www.zkurd.org
ئه‌ندامه‌تی پرۆژه‌كان مه‌کۆ تاقیكاری IT فه‌رهه‌نگی ماڵه‌وه
  zanistperweran



پۆستی ئه‌له‌كترۆنی
(ته‌نها بۆ ئه‌ندامانه‌)
ناو
تێپه‌ڕه‌وشه‌
له‌ لایه‌ن Dillshad ه‌وه‌، ‌ ڕێكه‌وتی ٢٠٠٦/٥/٢٨    

دانانی مه‌رج بۆ هێنانی دراوه‌ له‌ بنكه‌ی دراوه‌، ئه‌ی ئێس پی‌


ناوه‌ڕۆكی ئه‌م وتاره‌
پێشه‌كی:
به‌كارهێنانی (Top 5) له‌ كاتی هێنانی دراوه‌ له‌ بنكه‌ی دراوه:
نووسینی مه‌رج، (Where) له‌ كاتی هێنانی دراوه‌ له‌ بنكه‌ی دراوه:
كورته‌ی بابه‌ته‌که‌:


پێشه‌كی:
له‌ بابه‌ته‌تاكانی پێشتردا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی باسی چۆنێتیی به‌ستنه‌وه‌ی (بنكه‌ی دراوه Database)‌ به‌ په‌ڕه‌یه‌كی ئه‌ی ئێس پی كرا. باسی چۆنێتیی هێنان و پاشه‌كه‌وتكردن و سڕینه‌وه‌ی نووسراوه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان له‌ بنكه‌ی دراوه كرا. له‌ بابه‌تی ئه‌م جاره‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ چۆن ده‌توانین ته‌نها ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له‌ نووسینه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی ناو بنكه‌ی دراوه له‌ په‌ڕه‌یه‌كی ئه‌ی ئێس پی بنووسرێن‌.

به‌ مه‌به‌ستی كاراسانیكردن بۆ تێگه‌یشتن له‌م بابه‌‌ته‌، ئێمه‌ وه‌ك نموونه‌، ده‌ڵێین بنكه‌یه‌كی دراوه‌مان هه‌یه‌، ‌ناوی بنكه‌ی دراوه‌كه (Binke.mdb)یه‌، ناوی (خشته‌ Table)ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ش (Xishte)یه‌، پاشان ئێمه‌ (٢) خانه‌شمان له‌ ناو خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ هه‌یه‌ به‌ ناوه‌كانی (ID) و (Naw).

به‌كارهێنانی (Top 5) له‌ كاتی هێنانی دراوه‌ له‌ بنكه‌ی دراوه:
به‌هۆی به‌كارهێنانی (Top 5 )، ده‌توانین دیاری بكه‌ین، كه‌ ئێمه‌ ته‌نها (٥) نووسراوه‌مان ده‌وێن ‌كه له‌سه‌ر په‌ڕه‌یه‌كی ئه‌ی ئێس پی بنووسرێن، هه‌روه‌ها‌ نووسراوه‌كان‌ له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ بهێنرێن. هه‌ڵبه‌ت له‌وێدا كه‌ نووسراوه‌ ژماره‌ی (٥)، ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ته‌نها بۆ نموونه‌ نووسراوه،‌ ده‌كرێ ژماره‌یه‌كی تر بنووسرێ.
بیرمان نه‌چێ، بۆ به‌ستنه‌وه‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ به‌ په‌ڕه‌یه‌كی ئه‌ی ئێس پی، به‌و شێوه‌یه‌مان ده‌كرد. وه‌ك ئه‌م كۆده‌ی خواره‌وه‌ كه‌ له‌وێدا سه‌رجه‌م نووسراوه‌ پاشه‌كه‌وت كراوه‌كان، ته‌نها له‌ یه‌ك په‌ڕه‌دا ده‌نووسران.



<%
Set X = Server.CreateObject("ADODB.Connection")
X.Open "DRIVER={Microsoft Access Driver (*.mdb)};
DBQ=" & Server.MapPath("Binke.mdb")
Set R = Server.CreateObject("ADODB.Recordset")
L = "SELECT Xishte.Naw From Xishte"
R.Open L, X,1,2
%>


له‌و كۆده‌ی سه‌ره‌وه‌دا‌ وه‌ك ده‌بینرێ نووسراوه: (SELECT Xishte.Naw From Xishte)، لێره‌دا هیچ شتێ دیاری نه‌كراوه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئاخۆ چه‌ند له‌ نووسراوه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان بنووسرێن له‌ په‌ڕه‌كه‌دا. بۆیه‌ سه‌رجه‌م نووسراوه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان ده‌نووسرێن‌، واته‌ هه‌موو ئه‌و نووسراوه‌ پاشه‌كه‌وتكراوانه‌ی ناو خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌ له‌ په‌ڕه‌كه‌دا ده‌نووسرێن. به‌ڵام لێره‌دا ده‌كرێ دیاری بكه‌ین كه‌ ته‌نها ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له‌ نووسراوه‌كان له‌سه‌ر په‌ڕه‌كه‌ بنووسرێن، ‌هه‌روها‌ ئه‌و نووسراوا‌نه‌ بنووسرێن‌ كه‌ تازه‌تر نووسراون له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌كرێ لێره‌دا له‌ جیاتیی ئه‌وه‌ی بنووسین: (SELECT Xishte.Naw From Xishte) ده‌كرێ به‌و شێوه‌یه‌ بنووسرێ: (SELECT Top 5 Xishte.Naw From Xishte)، كه‌واته‌ لێره‌دا ئێستا دیاری كراوه‌ كه‌ ته‌نها (٥) دانه‌ نووسراوه‌مان ده‌وێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌ڕه‌كه‌دا بنووسرێن‌. سه‌رجه‌م كۆده‌كه‌ به‌و شێوه‌ ده‌نووسرێ:



<%
Set X = Server.CreateObject("ADODB.Connection")
X.Open "DRIVER={Microsoft Access Driver (*.mdb)};
DBQ=" & Server.MapPath("Binke.mdb")
Set R = Server.CreateObject("ADODB.Recordset")
L = "SELECT Top 5 Xishte.Naw From Xishte"
R.Open L, X,1,2
%>


نووسینی مه‌رج، (Where) له‌ كاتی هێنانی دراوه‌ له‌ بنكه‌ی دراوه:
هه‌ندێ جار پێویست ده‌كا ته‌نها نووسراوه‌یه‌كی دیاریكراو له‌ په‌ڕه‌كه‌دا بنووسرێ، ئه‌و كات له‌ جیاتیی ئه‌وه‌ی بنووسین (Top 5) ده‌كرێ مه‌رجێك بنووسین. لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ دیاریكردنی نووسراوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌ په‌ڕه‌كه‌دا بنووسرێ‌. به ‌هۆی به‌كارهێنانی (Where)، نووسینی مه‌رجێك ده‌توانین ئه‌م كاره‌ بكه‌ین، به‌و شێوازه:



(SELECT * From Xishte Where ID = 12)


كه‌واته‌ لێره‌دا ئێستا مه‌رجێك هه‌یه‌ هه‌موو نووسراوه‌كان له‌سه‌ر په‌ڕه‌كه‌ نانووسرێن‌، به‌ڵكوو ته‌نها ئه‌و نووسراوانه‌ ده‌نووسرێن‌ كه‌ (ئای‌دی) له‌وێدا یه‌كسانه به‌ ژماره‌ی (١٢)، وه‌ك ئه‌م نموونه‌یه‌ی خواره‌وه:



<%
Set X = Server.CreateObject("ADODB.Connection")
X.Open "DRIVER={Microsoft Access Driver (*.mdb)};
DBQ=" & Server.MapPath("Binke.mdb‌")
Set R = Server.CreateObject("ADODB.Recordset")
L = "SELECT Xishte.Naw From Xishte Where ID = 12"
R.Open L, X,1,2
%>



له‌و كۆده‌ی سه‌ره‌وه‌دا‌، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ له‌و شوێنه‌ی (ID) یه‌كسانه‌ به‌ ژماره‌ی (١٢)، ئه‌وه‌ نووسراوه‌كه‌ ده‌نووسرێ، ئه‌گه‌ر نه‌بوو ئه‌وه‌ بێگومان هیچ نانووسرێ. كه‌واته‌ لێره‌دا ته‌نها ئه‌و نووسراوانه‌ له‌سه‌ر په‌ڕه‌كه‌ ده‌نووسرێن كه‌ مه‌رجه‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌.

كورته‌ی بابه‌ته‌که‌:
هه‌ندێ جار پێویست ده‌كا نووسراوه‌كانی ناو بنكه‌ی دراوه‌كه‌ هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ یه‌ك په‌ڕه‌دا‌ نه‌نووسرێن‌، بۆیه گرنگه‌ بزانین ئاخۆ چۆن ده‌توانین ته‌نها ژماره‌یه‌كی دیاریكراو‌ له‌ نووسراوه‌كان له‌ په‌ڕه‌كه‌دا بنووسرێن، جا ئێمه‌ به‌ چه‌ند شێوازێكی جۆراوجۆر ده‌توانین ئه‌م كاره ‌بكه‌ین. له‌ سه‌ره‌وه (Top 5 ) به‌كار هێنرا، گوتمان كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌توانین ژماره‌یه‌كی دیاریكراو، (٥) نووسراوه‌ له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه،‌ له‌سه‌ر په‌ڕه‌یه‌كی ئه‌ی ئێس پی بنووسرێ. ئه‌وه‌ی لێره‌دا تازه‌ بوو ته‌نها (Top 5)ه كه‌ ژماره‌ی (٥) ده‌كرێ بگۆڕدرێ، به‌ڵام جێگای خۆیه‌تی ئاگادار بین كه ژماره‌ی سفر (٠) نه‌نووسین. ئه‌گه‌ر كارێكی وا بكه‌ین هیچ له‌ نووسراوه‌كانی ناو خشته‌ی بنكه‌ی دراوه‌كه‌‌ له په‌ڕه‌كه‌دا نانووسرێن.

پاشان ئێمه‌ باسی شتێ ترمان كرد، كه‌ ئه‌گه‌ر بخوازین ڕوونتر نووسراوه‌ی خانه‌یه‌كی دیاریكراو له‌سه‌ر په‌ڕه‌كه‌ بنووسرێ،‌ ده‌كرێ به نووسینی مه‌رج، له‌و شوێنه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌ینووسین، ئه‌م كاره‌ بكه‌ین، هه‌ركات مه‌رجه‌كه‌‌ هاته ‌دی، ئه‌و نووسراوه‌‌ی ئێمه‌ دیاریمان كردووه‌ له‌سه‌ر په‌ڕه‌كه‌ بنووسرێ. ئێمه‌‌ گوتمان به‌ هۆی به‌كارهێنانی (Where)، له‌و شوێنه‌ی كه‌ مه‌رجه‌كان دێنه‌ دی. له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ به‌و شێوازه‌مان نووسی.


SELECT * From Xishte Where ID = 12

كه‌واته‌ ئیدی لێره‌دا ئاشكرایه‌ كه‌ نووسراوه‌ی ئه‌و خانه‌، له‌و شوێنه‌ی (ID) یه‌كسانه‌ به‌ ژماره (١٢) له‌سه‌ر په‌ڕه‌كه‌ ده‌نووسرێ.



chapi bike

پێداچوونه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی ڕێنووس، له‌سه‌ر بنه‌مای (ڕێنووسی یه‌كگرتووی زمانی كوردی): دیاكۆ.‌


مافی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ گرووپی زانستپه‌روه‌رانی كورد، بۆ زانیاریی زۆرتر تكایه‌ كرته‌ی ئێره‌ ‌بكه‌
©٢٠٠٣-٢٠١٠