www.zkurd.org
ئه‌ندامه‌تی پرۆژه‌كان مه‌کۆ تاقیكاری IT فه‌رهه‌نگی ماڵه‌وه
  zanistperweran



پۆستی ئه‌له‌كترۆنی
(ته‌نها بۆ ئه‌ندامانه‌)
ناو
تێپه‌ڕه‌وشه‌
له‌ لایه‌ن Dastan ه‌وه‌، ‌ ڕێكه‌وتی ٢٠٠٨/٢/٣    

ته‌لیسکۆبه‌کان


ناوه‌ڕۆكی ئه‌م وتاره‌
پێشه‌کی
پوخته‌



پێشه‌کی
له‌ سه‌ره‌تاکاندا سه‌یرکردن و بینینی ئه‌ستێره‌کان و دیمه‌نه‌ گه‌ردوونییه‌کان ته‌نها به‌ چاوی ئاسایی بوو. پاشان مرۆڤ توانیی ته‌لیسكۆبی ساده‌ به‌کار بهێنێت. دواتر ئه‌م ته‌لیسكۆبانه‌ په‌ره‌یان سه‌ند و دوای پێشکه‌وتن، ته‌لیسكۆبی زۆر زه‌به‌لاح دروست کرا. ده‌توانین به‌شیان بکه‌ین بۆ چوار به‌شی سه‌ر‌ه‌کی:

١- ته‌لیسكۆبی چاوی: پشت ده‌به‌ستێت به‌ ته‌ماشاکردن به‌ چاو. وه‌ له‌ ناودارترینی ...

أ‌) ته‌لیسكۆبی چیای پالۆمار له ‌کالیفۆرنیا، له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا. درێژیی تیره‌ی هاوێنه‌که‌ی (5) مه‌تره‌. ده‌توانێت سه‌یری هه‌ر دیمه‌نێک بکات له‌ گه‌ردوون به‌ توانایه‌ک که‌ 750000 جار له‌ چاوی مرۆڤ گه‌وره‌تره‌.

www.zkurd.org
ته‌لیسكۆبی پالۆمار له‌ کالیفۆرنیا

ب‌) ته‌لیسكۆبی چیای سیمرۆد له‌ چیاکانی قه‌فقاس، له‌ یه‌کگرتووی سۆڤیه‌تی پێشوو. درێژیی تیره‌ی هاوێنه‌که‌ی (6) مه‌تره‌. کێشی 70 تۆنه‌. وه‌ ده‌توانێت سه‌یری هه‌ر دیمه‌نێک له‌ گه‌ردوون بکات به‌ توانایه‌ک که‌ 1000000 جار له‌ چاوی ئاساییی مرۆڤ گه‌وره‌تره‌.

مرۆڤ به‌هۆی ئه‌م دوو ته‌لیسكۆبه‌ زه‌به‌لاحه‌ ده‌توانێ بازنه‌یه‌ک سه‌یر بکات له‌ گه‌ردوون که‌ نیوه‌تیره‌که‌ی یه‌ک میلیارد و نیو ساڵی ڕووناکییه‌.

٢- ته‌لیسكۆبی فۆتۆگرافی

ته‌ماشاکردن به‌هۆی ته‌لیسكۆبی چاوی، زۆر ئه‌سته‌مه‌ بۆ ته‌ماشاكردنی ئه‌و ته‌نه‌ ئاسمانییانه‌ی كه‌ زۆر دوورن و ڕووناكییه‌كانیان تا ده‌گاته‌ زه‌وی‌، زۆر بێهێز ده‌بێ، چوونكه‌ له‌ڕاده‌به‌ده‌ر دوورن. بۆیه‌ ته‌لیسكۆبی چاوی ناتوانێت به‌وردی چاودێرییان بکات. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه چاودێرێک داهێنرا که‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌توانێت وێنه‌ی فۆتۆگرافیی دوور و درێژ بگرێت، ده‌توانێت ڕووناکی تۆمار بکات هه‌رچه‌نده‌ بێهێز بێت. وه‌ به‌هۆی ئه‌م جۆره‌ ته‌لیسكۆبه‌ (ته‌له‌سكۆبی فۆتۆگرافی) مرۆڤ توانیی سه‌یری بازنه‌یه‌ک بکات له‌ گه‌ردوون که‌ نیوه‌تیره‌که‌ی 7 میلیارد ساڵی ڕووناکییه‌.

٣- ته‌لیسكۆبه‌ مانگه‌ ده‌ستکرده‌کان و که‌شتییه‌ ئاسمانییه‌کان

له‌ هه‌ندێک له‌ مانگه‌ ده‌ستکرده‌کان و که‌شتییه‌ ئاسمانییه‌کان که‌شتیوانی ئاسمانی هه‌یه‌ و له‌ هه‌ندێکیشیاندا نییه‌. وه‌ ته‌لیسكۆبه‌ بارکراوه‌کانی سه‌ر مانگه‌ ده‌ستکرده‌کان و که‌شتییه‌ ئاسمانییه‌کان زانیارییه‌کی ئێجگار زۆر و گرنگیان پێشکه‌ش کردووه‌ له‌م گه‌ردوونه‌ سه‌رسوڕ‌هێنه‌ره‌.‌ ئاشکرایه‌ ئه‌م ته‌لیسكۆبانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌رگه‌هه‌وای زه‌ویدا كار ده‌كه‌ن. له‌ ناودارترینی ئه‌م ته‌لیسكۆبانه‌ ...

١- ته‌لیسكۆبی (هابڵ)ی ئه‌مریکیی بارکراو له‌سه‌ر که‌شتیی ئاسمانی. به‌ناوی زانای ئه‌سترۆنۆمی هابڵ کراوه‌. زانیارییه‌کی ئێجگار زۆر و گرنگی پێشکه‌ش کردووه‌. چه‌ند کۆمه‌ڵه‌ خۆری (Solar System)ی دیکه‌ی دۆزییه‌وه‌ له‌ ده‌وری ئه‌ستێره‌ی تر له‌و‌ کاکێشانه‌‌ی كه‌ کۆمه‌ڵه‌ی خۆریی خۆمانی تێدایه‌ (Milky Way Galaxy).


www.zkurd.org
ته‌لیسکۆبی بۆشاییی هابڵ

٢- دوو که‌شتییه‌ سۆڤیه‌تییه‌که‌‌ (پێش ڕووخانی یه‌کگرتووی سۆڤیه‌تی)، ڤیرا 9 و ڤیرا 10. ئه‌م دوو که‌شتییه‌ ئاسمانییه‌ زانیاریی زۆر گرنگیان تۆمار کرد له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی (ڤینۆس - زهرة).
٣- وێستگه‌ی بۆشاییی گه‌ردوونیی ئه‌مریکی، مارنیر، مارس، ڤیکونگ. ئه‌م وێستگانه‌ زانیاریی زۆر گرنگیان له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مارس نارد بۆ سه‌ر زه‌وی.
٤- که‌شتیی (ڤۆیاگیر 2) له‌ ڕێکه‌وتی ٢٠ی ئابی ١٩٧٧ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌رچوو و ناردرا و له‌ کۆتایییه‌کانی ئابی ١٩٨٩ گه‌یشته‌ هه‌ساره‌ی نیپتۆن. زانیارییه‌کی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر گرنگ و زۆری بۆ سه‌ر زه‌وی نارد ده‌رباره‌ی هه‌ساره‌ی موشته‌ری، زوحه‌ل، ئۆرانۆس، نیپتۆن. که‌ چه‌ند ساڵێکی زۆری پێویسته‌ ته‌نها بۆ پشکنینی وێنه‌ ناردراوه‌کان له‌لایه‌ن ئه‌م که‌شتییه‌وه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی شتی نوێ لێیان.


www.zkurd.org
که‌شتیی ڤۆیاگیر 2


پوخته‌
ئه‌م ته‌لیسكۆبه‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر زه‌به‌لاح و وردبینانه‌ چه‌ند دیمه‌نێکی زۆریان پێشکه‌ش کرد، که‌ له‌ کاکێشان، ئه‌ستێره‌، هه‌ساره‌، گازه‌ گه‌ردوونییه‌کان، تۆز و خۆڵه‌ گه‌ردوونییه‌کان (غبار کونی) ... هتدیان تێدایه‌. زانیارییه‌کی زۆریان پێشکه‌ش به‌ ئاده‌میزاد کرد ده‌رباره‌ی هه‌ساره‌کان و نهێنییه‌کانیان و نهێنییه‌ گه‌ردوونییه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌کان که‌ به‌چاوی ئاساییی مرۆڤ ئه‌سته‌م بوو خایاڵیشی بۆ بچێت، له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ و فراوانبوونی گه‌ردوون به‌و شێوه‌ گه‌وره‌ و بێسنووره‌، دوای ئه‌م و دوای ئه‌و و ئه‌وی تریش چی ده‌بێت؟ کۆتایییه‌که‌ی چییه‌، هه‌یه‌تی؟ به‌ڵام ئه‌م ته‌لیسكۆبانه‌ نه‌یانتوانی له‌ پێکهاته‌ی ناوه‌کی و هێزی کێشکردن (Gravity) و خێراییی جووڵه‌ و چڕیی ئه‌ستێره‌کان و هه‌ساره‌کان و هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌م شێوه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندیدارن‌ به‌ کاکێشانه‌کان و ئه‌ستێره‌کان و هه‌ساره‌کان و نه‌یازکه‌کان پێشکه‌ش به‌ زانا گه‌ردوونییه‌کان بکات که‌ زۆر پێویستن بزانرێن.

زیره‌کیی مرۆڤ نه‌وه‌ستا له‌ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ک‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ پێشتر به‌ده‌ستی نه‌ده‌گه‌یشتن به‌هۆیه‌وه‌ به‌ده‌ستی بهێنێت هه‌رچه‌نده‌ دووریش بن. بۆیه‌ مرۆڤ "ڕوانگه‌ی ئه‌ستێره‌وانی" (مطیاف فلکی – Astronomical Observatory)ی داهێنا. ئه‌م ئامێره‌ له‌گه‌ڵ ته‌لیسکۆبه‌کان به‌گشتی و ته‌لیسکۆبه‌ چاوییه‌کان به‌تایبه‌تی داده‌نرێت. ئه‌وه‌ش جۆری چواره‌می ته‌لیسکۆبه‌کانه‌.


سه‌رچاوه‌کان:
موسوعة اسرار الکون، اعداد، رجا عبدالحمید عرابی.
به‌سته‌ری تایبه‌ت به‌ ته‌لیسکۆبی پالۆمار. http://www.astro.caltech.edu/palomar
به‌سته‌ری‌ ته‌لیسکۆبی هابڵ. http://hubble.nasa.gov
به‌سته‌ری تایبه‌ت به‌ ویستگه‌ی ڤۆیاگیر. http://voyager.jpl.nasa.gov



chapi bike

پێداچوونه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی ڕێنووس، له‌سه‌ر بنه‌مای (ڕێنووسی یه‌كگرتووی زمانی كوردی): دیاكۆ.‌


مافی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ گرووپی زانستپه‌روه‌رانی كورد، بۆ زانیاریی زۆرتر تكایه‌ كرته‌ی ئێره‌ ‌بكه‌
©٢٠٠٣-٢٠١٠