێستا بنكه‌ی دراوه‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌. به‌ گواستنه‌وه‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ بۆ سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ كۆتایی به‌ به‌شی یه‌كه‌می كاره‌كه‌مان دێ.
سه‌رنج: ئێمه‌ بنكه‌ی دراوه‌كه‌مان هه‌یه‌ بۆ داگرتن ئه‌گه‌ر ده‌خوازیت،
ئێره‌ كرته‌ بكه‌.

به‌شی دووه‌م
له‌ به‌شی دووه‌می كاره‌كه‌شمان كه‌ به‌رنامه‌ی (FrontPage) به‌كار دێنین، به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كه‌ین. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ بكه‌ین ده‌مه‌وێ دووباره‌ بڵێم: ئه‌م كاره‌ ده‌بێ له‌ سه‌ر ڕاژه‌كارێ ئه‌نجام بدرێ.
ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ی له‌سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ هه‌مانه‌‌ به‌ به‌رنامه‌ی (FrontPage) ده‌یكه‌ینه‌وه‌. سه‌ره‌تا بۆ كردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كه‌ین:
(١) سه‌ره‌تا (ده‌ستپێك Start) كرته‌ ده‌كه‌ین.
(٢) پاشان (به‌رنامه ‌Program) كرته‌ ده‌كه‌ین.
(٣) دوو جار كرته‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی (FrontPage) بكه‌، پاشان به‌رنامه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌.
(٤) له‌ دوای كردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌ ئێستا ده‌مانه‌وێ‌ ماڵپه‌ڕی سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ش (په‌ڕگه File) كرته‌ ده‌كه‌ین‌ له‌ لیسته‌كانی به‌شی سه‌ره‌وه‌. پاشان نووسراوه: (Open Site)، ئه‌وه‌ كرته‌ ده‌كه‌ین. وه‌ك ئه‌م وێنه‌یه:


www.zkurd.org


پاشان تۆ ده‌توانیت ناونیشانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت بنووسیت، له‌و شوێنه‌ی كه‌ نووسراوه: (ناوی ماڵپه‌ڕ Site name)، پاشان (Open) كرته‌ بكه‌. له‌ دوای ئه‌نجامدانی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕاژه‌كارێكی ڕاستی به‌كار بێنیت ئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ داوای ناوی به‌كارهێنه‌ر و وشه‌ی تێپه‌ڕبوون (Username and Password) بكا.
(٥) ئێستا له‌ دوای كردنه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ به (FrontPage) په‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ دروست ده‌كه‌ین و ‌ به‌ بنكه‌ی دراوه‌كه‌ی ده‌به‌ستینه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ش له‌ لیسته‌كانی سه‌ره‌وه په‌ڕگه كرته‌ ده‌كه‌ین و دواتر (نوێ New) كرته‌ ده‌كه‌ین.
(٧) ئه‌و په‌ڕه‌ نوێیه‌ له‌ژێر ناوی (Endamekan.asp) پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌‌ین. بۆ پاشه‌كه‌وتكردنیش، په‌ڕگه و‌ پاشان (پاشه‌كه‌وت وه‌ك Save as) كرته‌ بكه‌.

(٨) له‌ دوای پاشه‌كه‌وتكردنی په‌ڕه‌كه‌ ئێستا له‌ لیسته‌كانی سه‌ره‌وه (Insert)، پاشان (Database) و دواتر (Results) كرته‌ ده‌كه‌ین وه‌ك ئه‌م وێنه‌یه‌.


www.zkurd.org

(٩) له‌ خاڵێ نۆدا په‌نجه‌ره‌یه‌كمان بۆ ده‌كرێته‌وه‌، ئێمه‌ لێره‌دا (ASP) نیشانه‌ ده‌كه‌ین. دواتر له‌ خواره‌وه‌ نووسراوه: (Use a new database conncetion), ئێمه‌ ئه‌وه‌یان نیشان ده‌كه‌ین و پاشان (ئافراندن Create) كرته‌ ده‌كه‌ین. وه‌ك ئه‌م وێنه‌ی خواره‌وه‌ ده‌كه‌ین:


www.zkurd.org


(١٠) ئێستا (Add) كرته‌ ده‌كه‌ین و دواتر په‌نجه‌ره‌یه‌كی بچووك ده‌كرێته‌وه‌، له‌وێدا ستاندارد ناوێ بۆ بنكه‌ی دراوه‌كه‌ ده‌نووسرێ، به‌ڵام خۆت ده‌توانیت ناوه‌كه‌ی بگۆڕیت، ئه‌گه‌ر ده‌خوازیت، ئه‌گه‌رنا مه‌رج نییه. ئێمه (File or Folder in Current website) نیشانه‌ ده‌كه‌ین و‌ پاشان كرته له‌سه‌ر (Brows) ده‌كه‌ین. ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بنكه‌ی دراوه‌كه‌ بدۆزینه‌وه‌، نیشانه‌ی بكه‌ین و پاشان (OK) كرته‌ ده‌كه‌ین, دواتر دووباره (OK) كرته‌ ده‌كه‌ین.
(١١) ئێستا شوێنی بنكه‌ی دراوه‌كه‌شمـان دیاری كرد، ئه‌گه‌ر هات و هێمای پرسیار (?) له‌ ته‌نیشت بنكه‌ی دراوه‌كه‌‌ هه‌بوو ئه‌وه (Verify) كرته‌ بكه‌، هێمایه‌كه‌ ده‌گۆڕدرێ. پاشان (OK) كرته‌ بكه‌.
(١٢) له‌ دوای ئه‌نجامدای خاڵی (١١), كرداری دیاریكردنی شوێنی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ كۆتاییی دێ، ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه (Next) كرته‌ بكه‌ین. وه‌ك ئه‌م وێنه‌یه‌:


www.zkurd.org


(١٣) دواتر (Record Source), نیشانه‌ كراوه‌، ئه‌گه‌ر نا نیشانه‌ی بكه. ‌ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ت كردبێ ئه‌وه‌ خشته‌یێ به‌نای (Zkurd) دیاره‌، پاشان (Next) كرته‌ده‌كه‌ین.
(١٤) ئێستا دوای ئه‌نجامدانی خاڵی (١٣) ئه‌و خانانه‌ی كه‌ نووسراوه‌كانیان تێدا پاشه‌كه‌وت كراوه‌ دیارن، ئه‌گه‌ر ویستمان خانه‌یه‌ك‌ لابه‌ین، ئه‌وه (Edit list) كرته‌ ده‌كه‌ین پاشان ئه‌و خانه‌ی خۆمان ده‌مانه‌وێ لای به‌ین نیشانه‌ی ده‌كه‌ین، دواتر (Remove) كرته‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام من پێشنیار ده‌كه‌م كه‌‌ تۆ هیچ خانه‌یه‌ك لا‌ نه‌به‌یت، ته‌نها (Next) كرته‌ ده‌كه‌ین.
(١٥) ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه دیاری بكه‌ین ئاخۆ چۆنمان ده‌وێ نووسراوه‌كانی ناو خانه‌كان پیشان بدرێن، ئێمه‌ هه‌ر شێوه‌ پێشنیاركراوه‌كه‌ی خۆی به‌كار دێنین كه‌ نووسراوه: (Table- one record per row), پاشان هه‌ر سێ خانه‌كانی خواریش نیشانه‌ كراون، ئه‌گه‌ر نیشانه‌ نه‌كراون نیشانه‌یان ده‌كه‌ین پاشان (Next) كرته‌ ده‌كه‌ین.
(١٦)لێره‌دا له‌ خاڵی شازده‌ ده‌كرێ خۆمان دیاری بكه‌ین، ئاخۆ چه‌ند خانه‌ له‌ یه‌ك په‌ڕه‌دا پیشان بدرێن. یان ده‌كرێ هه‌موو خانه‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ یه‌ك په‌ڕه‌دا نیشان بدرێن. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ هه‌موو نووسراوه‌ی ناو خانه‌كان له‌ یه‌ك په‌ڕه‌دا نیشان بدرێن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، (Display all records together ) نیشانه ده‌كه‌ین و دواتر كرته‌ له‌سه‌ر (Finish) ده‌كه‌ین.
(١٧) ئێستا دووباره‌ په‌ڕه‌كه‌ پاشه‌كه‌وت بكه‌وه. پاشان دواتر په‌ڕه‌كه‌ تاقی بكه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ڵجار سه‌ركه‌وتوو نه‌بویت دووباره‌ ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌‌ ئه‌نجام بده‌وه‌.

پوخته‌ی ئه‌م بابه‌ته‌
بابه‌تی ئه‌م جاره‌ ده‌رباره‌ی چۆنێتیی نیشاندانی نووسراوه ‌پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان و به‌ستنه‌وه‌ی بنكه‌ی دراوه‌ به‌ په‌ڕه‌یه‌كی (ASP) بوو. ئێمه‌ سه‌ره‌تا هه‌ستاوین به‌ دروستكردنی بنكه‌یه‌كی دراوه‌ هه‌ندێ ناومان له‌ بنكه‌ی دراوه‌كه‌ نووسین و پاشان بنكه‌ی دراوه‌كه‌مان له‌ژێر ناوی (Endamekan.mdb) وه‌ خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌شمان له‌ژێر ناوی (Zkurd) پاشه‌كه‌وت كرد. دواتر ئێمه‌ په‌ڕه‌یه‌‌كی (ASP)مان دروست كرد و‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره‌ كۆدێ بنووسین توانیمان نووسراوه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی ناو خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌‌كه‌ نیشان بدرێن، له‌ په‌ڕه‌یه‌كی (ASP) له‌سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌.


chapi bike

پێداچوونه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی ڕێنووس، له‌سه‌ر بنه‌مای (ڕێنووسی یه‌كگرتووی زمانی كوردی): دیاكۆ.‌


مافی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ گرووپی زانستپه‌روه‌رانی كورد، بۆ زانیاریی زۆرتر تكایه‌ كرته‌ی ئێره‌ ‌بكه‌
©٢٠٠٣-٢٠١٠