www.zkurd.org
ئه‌ندامه‌تی پرۆژه‌كان مه‌کۆ تاقیكاری IT فه‌رهه‌نگی ماڵه‌وه
  zanistperweran



پۆستی ئه‌له‌كترۆنی
(ته‌نها بۆ ئه‌ندامانه‌)
ناو
تێپه‌ڕه‌وشه‌
له‌ لایه‌ن Dillshad ه‌وه‌، ‌ ڕێكه‌وتی ٢٠٠٦/٥/١٤    

كاركردن به‌ كات، به‌كارهێنانی ته‌كنیكی (ASP)


ناوه‌ڕۆكی ئه‌م وتاره‌
پێشه‌كی:
واتای ئه‌م وشانه‌ی خواره‌وه‌:
چۆنێتیی به‌كارهێنانیان:
چۆنێتیی به‌كارهێنانی (DatePart) به‌ كورتی:
پوخته‌ی ئه‌م بابه‌ته‌:

پێشه‌كی:
(ASP) كۆمه‌ڵێ ئه‌رك، فرمانی دیاریكراوی (نه‌خشه Function)ی هه‌یه‌ بۆ كاركردن به‌ كات، ڕۆژ، ساڵ و مانگ. بابه‌تی ئه‌م جاره‌ش ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌ماشای هه‌ندێ له‌ فرمانه‌ دیاریكراوه‌كانی (ASP) بكه‌ین كه‌ بۆ كاركردن به‌ كات به‌كار دێن. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێین (Date) واته‌ ڕێكه‌وتی ڕۆژ و مانگ. پێش هه‌موو شتێ هه‌ندێ وشه‌ی گرنگ هه‌یه كه‌ پێویستیمان به‌ تێگه‌یشتن له‌ ماناكانیان‌ ده‌بێ، سه‌ره‌تا ئه‌و وشانه‌ وه‌رده‌گێڕین بۆ زمانی كوردی، دواتر له‌ خواره‌وه‌ درێژه‌ به‌ بابه‌ته‌كه‌مان ده‌ده‌ین، به‌ نموونه‌وه‌ باسیان ده‌كه‌ین. پێش ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و بابه‌ته‌ بێنین كورته‌یه‌كیش ده‌رباره‌ی فرمانی دیاریكراو، یان بڵێین (نه‌خشه ‌ Function)ی (DatePart) باس ده‌كه‌ین.

واتای ئه‌م وشانه‌ی خواره‌وه‌:
بۆ وشه‌ی (Date) ده‌نووسین ڕێكه‌وت.
بۆ وشه‌ی (Now) ده‌نووسین ئێستا، واته‌ كاتی ئێستا.
بۆ وشه‌ی (Time) ده‌نووسین كاتژمێر.
بۆ وشه‌ی (Day) ده‌نووسین ڕۆژ
بۆ وشه‌ی (Hour) ده‌نووسین كاژێر (سه‌عات)
بۆ وشه‌ی (Week) ده‌نووسین هه‌فته‌.
بۆ وشه‌ی (Month) ده‌نووسین مانگ.
بۆ وشه‌ی (Year) ده‌نووسین ساڵ.
ئه‌وه‌ وشه‌كان بوون، حه‌ز ده‌كه‌م بلێم كه‌ كۆمه‌ڵه‌ فه‌رهه‌نگێكم به‌كار هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باشترین وشه‌ی گونجاو بۆ ئه‌و وشه‌ ئینگلیزییانه‌ بنووسم، له‌وانه‌ فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی خۆمان (زانستپه‌روه‌ران).

چۆنێتیی به‌كارهێنانیان:
ئه‌گه‌ر بخوازین ڕێكه‌وت، واته‌ ساڵ و مانگ و ڕۆژ بزانین ئه‌وه‌ ته‌نها به‌ هۆی نووسینی (Date) ده‌توانین ئه‌و كاره‌ بكه‌ین. به‌و شێوه‌یه‌ به‌كاری دێنین وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ به‌كار هاتووه له‌ نموونه‌ی یه‌كه‌مدا:
نموونه‌ی (١):


<%Response.Write(Date())%>

كه‌واته‌ لێره‌دا ئه‌نجامێك ده‌نووسرێ،‌ بۆ نموونه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێ (11.01.2006)، واته‌ ئه‌وه‌ڵ جار (ساڵ Year) دواتر (مانگ Month) و پاشان (ڕۆژ Day) ده‌نووسرێ.
نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌مان نیشان ده‌‌دا كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی (()Date) ده‌توانین (ڕێكه‌وت Date) بنووسین. به‌ڵام ئێستا ته‌ماشای وشه‌ی (Now) بكه‌ین كه‌ واتاكه‌ی نووسراوه‌ ده‌بێت به‌ (ئێستا)، كاتی ئێستا. هه‌مان نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ین به‌ نموونه‌ی دووه‌م، به‌ڵام (()Date) ده‌گۆڕین بۆ (()Now).

نموونه‌ی (٢):


<%Response.Write(Now())%>

نموونه‌ی (٢)، ئێستا ئه‌گه‌ر بێت و له‌ په‌ڕه‌یه‌كی (ASP) له‌سه‌ر ڕاژه‌كارێ تاقیی بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی كاتژمێر، خوله‌ك و چركه، هه‌‌روه‌ها ڕێكه‌وتیش ده‌نووسرێ، واته ئه‌نجامی نموونه‌ی (٢) به‌و شێوه‌یه‌ ده‌نووسرێ: (2006-01-11 20:32:52). ئێستا به ‌هه‌مان ده‌ستووری سه‌ره‌وه‌ له‌ نموونه‌ی (٣) له‌ خواره‌وه‌ له‌ جیاتیی (()Now) ده‌نووسین (()Time), با بزانین ئه‌م جاره‌یان چی ده‌نووسرێ.

نموونه‌ی (٣):


<%Response.Write(Time())%>

باشه‌ ئێستا ئێمه‌ ده‌زانین كه (Time) واتا (كاتژمێر) كه‌واته‌ بێگومان ئه‌نجامی نموونه‌ی (٣) كات ده‌نووسرێ به‌و شێوه‌یه‌، (20:41:16)، واته‌ ئه‌وه‌ڵ چركه‌ پاشان خوله‌ك‌، دواتر كاژێره‌كه‌ ده‌نووسرێ.

ئێستا با (ڕۆژ Day) تاقی بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌مان نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌ بێنین و پاشان (Day) له‌ جیاتیی (Time) بنووسین بێگومان ڕاژه‌كاره‌كه‌ وه‌ڵام ناداته‌وه‌، لێره‌دا ئه‌گه‌ر شتێكی وا بكه‌ین ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. كه‌واته‌ ئێمه‌ چی بكه‌ین؟ ئێمه‌ ده‌زانین كه (Day) واته‌ ڕۆژ به‌ كوردی، به‌ڵام ڕۆژی چی؟ وه‌ڵام: ڕۆژێ له‌ ڕۆژه‌كانی هه‌فته‌، شه‌ممه‌، یه‌كشه‌ممه‌، دووشه‌ممه‌، سێشه‌ممه‌، چوارشه‌ممه‌، پێنجشه‌ممه‌، هه‌ینی. (٧) ڕۆژمان هه‌یه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا. كه‌واته‌ ئێمه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان له (Day)، ناوی ڕۆژێكه‌ له‌ ڕۆژه‌كانی هه‌فته‌. پێویسته‌ بزانین كه ڕۆژی یه‌كه‌می هه‌فته‌ لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ یه‌كشه‌ممه‌یه‌‌، ڕۆژی دووه‌م واته‌ دووشه‌ممه‌، ڕۆژی سێیه‌می هه‌فته‌ واته‌ سێشه‌ممه و‌‌ هتد. بۆیه‌ پێویسته‌ به‌و شێوه‌یه‌ بنووسرێ وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ له‌ نموونه‌ی (٤) نوســــراوه‌:

نموونه‌ی (٤):


<%Response.Write(WeekDayName(1))%>

ئێستا ئه‌گه‌ر نموونه‌ی چوار له‌ سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌مان تاقی بكه‌ینه‌و‌ه‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌نووسرێ (یه‌كشه‌ممه‌)، وه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ش وتمان كه‌ ڕۆژی (١) واته‌ یه‌كشه‌ممه‌، هه‌ر بۆیه‌ش ژماره‌ی (١) به‌كار براوه‌. پێویسته‌ ئاماژه‌ بكه‌ین كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی (WeekDayName) به‌ڕاژه‌كاره‌كه‌ ده‌ڵێین،‌ (ناوی ڕۆژی یه‌كه‌می هه‌فته‌مان ده‌وێ). ئێستا ئه‌گه‌ر ژماره‌ (١) كه‌ له‌ نموونه‌ی چوار به‌كارهاتووه‌ بگۆڕین بۆ ژماره‌ی (٤) ئه‌وه‌ بێگومان ده‌نووسرێ چوارشه‌ممه‌.

له‌ خواره‌وه‌ له‌ نموونه‌یه‌كی تردا ئه‌م جاره‌یان له‌ جیاتیی ناوی ڕۆژه‌كه‌ ناوی مانگه‌كه‌مان ده‌وێ.
بۆ ئه‌وه‌ش ته‌ماشای نموونه‌ی (٥) ده‌كه‌ین:
نموونه‌ی (٥):


<%Response.Write(MonthName(1))%>

هه‌موومان ده‌زانین مانگه‌كان ژماره‌یان (١٢) دانه‌یه‌، زۆربه‌ی جاران ئێمه‌ ناوی مانگه‌كان به‌ مانگی یه‌ك، مانگی دوو، مانگی سێ، مانگی چوار و هتد، ناو ده‌به‌ین. له‌ نموونه‌ی (٥)دا ئێمه‌ به‌ ڕاژه‌كاره‌كه‌ د‌ه‌ڵێین كه‌ ناوی مانگی (١)مان ده‌وێ. كه‌واته‌ بێگومان لێره‌دا مانگی یه‌كه‌م كه‌ ده‌بێته‌ (به‌فرانبار)، بۆیه‌ ئه‌نجامه‌كه‌شی ده‌نووسرێ (به‌فرانبار)، ئه‌گه‌ر له‌ جیاتی ژماره (١) بنووسین (٢)، ئه‌و كات بێگومان ڕاژه‌كاره‌كه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌، ده‌نووسرێ: (ڕێبه‌ندان). لێره‌دا له‌وانه‌یه‌ پرسیار بكه‌ی: ئاخۆ ئه‌گه‌ر نه‌زانین مانگی چه‌نده‌، واته ئه‌گه‌ر‌ نه‌زانین مانگی یه‌كه‌مه‌‌، به‌ڵام ده‌خوازین له‌ ئه‌نجامدا ناوی ئه‌و‌ مانگه‌ بنووسرێ كه‌ ئێستا تێیداین، بۆیه‌ لێره‌دا ده‌كرێ له‌ جیاتی ژماره‌ (١)، واته‌ له‌ باتی ئه‌وه‌ی بنووسین مانگی یه‌ك ده‌نووسین ((Month(Date), ئه‌و كاتیش به‌و شێوه‌‌ی لێ دێ:


<%Response.Write(MonthName(Month(Date)))%>

له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و مانگه‌ ده‌نووسرێ كه‌‌ ئێمه‌ ئێستا تێیداین.


چۆنێتیی به‌كارهێنانی (DatePart) به‌ كورتی:
له‌ كاتی به‌رنامه‌كردندا له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ جار پێویست بێ بزانین ئێستا مانگی چه‌نده‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ماڵپه‌ڕێكمان هه‌بێ، بمانهه‌وێ هه‌ر مانگێ وێنه‌یه‌ك بێته‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ پێویست بێ بزانین مانگی چه‌نده‌، دیاریی بكه‌ین كه‌ بۆ نموونه‌ له‌ نه‌ورۆزدا ده‌مانه‌وێ وێنه‌ی‌ به‌هار، وێنه‌ی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ی بێته‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه، یان له‌وانه‌یه‌ له‌ مانگی ڕه‌شه‌مه‌دا بمانهه‌وێ شتێ تر بێته‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌‌. جا لێره‌دا به‌هۆی به‌كارهێنانی (DatePart) ده‌توانین ئه‌م كاره‌ بكه‌ین. كه‌واته‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی (DatePart) د‌ه‌توانین بزانین ئاخۆ ساڵی چه‌نده‌، مانگی چه‌نده‌، ڕۆژی چه‌نده‌‌می ساڵه‌، چونكه‌ بیرمان نه‌چێ له‌ یه‌ك ساڵدا (٣٦٥) ڕۆژ هه‌یه‌.

هه‌ندێ كۆد، یان ڕوونتر بڵێین هه‌ندێ نرخی دیاریكراو هه‌ن به‌كار ده‌هێنرێن. ئێستا له‌ خواره‌وه‌ نموونه‌یه‌ك ده‌نووسین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چۆنێتیی به‌كارهێنانی (DatePart) بگه‌ین.

نموونه‌ی (٦):


<% Response.Write(DatePart("m", Date())) %>

ئێستا ئه‌گه‌ر نموونه‌ی (٦) له‌ سه‌ر ڕاژه‌كاره‌كه‌ تاقی بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ ئێستا مانگی چه‌ندی ئه‌م ساڵه‌یه‌، واتا‌ چه‌نده‌مین مانگی ساڵه‌‌. نموونه‌ی (٦) چۆنێتیی به‌كارهێنانی (DatePart) نیشان ده‌دات له‌ ڕسته‌دا. ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بزانین ئه‌وه‌یه كه‌ هه‌ندێ نرخ به‌كار ده‌برێن، بۆ نموونه (m) به‌كارهاتووه‌ بۆ مانگ. ئێستا له‌ خواره‌وه‌ ئه‌و نرخانه‌ ده‌نووسین:
بۆ (مانگ Month) نرخی (m) به‌كار ده‌برێ.
بۆ (ساڵ Year) نرخی (yyyy) به‌كار ده‌برێ.
بۆ (كاژێر Hour) نرخی (h) به‌كار ده‌برێ.
بۆ (خوله‌ك Minute) نرخی (n) به‌كار ده‌برێ.
بۆ (ڕۆژ له‌ ساڵدا) نرخی (y) به‌كار ده‌برێ.
بۆ (چركه Second) نرخی (s) به‌كار ده‌برێ.
بۆ ڕۆژه‌كانی (هه‌فته Week) نرخی (w) به‌كار ده‌برێ.
بۆ هه‌فته‌كانی ساڵ نرخی (ww) به‌كار ده‌برێ.
ئه‌وه‌ هه‌ندێ بوون له‌ نرخه‌كان، كه‌واته‌ ئێستا ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ بزانین هه‌فته‌ی چه‌نده‌می ساڵه‌ ئه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كه‌ین، نموونه‌ی (٦) ده‌نووسینه‌وه‌، له‌ جیاتی (m) ده‌نووسین (ww)، ئه‌و كات ژماره‌یه‌ك ده‌نووسرێ، كه‌ ئه‌ویش پێمان ده‌ڵێ هه‌فته‌ی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و ساڵه‌یه‌‌. به‌و شێوه‌یه:



<% Response.Write(DatePart("ww", Date())) %>

یان به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ كه‌ جیاوازییان نییه‌:


<% = DatePart("ww", Date()) %>


پوخته‌ی ئه‌م بابه‌ته‌:
(ASP) كۆمه‌ڵێ فرمانی دیاریكراوی هه‌یه‌ كه‌ بۆ كاركردن به‌ (كات) به‌كار ده‌برێن. بابه‌تی ئه‌م جاره‌ش ده‌رباره‌ی چۆنێتیی كاركردن بوو به‌ كات. ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ بۆ نموونه‌ خه‌ڵكی به‌هۆی ته‌ماشاكردنی ماڵپه‌ڕه‌كه‌مانه‌وه‌ بزانن كاتژمێر چه‌نده،‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێ ته‌نها به‌ نووسینی (Time) له‌ ڕسته‌دا ئه‌و كاره ‌بكه‌ین. له تاقیكردنه‌وه‌ی‌‌ یه‌كه‌می (ASP)، له‌ بیرمه‌ یه‌كێ له‌ پرسیاره‌كان، ده‌رباره‌ی كات بوو، له‌وێدا (Time) له‌ ڕسته‌دا به‌كار هاتبوو، به‌ڵام له‌ جیاتیی ئه‌وه‌ی بنووسن (Time) نووسرابوو (Tim)‌ واته‌ پیتی (e) نه‌نووسرابوو. پرسیاره‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ كرابوو: ( هه‌ڵه‌كان بدۆزه‌ره‌وه‌ و وه‌ڵامی ڕاستیشیان بۆ دابنێ!‌), هه‌ندێ هه‌ڵه‌ی تریش هه‌بوون، به‌ڵام من هه‌ر ئه‌وه‌یانم باس كرد. مه‌به‌ست لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ به‌وردی ته‌ماشای هه‌ندێ شت بكه‌ین كه‌ خۆمان له‌وانه‌یه‌ زۆر به‌ گرنگی نه‌زانین. له‌ كاتی نووسینی به‌رنامه‌دا زۆر جاران له‌وانه‌یه‌ بخوازرێ كه‌ مرۆڤ ئاگاداری هه‌ندێ له‌و شتانه ‌بێ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كردن، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك بنووسین كه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ و وێنه‌یه‌ك نیشان بدرێ له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌دا ئه‌وه‌ ئاسانتر ده‌‌بێ ئه‌گه‌ر شاره‌زاییمان له‌ چۆنێتیی ڕسته‌كاری هه‌بێ بۆ دیاریكردنی ڕۆژه‌كان. له‌ داهاتوودا ئه‌گه‌ر كات هه‌بوو، ئه‌وه‌ به‌رنامه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌نووسین.



chapi bike

پێداچوونه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی ڕێنووس، له‌سه‌ر بنه‌مای (ڕێنووسی یه‌كگرتووی زمانی كوردی): دیاكۆ.‌


مافی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ گرووپی زانستپه‌روه‌رانی كورد، بۆ زانیاریی زۆرتر تكایه‌ كرته‌ی ئێره‌ ‌بكه‌
©٢٠٠٣-٢٠١٠