www.zkurd.org
ئه‌ندامه‌تی پرۆژه‌كان مه‌کۆ تاقیكاری IT فه‌رهه‌نگی ماڵه‌وه
  zanistperweran



پۆستی ئه‌له‌كترۆنی
(ته‌نها بۆ ئه‌ندامانه‌)
ناو
تێپه‌ڕه‌وشه‌
له‌ لایه‌ن diyako ه‌وه‌، ‌ ڕێكه‌وتی ٢٠٠٣/٧/١٠    



گه‌ردوون

خۆر ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره و مه‌زنه. به‌ ده‌وری خۆردا ٩ (هه‌سارە planet) ده‌سووڕێنه‌وه. به‌ ده‌وری هه‌ر كام له‌م هه‌سارانەدا یه‌ک یان گەلێک مانگ ده‌سووڕێنه‌وه‌.
ئه‌مانه سه‌رجه‌م پێیان ده‌وترێ (کۆمەڵەی خۆری Solar System).

(کۆمەڵەی خۆری Solar System)


"کۆمه‌ڵه‌ی خۆری" به‌شێکی زۆر زۆر زۆر بچووکه له کۆمه‌ڵێ ئه‌ستێره‌ی تر که پێیان ده‌وترێ (کاکێشان، کادز، گەلەستێرە Glaxy). وشەی "کاکێشان" لە کوردیدا (کادز)یشی پێ دەوترێت.
له (بۆشایی space)دا "گه‌له‌ستێره" زۆر هه‌یه. وا ده‌خه‌مڵێنرێ که پتر له ١٧٠ میلیارد "گه‌له‌ستێره" لە "بۆشاییی بینراو"دا هه‌بێ.
ئه‌و "گه‌له‌ستێره"یه‌ی که "کۆمه‌ڵه‌ی خۆری"ی تێدایه ناوی (ڕێگای شیری Milky Way)یە.
واته "کۆمه‌ڵه‌ی خۆری" به‌شێک له گه‌له‌ستێره‌یه‌که به ناوی "ڕێگای شیری".
زاراوه‌ی "ڕێگای شیری" له بنه‌ڕه‌تدا له یۆنانیی کۆن وه‌رگیراوه. یۆنانییه‌‌کانی سه‌رده‌می دێرین له شه‌ودا ترووسکه هێڵێکی شیریڕه‌نگیان له‌ باشووری ئاسماندا به‌دی کرد و پێیان وا بوو که لەلایه‌ن (هێرا) خواژنی یۆنانییه‌کان له‌وێ به‌دی هاتبوو. پێیان وا بوو کاتێ (‌هێرا) خه‌ریک بوو شیری به (هرکوول Heracles) ده‌دا تۆزێک شیری مه‌مکی ڕژابووه سه‌ر ئاسمان و ئه‌مه "ڕێگای شیری"ی به‌دی هێنابوو.
زۆر وڵات هه‌ر ئێستاکه‌ش ئه‌و زاراوه وه‌رده‌گێڕنه سه‌ر زمانه‌که‌یان و به‌کاری دەهێنن، به‌ڵام هه‌ندێ وڵاتیش زاراوه‌ی تایبه‌تمه‌ندی خۆیانیان بۆی هه‌یه، وه‌کوو وڵاتی سوید.

"ڕێگای شیری" پێک هاتووه له پتر له 100 میلیارد ئه‌ستێره و تا ڕاده‌یه‌ک شێوه‌که‌ی وه‌ک بازنه‌یه‌که که (تیرە diameter)کەی نزیکه‌ی 100.000 (ساڵی ڕووناکی light year)یە.
ڕووناکی له چرکه‌یه‌کدا 300.000 کیلۆمیتر ڕێگا ده‌بڕێ. ئه‌و ڕێگایه‌ی له یه‌ک ساڵدا ده‌یبڕێ پێی ده‌وترێ "ساڵێکی ڕووناکی".
واته بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی له‌م په‌ڕی "ڕێگای شیری" بچیته ئه‌و په‌ڕی، ده‌بێ به خێراییی ڕووناکی100.000 ساڵ ڕێ ببڕی. (تۆ بڵێی خه‌یاڵیش بتوانێ ئه‌و ڕێگه‌یه ببڕێ؟).

(گه‌له‌ستێره‌یه‌ک)

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه خۆمان له ناو گه‌له‌ستێره‌ی "ڕێگای شیری"داین، ناکرێ له دووره‌وه وێنه‌یه‌کی ئه‌م "گه‌له‌ستێره‌"یه‌مان هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌و وێنه‌یه‌ که له سه‌ره‌وه ده‌یبینن وێنه‌ی یه‌کێک له نزیکترین گه‌له‌ستێره‌کانی دراوسێمانه به ناوی (Andromeda) و زۆر شێوه‌که‌ی له "ڕێگای شیری" ده‌چێ و ده‌کرێ له ڕووی ئه‌وه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک دیاری بکرێ که ئێمه له کوێی "ڕێگای شیری"داین.
ئه‌و گه‌له‌ستێره‌یه زۆر له ئێمه دوور نییه ته‌نها 2.3 میلیۆن "ساڵی ڕووناکی" له ئێمه‌وه دووره.

وه‌ک وتمان لەو بەشەی لە "بۆشایی"دا کە پێی دەوترێ "بۆشاییی بینراو" پتر له ١٧٠ میلیارد "گه‌له‌ستێره" (کاکێشان) هه‌یه، ئه‌مانه سه‌رجه‌م (گەردوون Universe) پێک دەهێنن.

chapi bike


مافی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ بۆ گرووپی زانستپه‌روه‌رانی كورد، بۆ زانیاریی زۆرتر تكایه‌ كرته‌ی ئێره‌ ‌بكه‌
©٢٠٠٣-٢٠١٠